هەرچەندە ساڵی (2020) بە پەتای كۆرۆناوە پەیوەست كرا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوتی داهێنانە زانستییەكان لە هەموو بوارەكاندا هەر لە پێشكەوتندا بوو.
دەستكەوتەكان لە بواری ڕووبەرووبونەوەی پەتای كۆڤید – 19
دوای ئەوەی لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی (2020) دا چین بە ڕەسمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێی ڕاگەیاند، كە بە (كۆڤید – 19) ناسرا، چونكە لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی (2019) دا بۆ یەكەم جار لە شاری وهانی چین سەریهەڵداو دواتر بە جیهاندا بڵاو بوویەوەو بووە هۆی ئەوەی هەموو جیهان بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە بناڵێنێت و لە ماوەی نزیكەی ساڵێكدا زیاتر لەیەك ملیۆن كەس بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداو تا ئێستاش زیاتر لە (70) ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون، جگە لەوەش ڤایرۆسەكە جیهانی تووشی چەندین زیانی ماددی قورس كردەوە، ئەمانە هیچی نەبوونە ڕێگر لەبەردەم زانایانی بواری ڤایرۆلۆژی و كۆمپانیا گەورەكانی بواری دەرمان و بە تایبەتیش ڤاكسینەكان و هەوڵەكانیان خستەگەڕ بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێكی گونجاو بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەو پەتایە.
دوای چەند مانگێك لە بڵاوبوونەوەی پەتای (كۆڤید – 19) ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرایكرد، چەندین كۆمپانیاو دەزگای پەیوەندیدار بە دروستكردنی ڤاكسین، دەستیانكردووە بە گەشەپێدانی ڤاكسین كە ژمارەیان (191) ڤاكسینەو لەوانەش (40) یان لە قۆناغی تاقیكردنەوەی كلینیكی مرۆییدان و (10) یان گەیشتوونەتە قۆناغی تاقیكردنەوەی سێیەم.
لەو (10) ڤاكسینەش پێنجیان پێشەنگ بوون و هەندێكیان دەستیانكردووە بە پێدانی ئەو ڤاكسینە بە كەسانی خۆبەش دوو لەوانە گوازەرەوەی ڤایرۆسی بەكار دەهێنن لەوانەش ڤاكسینی (ئیسترازینیكا) و ڤاكسینی (سپۆتنیك 5)ی رووسیش بە تەكنیكێكی پزیشكی دیكە كاری كرد بوو.
هەروەها لەو میانەیەشدا چەندین داهێنانی دیكە هاتنە ئاراوە كە تایبەت بوون بە دەستنیشانكردنی تووشبووانی ئەو پەتایەو هەندێك ئامێری نوێی پزیشكیش داهێنران یان گەشەیان پێدرا كە سەرجەمیان لەخزمەت هەوڵەكاندا بوو بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسەو چارەسەركردنی ئەوانەی كە ڤایرۆسەكەیان بۆ دەگوێزرێتەوە.
لە چەند مانگی كۆتایی ساڵی (2020) دا ڤاكسینەكانی فایزەر بیوتنك و مۆدێرناش هاتنە ڕیزی ڤاكسینە زۆر باوەرپێكراوەكانەوەو دواتریش ڤاكسینی ئۆكسفۆرد، لەلای خۆشییەوە چین لە ڕێگەی ئاشكراكردنی ڤاكسینەكەی كۆمپانیای (سینۆفارم) ەوە هاتە ڕیزی جەنگاوەرانی ڕووبەرووبونەوەی كۆرۆناوە.
هەرچەندە دەستكەوتە زانستییەكان بەبەراورد بە هەواڵەكانی پەتای (كۆڤید – 19) گرنگییەكی ئەوتۆیان پێنەدرا، بەڵام كۆتایی ساڵ دەبێتە هەلێك بۆ دووبارە باسكردنەوەی گرنگترین ئەو دەستكەوتانەو دەتوانرێت بوترێت كە ساڵی (2020) بە تەنها پەیوەست نەبوو بەبڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەڵكو ساڵێكی تایبەت بوو بە هۆی چەندین پێشكەوتنی تر كە لەبوارە زانستییەكانی دیكەشدا هاتنە ئاراوە.