چاو فڕین چییەو هۆكارەكانی بزانە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چاو فڕین چییەو هۆكارەكانی بزانە

 

 

جاران لە نێو خێزانەكان واباو بوو كە كەسێك چاوی بفڕیایە پێییان دەوت دۆستێكی ئازیزت دێت، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە ئەم چاوفڕینە هۆكاری خۆی هەیە بۆ پاراستنی چاوەكانت (د. ماكۆك موحەمەد) پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەكانی چاو چاو فڕین ڕووندەكاتەوە:

لە سەرەتاو پێناسەی چاوفڕین دكتۆر بەم شێوەیە پێناسەی دەكات:

چاوفڕین، بریتییە لە جوڵەی یەك بەدوای یەك و گرژبوونی بەردەوامی ماسولكەی پێڵووی چاو، پێڵووی سەرەوە زیاتر تووشی فڕین دەبێت، بەڵام دەكرێ پێڵوی خوارەوەش یان هەردووكیان پێكەوە تووشی ئەم حاڵەتەیە ببن.

هەر بۆیە زۆربەی كات ئەم فڕینە كەمەو بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام دەبێت و بەبێ هیچ گرفت و چارەسەرێك كۆتایی دێت، لەوانەیە گرژبوونەكە هێندە توندبێت پێڵووەكە بە تەواوی دابخرێت و كەسی توشبوو بێزاربكات، ئەم حاڵەتەش دەگمەنە.

هەر بۆیە چاوفڕینی باوو بێ زیان، بە شێوەیەكی ئاسایی چەند چركە جارێك لەرزینێك لە پێڵووەكەدا درووست دەكات و دوای چەند خولەكێك یان چەند كاتژمێرێك كۆتایی دێت.

(د. ماكۆك موحەمەد) لە چەند خاڵێكدا ئاماژە بە هۆكارەكانی چاوفڕین دەدات:

1. ماندوێتی. 

2. دڵەڕاوكێ و بیركردنەوەی زۆر.

3. كەم خەوی و درەنگ خەوتن.

4. زۆر خواردنەوەی چاو قاوە (كافایین).

5. تەركیزكردن و زۆر سەیركردنی شاشەو وشكبوونەوەی چاوەكان و زۆر بەكارهێنانی هاوێنەی چاو.

6. هەندێك جار زۆر خواردنەوەی كهول یان جگەرەكێشان.

7. كاریگەری لاوەكی هەندێك دەرمان، وەكو دەرمانی دژەخەمۆكی.

8. هەوكردنی پێڵووی چاو یان ناو چاوەكە.

9. ڕووناكی زۆر بەهێزو ڕەشەبای بەهێز.

10. زۆر جار بەبێ بوونی هیچ نەخۆشییەك ڕوودەدات.

لە چ كاتێكدا پێویستە سەردان و ڕاوێژ بە پزیشك بكرێت ؟؟

لە پێنج حاڵەتدا دەبێت ڕاوێژ بە پزیشكی پسپۆڕی چاوو مێشك و دەمار بكرێت:

1. ئەگەر چاوفڕین بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو.

2. ئەگەر هەردوو چاوەكە تووشبووبوو.

3. ئەگەر هێندە توندبوو كە كەسانی دەوروبەرت هەستیان پێكردو وەكو چاوداگرتن (winking) دەركەوت.

4. ئەگەر بەشەكانی تری دەم و چاو لەگەڵیدا گرژبوون.

5. ئەگەر سووربوونەوەو هەوكردنی چاوی لەگەڵدا بوو.

پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەكانی چاو لە بارەی چارەسەرییەوە دەڵێت:

1. زۆربەیان بەبێ چارەسەر نامێنێت.

2. كەمكردنەوەی كافایین.

3. خەوی دروست لەكاتی خۆیدا.

4. نابێت لەسەر دەم بخەویت، وە باشترە بەو لایەشدا نەخەویت كە پێڵووەكەت ئەفڕێ هەتا باش دەبێت.

5. قەترەی فرمێسكی دەستكرد بەكاربێنە.

6. پارچە پەڕۆیەك گەرم بكەو ناو بەناو بیخە سەر پێڵوو.

ئەگەر چاوفڕین نەخۆشی بوو یان نیشانەی نەخۆشی تر بوو، ڕێگایەكی تر هەیە بۆ چارەسەری ؟؟

بەڵێ:

1. دەرمانی تایبەت بەپێی جۆری نەخۆشییە بنەڕەتیەكە.

2. دەرزی بۆتۆكس دەدرێ لە پێڵوی چاوەكە.

3. بڕینی دەماری ماسولكەی جوڵێنەری چاوەكە بە نەشتەرگەری.

(ماكوان عیززە‌ت – هەولێر)

 

 

 

هه‌واڵی گرنگ