جۆرەكانی موغەزی (ئاوی تایبەت)
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جۆرەكانی موغەزی (ئاوی تایبەت)

 

 

لەشی مرۆڤ بەشێوەی ئاسایی لەڕێگەی خواردن و خواردنەوە پێداویستی ئاو، خوێ، شەكر و پڕۆتین وە چەوری پێدەگات، (موغەزی) بریتیە لە شلەی تایبەت كە ئاو بەشی سەرەكی پێك دەهێنێت وە پاكژ كراوە تاوەكو بە دڵنیاییەوە بكرێتە ناو خوێن لە ڕێگای كانیولا.

پێش پێدانی موغەزی دەبێت نوسراوی سەر موغەزی بخوێنرێتەوە (ناو، بەرواری بەسەرچوونی ، وە دەكرێت بە ڕێگەی وەرید IV بدرێت، چونكە هەندێك موغەزی تایبەت بە شۆردنی برین هەیە) وە دەبێت سەیری ئاوەكە بكرێت بۆ تێبینی كردنی هەر جۆرە تێكچوونی ڕەنگی موغەزی. 

لەكاتی ڕوودانی كارەساتی بەهێز وەكو نەزیفی خوێن، سوتانی زۆر، بێهۆشبون، ووشك بونەوە، هەوكردنی ناو خوێن، دابەزینی پەستانی خوێن، دابەزینی ڕێژەی شەكری خوێن دەبێت بەزووترین كات بە ڕێگەی كانیۆلا موغەزی بدرێت بە بریندارەكە تاوەكو ژیانی ڕزگار بكرێت.

پێدانی خێرایی موغەزی پەیوەستە بە باری ناجێگیری بریندارەكە، بەڵام بەشێوەی گشتی دەكرێت دوو موغەزی (500) ملم (واتە یەك لیتر) لەماوەی یەك كاتژمێر بدرێت لە منداڵ دەكرێت بڕی (20) ملم/ كگم بدرێت.

جاری وا هەیە كە دوو، سێ، چوار كانیۆلا دادەنرێت تاوەكو زۆر خێرا زۆرتر موغەزی بدرێت.

خوێن لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە :

بەشی شلە كەپێی دەوترێت پلازما (55 – 65%) كە ئاو (90%) پێكدەهێنێت و ماددەكانی تر وەكو پڕۆتین و خوێ و شەكرو چەوری تێدایە. 

بەشی دووەم خڕۆكەكانی خوێن پێكی دەهێنێت كە خڕۆكە سورەكان (99%) و خڕۆكە سپیەكان و خەپلەكانی خوێن (1%).

ژیانی خڕۆكە سوورەكان بەستراوە بە ڕێژەی خوێ (سۆدیۆم و كلۆر) وە شەكر لەناو خوێن وە پێدانی شلەی ئاو بەتەنیا لە ڕێگەی كانیۆلا بۆ ناو ڕەگی خوێنهێنەر دەبێتە هۆی هەڵاوسانی خڕۆكە سورەكان و لە ئەنجامدا دەتەقن و مرۆڤ تووشی لەناوچوونی خێراو توندی خڕۆكە سورەكان دەبێت، لەبەر ئەمەیە كە موغەزی بەتەنیا لە ئاو پێك نەهاتووە بەڵكو خوێ (سۆدیۆم و كلۆر) شەكر (گلوكۆز) وە بیكاربۆناتی تێدایە وە ڕێژەی ماددەی ناو موغەزی هەمان ڕێژەی ماددەكەیە لەناو خوێن. 

جۆرەكانی موغەزی كە (بەزۆری بەكاردەهێنرێت) بەپێی ئەو ماددەیەی كە تێیدایە ناو نراوە:

1. نۆرمال سەلاین (Normal Saline , Sodium Chloride): كە خوێی تێدایە بە ڕێژەی (90%) ئەم موغەزییە باشترینە بۆ چارەسەری دابەزینی پەستانی خوێن كە بەزۆری لە بریندارو نەزیفی خوێن ڕوودەدات. 

2. دكسترۆز D5W : كە شەكری (گلوكۆز) ی تێدایە بەڕێژەی (5%) كە بەسوودە بۆ 

چارەسەری ووشك بوونەوەی لەش و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن. 

3. ڕینگەر لاكتەیت (RL , Hartman): كە ماددەی (خوێ واتە سۆدیۆم و كلۆر، لاكتەیت، پۆتاسیۆم و كالیسیۆم) ی تێدایە بۆ چارەسەری زیاد بوونی ترشی خوێن، بەڵام موغەزی (ڕینگەر) واتە بەبێ ماددەی لاكتەیت وە هەروەها كاریگەرە بۆ چارەسەری حاڵەتی شۆك و دابەزینی پەستانی خوێن. 

4. دكسترۆز سەلاین: كە هەردوو ماددەی خوێ و شەكری تێدایە كە بە ڕێژەی جیاواز دروستكراوەو ڕێژەی كەمی بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەر لە منداڵان.

 

هه‌واڵی گرنگ