وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گروپی حوسیەکانی یەمەن و سێ لە سەرکردەکانی خستە لیستی تیرۆرەوەو راشیدەگەیەنێت كە ئەم گروپە ھەرەشەیان کردووەتە سەر جیھان و ژێرخانی ئابوری وڵاتان و کەشتیە بازرگانیەکان.
لەمبارەیەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا رایگەیاند: مەترسییەکانی گروپی چەکداری حوسیەکانی یەمەن کە سەر بە ئێرانن بۆ کۆنگرێس روونکردووەتەوە کە رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانیە.
ئاشكراشیكردووە كە سێ سەرکردەی گروپەکە خراونەتە لیستەکەوە کە ئەوانیش، (عەبدولمەلیک حوسی سەرکردەی گروپەکە و عەبدولخالق بەدرەدین و عەبدولا یەحیا حەکیم حوسی) بوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە: خستنە نێو لیستی تیرۆر بۆ سزادانی حوسیەکانە لەسەر کردەوە چەکداریەکانیان کە سنورەکانیان بریوە و ھەرەشەیان کردووەتە سەر جیھان و ژێرخانی ئابوری وڵاتان و کەشتیە بازرگانیەکان.
گروپی چەکداری حوسیەکانی یەمەن گروپێکی شیعەیە و سەر بە ئێرانن و لەچەند شارێکی باکوری یەمەن دەسەڵاتیان ھەیە، رێکخراوە خێرخوازیە جیھانیەکان خۆراک و پێداویستی لە رێگەی حوسیەکانەوە لە فرۆکەخانەکانی سەنعا و میناوە بە ھەماھەنگی دەگەیەننە دەست خەڵک.