ئابووری هەرێم لە نێوان بەرداشی هەڵاوسان و داكشانەوەدا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئابووری هەرێم لە نێوان بەرداشی هەڵاوسان و داكشانەوەدا

ئەگەر ئەم نموونەیە گونجاوبێ بۆ بارودۆخی ئێستای ئابووری كوردستان لە هاوشێوەی مرۆڤێك دەچێ لە یەككاتدا هەم پەستانی خوێنی بەرزبێ و هەمیش نەزم، دواجاریش ببێت بە نەخۆشیەكی نامۆ و غەریب بۆ پسپۆڕان، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەوە سەری هەڵدا بێ كە نەخۆشەكە بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە هەڵە و بێ چوونی بۆلای پزیشكی پسپۆڕ چارەسەریتری بەكارهێنابێ.

بۆ ئەوەی لەلای خوێنەر ڕوون بێت پێویستە پێش هەموو شت پێناسەی هەر یەك لەهەڵاوسان و داكشانەوە بەكورتی بكرێ : هەڵاوسان واتا خواست زیاتر لە خستنەڕووە، زیادبوونی خواست هۆكاری زۆرە، بەڵام بە پلەی یەكەم زیادبوونی ڕێژەی دراوە بە بەراورد بە كاڵا و شمەكەكان لە بازاڕدا، لەم حاڵەتەدا قەبارەی ئاڵۆگۆڕی دراو زۆرە، بەهای دراو نزمه، نرخ بەرزە، بێكاری هەیە، لەگەڵ شڵەژانی چالاكی ئابووری.

لەم بارەدا ئابووری وڵات لەگەڵ ئەوەی ڕوو لە نێگەتیڤە، بەڵام لە دوورە مەودا لایەنی ئەرێنی‌ و پۆزەتیڤی دەبینرێ، بە مەرجێك ڕێژەی هەڵاوسانەكە نەگاتە ئاستی لە دەست دەرچوون، هەروەكو لە مێژووی ئابوورییدا لە هەندێك وڵات ڕوویداوه، سیستەمی نەخنتیەنەییان بە تەواوەتی دادەپی و رووخا، ئەوەندە دراو بەهاكەی لە دەستدا، تاكو وایلێهات لە ئەركەكانی داماڵرا، چیتر وەك قەبوڵكراوێك قەبوڵ نەدەكرا لە ئاڵۆگۆڕكردندا.

ئێمە ئەگەر تەماشای ساڵانی 2012 و2013 كوردستان بكەین، كە زۆربەمان لە بیرمانە سەرەڕای بوونی هەڵاوسان، لەگەڵ ئەوەشدا ئابووریەكەی تا ڕادەیەك بوژایەوە، ئەمەش پاساو نیە بۆ ئەوەی بڵێن هەڵاوسان باشە و خراپ نیە، نەخێر، تەنیا لێرە دەمانەوێ ئەو وێنەیە نیشان بدەین، كە ئەگەر سنووری بۆ دابنرێ لەوانەیە زۆر مەترسی نەبێ و ڕەنگیشە ببێتە هۆكاری گەشەكردن بۆ قۆناغێك لەقۆناغەكان.

بەڵام یەك جیاوازی دەبینرێ لە هۆكاری دروستبوونی هەڵاوسانی ئەوسا و ئێستا ئەوانەی ڕابردوو سیاسەتی دارایی ڕۆڵی هەبوو تێدا، هەرچی ئەوەی ئێستایە سیاسەتی نەختیینەیی ڕۆڵی هەیە، بە پاساوی بەهێزكردنی دراوی وڵات بەرانبەر دراوی بێگانە لە داهاتوودا، چونكە پێی وایە ئەگەر ئەم ڕێكارانە نەگیرێتەبەر لەوانەیە وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو ئاقارێكی خراپ هەنگاو بنێ، وەك بڵێی لە نێوان خراپ و خراپتردا، خراپیان هەڵبژاردووە.

هەرچەندە دیاردە ئابوورییەكان لە شوێنێك بۆ شوێنێكیتر هۆكار و شوێنەوار و كاریگەرییان خۆیان هەیە و جیاوازن، هەروەك چۆن ئەگەر 10 مرۆڤ لە یەككاتدا توشی پەتای كۆكە ببن، بەڵام هەر یەكێكیان هۆكاری جیاواز دروستیكردبن، وە شوێنەواری جیاوازیش لەسەر جەستە جێبهێڵن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەمیان نزیك بە یەك جۆری پەتان، ئینجا زۆرجار بۆ دیاردە ئابوورییەكانیش ئەم قسەیە ڕاستە.

هەرچی داكشانەوەیە پێچەوانەی هەڵاوسانە، واتا لەم حاڵەتەدا خستنەڕوو زۆرە خواست كەمە. قەبارەی ئاڵۆگۆڕی دراو كەمە، نرخ نزمە، ڕێژەی بێكاری بە بەراورد بەهەڵاوسان زۆرترە، بنەماكانی بەرهەمهێنان لەكاردەكەون، ڕێژەی وەبەرهێنان كەمە، گەشەی ئابووری سستە.

ناكرێ ئەوەش لەبەرچاو نەگیرێ كە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات درێژكراوەی هەڵەی سیاسەتی كەڵەكەبووی ساڵانی ڕابردووە، بەردەوامبوون لەسەر خراپ بەڕێوبردن و ئیدامەدانی دەرامەتی سروشتی، گەندەڵی كێشە و گرفتیتری بە دوای خۆیدا پەلكێش دەكا.

ئەوەی سەرنجە بۆ بارودۆخی ئێستای كوردستان ئەم دوو پەتایە پێكەوە بەرۆكیان گرتووە، لە یەككاتدا وڵات توشی دوو گێژاوی ئابووری بووە، نەك گێژاوێك، وەك ساڵانی ڕابردوو، ئەگەر درێژە بكێشێ مەترسیدارە، چونكە ئابووری وڵات لەسەروو خوارەوە گرفتارە.
كەواتە هاوڵاتی لە كوردستان خواستی كەمە و توانای هێزی كڕینی یەكجار كەمیكردوە، بەهۆی بێ مووچەیی و بێكاریی و بێ پرۆژەییەوە، لەولاشەوە حكومەتیش توشی كەم دراوی بووە و توانای خەرجی زۆر لاوازە بۆ موچە و پرۆژەكانی وەبەرهێنان وەك باسكرا بە هۆی هەڵەی سیاسەتی ڕابردووی خۆیەوە كە كەڵكەبووی ساڵانێكی زۆرە ئێستا زیاتر بە دیاركەوتووە.

پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێ بێكاری لەم حاڵەتەدا جیاوازە لەو بێكارییەی كە لە هەڵاوساندا هەیە، لێرەدا شۆڕ دەبێتەوە بۆ نێو كۆمەڵگە بەشێوەیەكی گشتی، ئەمەش وادەكات خواستی بەكاربەر زیاتر كەم بكات، دواجاریش پرۆژەكان بەهۆی كەمی خواستەوە ئەوەندەیتر لە كار بكەون.

كاریگەری هەڵاوسان و داكشانەوە لەسەر ئابووری هەرێم پێكەوە دەتوانرێ بوترێ دەرئەنجامی بەم شێوەیەیە، خستنەرووی كاڵا و شمەك هەیە، خواستی تاك نزمە بۆ كڕینی كاڵا و شمەك، ئەمە وادەكات خاوەن پرۆژەكان زیان بكەن و بەشێك لە پرۆژەكانیان لەكار بكەون، كە پرۆژەكانیش لە كاركەوتن ڕێژەی بێكاری زۆرتر دەبێت بە بەراورد بە پێشوو، بێكاری لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، لەلایەكیتریشەوە نرخی كاڵا و شمەكەكان بەرز بوونەتەوە، بەهای دراویش نزم بۆتەوە لە بازاڕەكان، ڕێژەی وەبەرهێنان بە شێوەیەكی گشتی لاوازە، بەمە دەوتری قەیرانێكی راستەقینە ئەگەر درێژە بكێشێ و بەزووی چارەسەر نەكرێ.


 

هه‌واڵی گرنگ