"باج لە کوردستان، چەکوشى سەرى هەژاران و موو نەرم بەرانبەر کۆمپانیاکانى دەسەڵات"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

"باج لە کوردستان، چەکوشى سەرى هەژاران و موو نەرم بەرانبەر کۆمپانیاکانى دەسەڵات"

عومەر گوڵپى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان

لە کوردستان ئەگەر دوکانێکى فرۆشتنى مریشک، یانە سەرتاشخانەیەک، یان دوکانێکى فرۆشتنى پەرەمێزت هەبێت، پێویستە باج بدەیت، و حکومەت بکەیتە شەریکى خۆت لە داهات و قازانجەکەت، بەڵام کۆمپانیاى نەوتت هەبێت، یان لە گومرگەکان کۆمپانیاى پشکنین و وەهمیت هەبێت، یان پڕۆژەى گەورە گەورەى بوارى وەبەرهێنانت هەبێت، کە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار دەخەنە گیرفانى بەرپرسان، ئەوە باج نادەیت و حکومەت چاوپۆشیت لێ دەکات.

هەڵهاتن و خۆدزینەوە لە باج لە هەموو وڵات و سیستمێکدا هەیە، بەڵام لە کوردستان بەهۆى قۆرخکاریى بازاڕ لەلایەن هەردوو هێزى دەسەڵاتەوە، بووەتە دیاردەو لەسایەى چەکى نایاساییان بەئاسانى لە ڕێگەى کۆمپانیاکانیانەوە ملیۆنان دۆلار کۆ دەکەنەوەو یەک دیناریش بە خەزێنەى گشتى نادەن.

یەکێک لەو بوارانەى قۆرخکارییەکى تەواوى کۆمپانیاى حزبەکانى دەسەڵاتى تیایە، کۆمپانیاکانى ئینتەرنێتن، کە ڕۆژانە گیرفانى گەنجانى بێکارى ئەم وڵاتە خاڵى دەکەنەوە، بەڵام یەک دینار باج بە خەزێنەى گشتى نادەن!

کۆمپانیاکانى بوارى نەوت زیاترن لە هەشت سەد کۆمپانیا، ئەوە تەنها کۆمپانیا نێوخۆییەکان نەوەک بیانییەکان، خۆ ئەگەر تەنها چوارسەد کۆمپانیاشیان لە کارو پرۆژەدا بن، و ساڵانە باج بدەن ئەوە بازێکى گەورە بە داهاتى هەرێمى کوردستان دەدەن، بەڵام لەبەرئەوەى زۆرینەى ڕەهایان هى حزبەکانى دەسەڵاتن بەخشراون لە دانى باج، بریارى (٩٦)یش لە بەروارى (١٠ى ١ى ٢٠٢١) تەنها ئەوانەیان پابەند دەکات کە لە بوارى سکیوریتى کار دەکەن، لە کاتێکدا لە بنەمادا حکومەت نەدەبوو ئەم بوارە بداتە کۆمپانیا، چونکە خۆى پۆلیسى نەوت و گازى هەیە، بەڵام ئەى چۆن گیرفانى تاڵانکارانى ئەم وڵاتە هەر گەرم بێت؟

بە نووسراوى ژمارە (٤/٣/٢٢٠٥) لە بەروارى (٢٥ى ١١ى ٢٠٢٠)ى پەرلەمان، بەدواداچوونم بۆ ئەو باجانە کردووە کە هەردوو کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیا سێڵ دەبێت بیدەن بە هەرێمى کوردستان، دەرکەوت کە کۆڕەک تیلیکۆم زیاتر لە (١٨٠ ملیار دینار)ى قەرزى ساڵانى پێشووى لە ئەستۆیە، لە ساڵى (٢٠١٩ و ٢٠٢٠)یش هێشتا یەک دینار باجى دەرامەتى نەداوە، ئایا ئەگەر کۆمپانیاى هاووڵاتیەکى بێ لایەن بێت ئەو چاوپۆشییەى لێ قبوڵ دەکرێت؟ ئەگەر ئیستە نەیداتەوە کە حکومەت وەکخۆى دەڵێت مووچەى منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەتى پێ نادرێت، ئەى کەى دەیداتەوە؟

باج بابەتێکى گرنگى هەستیارە، پەیوەندیدارە بە دادگەرى کۆمەڵایەتى و کۆى گشتى داهاتى وڵات و خزمەتگوزارییەکان و هاوسەنگى هێزو سەرمایە، پویستە بە سیستمێکى شایستە و لە دۆخێکى دیارو ڕووندا جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە پێویستە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەى کە (باج)یان لەسەر دادەنرێت بە (یاسا) بێت، هەروەکچۆن لە سیستمە دداگەرو پێشکەوتووەکاندا هەرکەس و کۆمپانیایەک ئەگەر خۆى بدزێتەوە لە دانى (باج) وەک ئەوەى تاوانێکى ئابڕوبەرانەى ئەنجام دابێت یان خیانەتى نیشتیمانى کردبێت ئاوا تەماشا دەکرێت، چونکە زیانى بە خەزێنەى گشتى و هەموو هاووڵاتیان گەیاندووە، بەڵام حکومەت ناتوانێت یاسا لەسەر کۆمپانیاى بەرپرسان و هەردوو هێزى دەسەڵات جێ بەجێ بکات کە یاساى پێویستیش هەیە، بەڵام دەیەوێت باج لە ئۆتۆمبیلى تایبەتى هاووڵاتیان بەبێ بوونى هیچ بنەمایەکى یاسایى وەرگرێت!

بێجگە لە گرفتى گەورەى پەیوەندیدار بە یاساو سیستم و نەبوونى پرۆسەیەکى پێشکەوتووى بەرێوەبردن بۆ کۆکردنەوەى باج کە بە پڕۆگرامى ئەلیکترۆنى پشتگیریى کرابێت، هەروەها نەبوونى سیستمى بانکى، ئەوە ئەو قۆرخکارییەى هەردوو هێزى دەسەڵات بەسەر بازاڕو ژیان و گوزەرانەوە هەیانە بووەتە هۆى ئەوەى تەنها نزیکەى یەک لەسەر دەى داهاتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى (باج)ەوە بەدەست بێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر دادگەرى بچەسپێنرێت و کۆمپانیاکانى دەسەڵات یان دوور بخرێنەوە لە قۆرخکاریى بازاڕ یان باجیان لێ وەربگیرێت بە پێى یاسا، ئەوە بڕى داهاتى بەدەستهاتوو نزیک دەبێتەوە لە نیوەى پێویستى بودجەى هەرێمى کوردستان.

ئەوەى باسمان کرد باسى (باج) بوو، باسى ئەوەمان نەکرد کە هەردوو بەرپرسانى هێزى دەسەڵات چۆن چۆنى لە رێگەى وەرگرتنى (سەران)ەوە ئەو تۆزە پەراوێزى بازاڕى ئازادەشیان بۆ کەرتى تایبەت نەهێشتووەتەوە، باسى ئەوە ناکەین کە ئەگەر تۆ کۆمپانیایەکى نیمچە گەورەشت هەبێت، ئەستەمە بەبێ ئەوەى بەرپرسێک بکەیتە شەریک بتوانیت بمێنیتەوە، بۆیە زۆرێک لە سەرمایەدارەکان، ئەوانەى خۆیان لە (باج) دەدزنەوە دەڵێن: بۆ دوو جار باج بدەین، (سەران)ە بە بەرپرسان و (باج)یش بە حکومەت؟

 

هه‌واڵی گرنگ