بەرپرسانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، وڵاتەكە بەرپەرچی پلانێكی ڕێكخراوی داعشی داوەتەوە بۆ كوشتنی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابۆل.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا ئەفسەرانی هەواڵگری شانەیەكی داعشیان لە هەرێمی نەنكەرهاری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە ئاشكرا كردووە كە لە چوار كەس پێكهاتوون و پلانی كوشتنی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابۆل (ڕۆس ویڵسن) و بەرپرسانی ئەفغانیان داڕشتووە.
ویڵسن بە توندی سەركۆنەی كوشتارییەكانی كابۆلی پایتەخت و شارەكانی دیكەی ئەفغانستانی كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەمدواییانەدا كۆمەڵێك لە ڕۆژنامەنووسان و چاڵاكەوان و سیاسییەكانی ئەفغانستان كوژران.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەكدا وتی، بكوژەكەو سەرپەرشتیاری شانەكە (عەبدولواحید) بەنیازبووە نوێنەری ئەمریكا لە ئەفغانستان و كۆمەڵێك بەرپرسی دیكەی باڵای ئەفغانی بكوژێت، وتیشی: بە دەستگیركردنیان، پلانەكانیان شكستیان هێنا.