ڕۆماتیزم نەخۆشییەكی درێژخایەنەو بەهۆیەوە بەشێك لە جومگەكانی لاشەی نەخۆشەكە ئەستوورو ئازاری دەبێت وەكو جومگەی دەست و لاق و پێ.
(د. ئەحمەد یەحیا جەباری) پزیشكی پسپۆڕی چاو هۆكارو خۆپارێزی لەو بارەوە ڕووندەكاتەوە.
ڕۆماتیزم بە تەنها كاریگەری خراپ لە سەر جومگەكان دروست ناكات بەڵكو كاردەكاتە سەر بەشێكی زۆری ئەندامەكانی لەشی نەخۆش بۆ نموونە دڵ و سی و چاوەكانمان.
كاریگەری ڕۆماتیزم لەسەر چاو :
1. كەم بوونی فرمێسكی چاو، نەخۆش هەست دەكات چاوی بە قورسی بڵند دەبێت، یان وا هەست دەكات خەوی دێت، یان چاوی گرێ دەكات.
2. سووربوونەوەو ئازاری چاو بەهۆی هەوكردنی سپێنەی چاو.
3. دروست بوونی ئاوی سپی و ئاوی ڕەش.
4. تێكچوونی ڕەشێنەی چاو.
چارەسەری و چاودێریكردن:
ئەو نەخۆشانەی ڕۆماتیزمیان هەیە دەبێت بەشێوەیەكی رێك و پێك سەردانی پزیشكی چاو بكەن لەبەر دوو هۆكار :
1. تاوەكو ئەو كێشانەی لە سەرەوە باسمان كرد ئەگەر ڕوویدا چارەسەری پێویست وەربگرێت.
2. ئەو دەرمانانەی كە وەری دەگرێت بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی نەخۆشی ڕۆماتیزم كاریگەری لاوەكی لەسەر تۆڕی چاو دروست دەكات، بۆیە پێویستە ماوە ماوە پشكنین بۆ چاوی بكرێت.
(ئەژین عەبدولڵا – هەولێر)