كوردیو
وەزارەتی پەروەردە راگەیەندراوێك سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خوێندن لەناو قوتابخانەكاندا بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت،"بەخێوکار سەرپشک دەكرێت كە قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات".
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (كوردیو) كەوتووە، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە،" رۆژی شەممە16-1-2021 ، خوێندن لە قۆناغی 12ـی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە،پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت ، رۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت".
ئاماژەی بەوەشداوە،" لە رۆژی شەممە 16-1 تا ماوەی یەک هەفتە ، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران ، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە و لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە ، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.".
ئەوەشخراوەتەڕوو،" لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی 1ـی بنەڕەتی تاوەكو 11ـی ئامادەیی و پەیمانگاکان ، حکومی و ناحکومی ، کە لە 1-3-2021 دەستپێبکات ، لە 2-2-2021 لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەکانی 1ـی بنەڕەتی تا 11ـی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە،"لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە ".