كوردی‌و
به‌ڕێوه‌به‌رایەتی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ولێر رایدەگەیەنێت،ئەمڕۆ نه‌وت به‌سه‌ر نزیكەی هەشت هەزار خێزانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت دابه‌ش ده‌كرێت.
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (كوردی‌و) كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ولێر بڵاویكردووەتەوە،"ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە 14-1-2021 بڕی حەوت هەزار و 700 به‌رمیل نه‌وت به خێزانه هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانی سنووری سۆران، چۆمان، مێرگه‌سۆر و رواندز دابەشدەكرێت".
ئاماژەی بەوەشكردووە،" پێوه‌ری ده‌ستنیشانكردنی خێزانه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هێلی هه‌ژاری ده‌بێت، واته هه‌ر خێزانێك كه داهاتی مانگانه‌ی له 400 هه‌زار دینار كه‌متر بێت و توانای دابینكردنی پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی ژیانی خۆی وه‌ك خۆراك، جلوبه‌رگ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی نه‌بێت به تایبه‌ت منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت، بێوه‌ژنان، كه‌مئه‌ندامان، كرێكاران، بێ كاران، كرێچیان خێزانه‌كانی به‌ندكراوان كه داهاتی مانگانه‌یان كه‌متره له 400 هه‌زار دینار له‌و هاوكارییه سوودمه‌ند ده‌بن".
روونیشیكردووەتەوە،" پێشتر ئه‌م هاوكارییه به‌سه‌ر 23 هه‌زار خێزانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تی ناوه‌ندی شاری هه‌ولێر دابه‌شكراوه".