قائیمقامی سەیدسادق: تەقەكەرانی خۆپیشاندانەكان، بڕیاری مەرجەعی خۆیان جێبەجێكردووە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قائیمقامی سەیدسادق: تەقەكەرانی خۆپیشاندانەكان، بڕیاری مەرجەعی خۆیان جێبەجێكردووە



سەبارەت بەسكاڵای كەسوكاری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی مانگی ڕابردووی سەیدسادق دیاری ڕەفیق قائیمقامی شارەكە ڕایگەیاند: لەڕووی یاساییەوە تەواوە ئێمە وەكو قائیمقام سەرۆكی لیژنەی ئەمنین و سەرۆكی یەكەی ئیدارین، بەڵام ئەو حاڵەتەی كەبوو من بۆ خۆم هیچ گرفتێكم نییە وەكو سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و سەرۆكی یەكەی ئیداری ئەگەر سكاڵایان تۆمار كردبێت بەمافی خۆیان دەزانم بەڵام ئەوەی كەجێگەی نیگەرانی و تێبینیە بۆ ئێمە، من ئەو ڕۆژەی كەئەو دوو هاوڵاتییە لەسەیدسادق بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە لەو شارەدا نەبووم، وە كەسوكاری هەردوو قوربانیەكەش زانیاریان هەیە لەسەر ئەوە من بۆخۆم لەوێ نەبووم ، لە 7ی مانگ كاتێك كە بارەگای حیزبی و دامودەزگای ئیداری و ماڵەكەی خۆشم سوتا، من ئەو ڕۆژە شارەكەم بەجێهێشت، هەموو كەسێك و ڕاگەیاندنەكانیش ئاگاداری ئەوەن، بۆ ڕۆژی 8/12 ئەو "دوو گەنجە جوانە شەهیدكران " بەڕاستی بۆ ئێمەش جێگەی تێبینیە و پێمان سەیر بوو كە لەكاتێكدا دامودەزگای ئیداری و حیزبی هەمووی سوتێنرابوو، نەمانزانی هۆكار چی بوو لەوەی كە تەقە بەڕووی خۆپیشاندەراندا كرا.

دیاری ڕەفیق كە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ووتیشی: من كە لەوێ نەبووم ئاگاداری مەرجەعی خۆمم كردووە كە لەوێ نیم و حكومەتیش ئاگاداربوو كە لەوێ نەبووم، دووەم ئەوە ئیشی دادگایە كە یەكلایی بكاتەوە ئایا كێ فەرمانی بەتەقەكردن كردووە، لەبەرئەوە بەشێك لەو كەسانەی كە لە ڕۆژی دووەم و سێیەم دەستگیركران بۆ دادگا سەلمێنراوە هێزە ئەمنیەكانیش ئێستا ئاگاداری ئەوەن كەبەشێك لە خۆپیشاندەرانیش چەكیان پێ بوو، یەك دوو گەنجیان چەك و دەمانچەیان پێ بووە من ناڵێم ئەوانەن بەڵام مەبەستم ئەوەیە تائێستا دیاری نەكراوە لەبەرئەوەی هێزێكی ئەمنی زۆر لەوێ بووە لەئاسایش و پۆلیس و بەرگری فریاكەوتن من نازانم كێ تەقەی كردووە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هیچ جێگرێك لەشوێنی تۆ نەبووە كەوەك خۆت دەڵێی ڕۆژی ڕووداوەكان لەقەزاكە نەبویت؟ لەوەڵامدا دیاری ڕەفیق وتی:" نەخێر قائیمقام هیچ یاریدەرێك یان هیچ جێگرێكم نییە كەكارەكانم بۆ بەڕێ بكات من تەنانەت بۆ ڕۆژی دووەم هیچ تەلەفونێكیشم نەكردووە لەگەڵ هێزی ئەمنی، هێزی ئەمنی فەرمانی سەروو خۆیان و مەرجەعی خۆیان جێبەجێ كردووە كەبەشێكیان وەزارەتی ناوخۆن و بەشێكیان دەزگای ئاسایشە مەرجەعیان، (بەرگری فریاكەوتن و پۆلیسی چالاكی مەدەنی مەرجەعیان وەزارەتی ناوخۆیە ئەمە بەو واتایەی كە ئەوان فەرمانی سەروخۆیان جێبەجێ كردووە واتە هیچ فەرمانێكی ئێمە وەكو قائیمقام وسەرۆكی یەكەی ئیداری ئەو ڕۆژە جێبەجێ نەكراوە، لەبەرئەوەی لەڕۆژی یەكەم هیچ هێزێكی ئەمنی فەرمانی تەقەكردنی پێ نەبوو تەقە نەكراو كەسیش "شەهیدنەكرا "، ڕۆژی دووەم كە ئێمە لەوێ نەبووین ئەو حاڵەتە ڕوویداوە، بۆیە لەڕووی یاساییەوە هیچ لێپرسراویەتیەك لای ئێمە نییە لەبەرئەوەی ئێمە مەرجەعی خۆمان كە پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆیە و دادگایە، ئاگادارمان كردوون ئەو ڕۆژەی كە ئەو حاڵەتە ڕوویداوە ئێمە لەئەركدا نەبووین لەبەر ئەوە من ماڵەكەم سوتێنرا، قائیمقامیەت سوتێنرا وازم هێنا واتە من شارەكەم جێهێشت لەبەرئەوەی كە كوڕی خەڵكی شەهید نەكرێت و خوێنی نەڕژێنرێت. ئەگەر مەبەستیش بوایە ڕۆژی یەكەم ئەو هەموو زیانە لە قەزای سەید سادق و لە دامودەزگای حیزبی و ئیداری و ماڵەكەی منیش كەوت، ئەگەر ئامانجمان خەڵك كوشتن بووایە، بەڕاستی ئەو ڕۆژە دەكرا بۆیە پێمان سەیربوو لەڕۆژی دووەمدا ئەو حاڵەتە ڕوویداوە. "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا كەس دەستگیركراوە لەسەر تەقەكردن لەخۆپیشاندەرانی سەیدسادق؟ لەوەڵامدا قائیمقامی قەزاكە وتی " نەخێر كەس دەستگیرنەكراوە لەتەقەكردن بەڕووی خۆپیشاندەراندا چونكە تائێستا دیاری نەكراوە كێیە، ئەو ماڵانە كەبەداخەوە ئەو كوڕانەیان "شەهیدكراون " دوێنێ سكاڵایان تۆمار كردووە. "


هەروەها دیاری ڕەفیق ئاماژەی بەوەشكرد "لەحەڤدەی شوباتیش خەڵك "شەهیدكرا " لە 2014ش لەو شارە خەڵك "شەهیدكرا " واتە دیاریكراو نییە لەناو 300-400 كەس تەقە بكرێت، نازانرێت كێ تەقەی كردووە، بۆیە دیاری نەكرێت بەبۆچوونی من قورس دەبێت بەڵام دەكرێت لەڕووی یاساییەوە ئەو كەسەی كه فەرمانی تەقە كردنی داوە، یاسا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسە بكات بەڵام ئەگەر كەسێك دیاری بكرێت كە ئەو فیشەكی ئاراستەی یەكێك لەخۆپیشاندەران كردبێت، باوەڕم وایە تۆزێك دۆزینەوەی قورس بێت وە لەملاولاشەوە تەقە كراوە هەر هێزی ئەمنی نەبووە خەڵك و جێگەی دیكەش كردوویانە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی كە ئێمە كردومانە بۆ نموونە هێزی ئەمنی ئاگادارییان كردووین تەقەیەكی زۆر بەڕووی هێزی ئەمنیشدا كراوە. "

ئەو خەڵك و جێگەیەی تر كە خۆت دەڵێی تەقەیان كردووە كێن؟ لەوەڵامدا دیاری ڕەفیق وتی " من ناڵێم خۆپیشاندەر بووە ڕەنگە دەستێك هەبێت لەناو شاردا مەبەستی بووبێت لەجێگەیەكی ترەوە ئەو ئیشەی كردبێت بۆ ئەوەی كەخوێنی خەڵك بڕژێت و دۆخی ئارامیی شارەكە تێكبچێت كەمن ناڵێم خۆپیشاندەران بەهیچ شێوەیەك، دیارینەكراوە ئەو دەستە كێیە نازانم ڕەنگە خەڵكی دیكە هەبێت."

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەبارەت بەچارەنووسی سكاڵای قوربانیەكان، دیاری ڕەفیق دەڵێت " چارەنوسی ئەو قوربانیانە دادگا بڕیاردەدات دادگا بواری لێكۆڵینەوەی فراوانە ، دەبێت هەموو بوارە ڵێكۆڵینەوەكانی خۆی لەڕوودان و شوێنی شەهید بوون و ئەو هێزەی كەپارێزگاری كردووە لەو شوێنەی كەتەقەیان بەڕووی خۆپیشاندەرداكردووە دەبێت لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ بكرێت، دەسەڵاتی قەزایی و دادگا لێكۆڵینەوەی وردی خۆی بكات كە بەبۆچوونی من قورس دەبێت بەڵام هەموو شتێك ئەنجامی دەبێت ئەگەر بە لێكۆڵینەوەی ورد كاری تێدابكرێت، ئەركی دادگایە و لە تایبەتمەندی دادگایە كە لەبواری لێكۆڵینەوەی خۆی لێكۆڵینەوە لەسەر هەر كەسێك بكات لەسەر سەرۆكی یەكەی ئیداری و هێزی ئەمنی. "


قائیمقامی قەزای سەید سادق قسەكانی خۆی دووپاتكردەوە و وتی "من سەرۆكی یەكەی ئیداری ئامادەم بڕۆمە بەردەمی دادگا، ئەگەر بۆ دادگا سەلمێنرا لەوەی كە من لەو ڕۆژە لەو شارەدا بووم و فەرمانی تەقەم كردووە، ئامادەم و قبوڵمە دادگا و یاسا هەرشتێك بەسەر مندا بسەپێنێت بەڵام وەكو باسم كرد ئێمە ئەو ڕۆژە لەوێ نەبووین ، وە ئامادەی هەر ڕێكارێكی یاسایی-شین دژی ئێمە و دژی هەر هێزێكی ئەمنی بگیرێتە بەر لەلایەن دادگاوە پێمان وایە كەدادگا سەروەرە هیچ كەسێكیش بۆی نییە دەستوەربداتە ئیشی دادگا. "

دیاری ڕەفیق ئەوە زیاتر وتی" لەبەرئەوەی من پرسم بە مەرجەعی خۆم كردووە كە من ماڵەكەم سوتاوە بۆ ئەوەی كوڕی خەڵكی نەكوژرێت شارەكەم بەجێهیشتووە لەبەرئەوە ئەو شەوەی ئەو حاڵەتە ڕوویدا لێكدانەویەكی هەڵە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی كرا كە ئێمە چۆن كرابووین بە ئامانج بۆ ئەوەی كەبێنە سەر ماڵەكەمان بۆیە هەر زوو لەتۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاومان كردووە كەئێمە بەرپرس نین پێش كوشتنی ئەو كوڕانە ئامادەین ماڵ و حاڵمان بسوتێت بەڵام كوڕی خەڵك پەنجەی خوێنی لێ نەیەت. "


قائیمقامی سەید سادق ڕونیكردەوە:"من ڕۆژی یەكەم ماڵەكەم سوتێنرا 7ی مانگ بوو، ئەو كوڕانە 8ی مانگ شەهید كران، واتە ڕۆژی دووەم ماڵەكەی من سوتا بوو. ڕۆژی یەكەم كە ماڵی ئێمە و قائیمقامیەت دەسوتێت پەنجەی هیچ كەس خوێنی لێ نەهاتووە ، ئەو گرتە ڤیدیۆیە هی ڕۆژی یەكەمە و تەقەش نەكراوە تەنها دەمانچەكەمان بەدەستەوەیە بەسەر خۆپیشاندەراندا و لەلایەن كۆمەڵێك هێزی ئەمنی بۆئەوەی مناڵەكانم لەناو ماڵدا بێنە دەرەوە."

قائیمقامی سەید سادق زیاتر وتی " بەبەڵگە هیچ كەسێك ناتوانێت بیسەلمێنێت ئەو ڕۆژەی كە ئەو كوڕانە "شەهیدبوون " من لەسەیدسادق بووم. ئەوەی كەگرتەی ڤیدیۆیی یان وێنە بێت با بڕواتە بەردەم دادگا ئەگەر ڕێكەوتی 8ی مانگ بێت، داندەنێم بەوەی كە منم، بەڵام ئەوە هی 7ی مانگە، 7ی مانگیش ئەو كوڕانە لەمن ساغ و سەلیم تر بوون. "


بەڵام گرتەی ڤیدۆیی بڵاوكرایەوە دەوترێت تەقە دەكەیت ؟ لەوەڵامدا دیاری ڕەفیق قائیمقامی قەزای سەیدسادق دەڵێت " نەخێر من بەهیچ شێوەیەك تەقەم بەسەر هیچ كەسێكدا نەكردووە تەنها دەمانچەم بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی مناڵەكانم بێنە دەرەوە ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بەشێكیان دەستكاری كراون بەشێك لەنامەی ئێمە دەستكاری كراوە فۆتۆشۆپ كراوە و هیچی وا نییە، وە ئێمە لەكاتی خۆیدا وەڵاممان دەبێت و لە ڕاگەیاندنیشدا باسی دەكەین كە هیچ پەیوەندیەكی بە ئێمەوە نییە. "

 

دیاری رەفیق باسی لەوەشكرد كەچەندین جار داوای دەستەلەكاركێشانەوەی كردووە بەڵام حكومەت قبوڵی ناكات لەو ڕوەوە دەڵێت " من لە ساڵی 2014 قائیمقامم، لە 2018 حەوت جار داوای وازهێنانم لە پۆستەكەم كردووە داومە بە پارێزگای سلێمانی و مەرجەعی خۆم و ئەنجوومەنی وەزیران كە بمبەخشن لە پۆستەكەم لە 2018 هەتا 2020 حەوت جار داوام كردووە، بۆ ئێستا داوا ناكەم دیارە شتێكی تێدایە بابەتەكە خۆشی مێز و كورسی نییە تەنها ئامانجمانە كە دۆخی شارەكە بگەڕێتەوە دۆخێكی ئاسایی خۆی. ئێمە حكومەتیشمان ئاگادار كردۆتەوە كەسێكی تر دیاری بكات بۆ قائیمقام ، وە ناكرێت بۆشایی یاسایی دروست بێت ڕۆژانە موراجعێكی زۆر هەیە ئیشی و كاری هەیە، ئێستاش حكومەت خەڵك دانامەزرێنێت قائیمقام دانامەزرێنێت، وە ئێمە ڕامانسپاردوون كەسێك دیاری بكرێت بۆ جێگەكەمان وە لایەنی بەرپرس كەپارێزگای سلێمانی و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆشمان ئاگاداركردووە كەتەنها مەبەستمانە ئیشی هاوڵاتیان نەوەستێت دەنا ئەوە نەبێت ئەوەندە دڵمان خۆش بێت بەو كورسی و مێزە كەجێی نەهێڵین. "


هەروەها وتیشی "ئەگەر وانەبووایە سەد لەسەد دەستم لەكاردەكێشایەوە. ئەو دوو كەسەی كە "شەهیدبوون " هەردووكیان كەسوكارو خزمی خۆمن، لە نەخۆشخانەش لەگەڵیاندا بووم پەیوەندیمان هەبووە سەرەخۆشیم لێكردوون ئامادەیی هەموو شتێكم بۆ دەربڕیون نەك هەر بۆ "شەهیدبوونیان " بۆ حاڵەتی سوتاندنی یەك بینای حكومەت من ئامادەیم نەبووە لەسەر كورسیەكەم بمێنم، من كاتێك ئەمە ڕووینەداوە من داوای وازهێنانم كردووە ، جا ئێستاش كە ئەو حاڵەتانە ڕوویداوە و جەرگی دایكی ئەو دوو كوڕە سوتابێت هەزار پۆست دەكەم بەقوربانی یەك دڵۆپ لەخوێنی ئەوان بۆیە مانەوەی من تەنها لەسەر فەرمانی حكومەتە تا ئەو كاتەی كەسێك دیاری دەكرێت، ئەو كاتە من لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا، هەموو شتەكان ڕوون دەكەینەوە وازیش دەهێنیین و هەموو پۆست و دامودەزگای ئیداری وحیزبیش دەكەین بەقوربانی نینۆكی مناڵێكی ئەو شارە. "

هه‌واڵی گرنگ