پرۆگرامى خۆراکى جیهانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارى دەدات لە مەترسى نزیکەى ٣ملیۆن هاوڵاتى عێراقى بە کەمى خۆراکى پێویستى رۆژانە و، راشیدەگەیەنێت کە کاریگەرییە نەرێنییەکانى نەبوونى خۆراکى پێویستى رۆژانەى هاوڵاتیانى عێراقى بە ئاشکرا بەدیار کەوتوون، ئەمەش لە دەرئەنجامى نەخۆشى کۆرۆنا و خراپى بارى ئابورى لە ساڵى رابردوودا بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتى خاو لە جیهاند.
لەمبارەیەوە (عبدالرحمن میجاج) نوێنەرى پرۆگرامى خۆراکى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: بەپێى سیستەمى چاودێرى برسێتى سەربە پرۆگرامى خۆراکى جیهانى، نزیکەى ٣ملیۆن هاوڵاتى عێراقى بە نەبوونى خۆراکى پێویستى رۆژانەوە دەناڵێنن، لەو ژمارەیە نزیکەى (٧٣١)هەزاریان هاوڵاتیانى ئاوارەن و، مەترسى ئاسایشى خۆراکییان لەسەرە..
ناوبراو وتویەتیشی: وێڕاى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت، لەبەرئەوەى عێراق داهاتى سەرەکى پشت بە نەوت دەبەستێت، هەروەها دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار لەم کاتەدا، کاریگەرى نەرێنى زۆرى هەبووە لەسەر بارودۆخى بژێوى هاوڵاتیان، لەبەر ئەوەى زۆرینەى کاڵا و بەرهەمەکانیش لە بازاڕدا لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، بۆیە نرخەکان بەرزبوونەتەوەو، هاوڵاتیان پێویستى خۆراکى رۆژانەیان بە ئەستەم و نرخى گران دەست دەکەوێت.
هاوكات نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتى عێراق دەکات کە بە زوویی چارەسەرى ئەو کێشەیە بکات و، لە دابینکردنى خۆراکى رۆژانەى هاوڵاتیان و جێگیرکردنى نرخەکان لە بازاڕدا کەمتەرخەمى نەکات.