منداڵان پێویستیان بە كالیسیۆمە بۆ دروست بوونی ئێسك و ددانەكان لەو كاتەی كۆرپە لەسكی دایكێتی تاوەكو ساڵانی پێ گەیشتنی پێویستی بە كالیسیۆمە، بەڵام هەندێكیان كێشەی كەمی كالیسیۆمیان هەیە.
هۆكارەكانی كەمی كالیسیۆم لەمنداڵان:
1. نەبوونی كالیسیۆم لەسیستەمی خۆراكی وەكو شیرو بەرهەمەكانی.
2. ناچاڵاكی غودەی دەرەقی بەهۆی تێكچوونی زگماكی.
3. كەمی رێژەی مەگنسیۆم لەخوێن.
4. تووش بوونی دایك بە كەمی ڤیتامین D یان پێكهاتەی كالیسیۆم لەكاتی دووگیانی.
5. تێكچوون لەگەدەی منداڵ وادەكات توانای مژینی كالیسیۆمی نەبێت.
6. حاڵەتی سكچوونی تووند.
7. بێ ئاگاداری دكتۆر، دەرمانی میزپێكەر بدرێت بە منداڵ.
8. لەدایك بوونی پێش وەختەی منداڵ پێش حەفتەی (37) لەدووگیانیەكە.
9. تووش بوونی ئافرەتی دووگیان بەشەكرەی دووگیانی.
10. زیادبوونی چاڵاكی غودەی دەرەقی دایك لەكاتی دووگیانی.
11. زیادبوونی خەستی پێكهاتەی فسفۆر لەشیری بەكارهێنراو بۆ خواردنی شیرەخۆرە.
نیشانەكانی كەمی كالیسیۆم لەمنداڵان:
1. بێ هێزی گشتی لەئێسكی جەستەی وادەكات زیاتر شكان كاری لێبكات.
2. داخورانی ددانەكان و زەرد بوونی.
3. دەركەوتنی كەم و كوڕی لە مینای ددان وە درەنگ دەركەوتنی ددانی شیری.
4. كەمی ڤیتامین دی لەخوێن.
5. هەست كردن بەسڕبوون وەكو دەرزی پێداچوون لە دەم و پەنجەكانی دەست و قاچ.
6. لەخۆوە ماسولكە گرژببێت.
7. بەیەكداچوونی سیكڵدانۆچكە.
8. ڕاكێشان لەماسولكەی ڕووخسارو دەست و قاچ.
9. ناڕێكی و هێواش لێدانی دڵ.
10. لاوازی لەماسولكەی دڵ.
11. نزم بوونی پەستانی خوێن.
12. مووچڕكەو لەرزین.
13. قورسی هەناسەدان لەمنداڵانی شیرەخۆرە.
14. تێكچوون لەتوانای مێشكی منداڵ.
15. تووش بوونی منداڵ بە خەوزڕان و كەم خەوی.
16. دەبێتە هۆی تووش بوونی منداڵ بە نەخۆشی ئێسكە نەرمە لەئەنجامی كەمی كالیسیۆم وە كەوانەبوونی قاچەكانی منداڵ.
چارەسەركردنی كەمی كالیسیۆم لەمنداڵان:
1. دەرمانی مەگنسیۆم بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی كالیسیۆم.
2. حەبی كالیسیۆم و ڤیتامین دی.
3. پێشوەختە پێدانی گیراوەی خوێ و كالیسیۆم بە منداڵەكە.
4. پشت بەستن بە سیستەمێكی خۆراكی كە بەشێوەیەكی سەرەكی و ڕۆژانە شیر لەخۆ بگرێت.
5. ڕێگە بە منداڵەكە بدە بەخۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ وەرگرتنی ڤیتامین.
6. خواردنی ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی وەكو ترشەمەنی.
(ئەژین عەبدولڵا – هەولێر)