وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: ئەركی گۆڕانە گوێ لە رەخنەی هەڵسوڕاوان بگرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: ئەركی گۆڕانە گوێ لە رەخنەی هەڵسوڕاوان بگرێت

 

 

عەدنان عوسمان وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند : كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی زەحمەتكێشی دڵسۆز ویستیان سەردانی گۆڕی كاك نەوشیروان بكەن و لەوێوە پەیامێك ئاڕاستەی خانەی راپەڕاندن بكەن، بەداخەوە بەدەر لە ویستی ئێمە رێگەیان پێنەدرابوو ویستەكەیان جێبەجێ بكرێت. ئەركی خانەو ئۆرگانەكانی گۆڕانە گوێ لە رەخنەو سەرنج و دیدگای جیاوازی هەڵسوڕاوان بگرێت، هەنگاوی دروست و ئسوڵی لە پێناو بەهێزكردن و هەستانەوەی گۆڕان دەرگاكردنەوەیە بەروی دیالۆگێكی ناوخۆیی بەرهەمدارو بێمەرج.

وەك دەستخۆشیەك بۆ ئەو دەستپێشخەری و خەمخۆریەی ئەو هەڵسوڕاوە ئازیزانە، سەرباری تێبینیم لەسەر هەندێ بڕگەی بەیانەكەیان، وا لێرەدا دایدەنێم.

بەو هیوایەی گۆڕان و رابەرایەتیەكەی، دەست بگرێت بەو نەریتە نەوشیروانیە قوڵەی رێزگرتن لە جیاوازیەكان، دەرگا دانەخستن بەڕووی بۆچون و ئیجتیهادی تر.

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

راگەیەنراوێك بۆ ڕای گشتی و سەرجەم گۆڕانخوازان

ئێمە وەك بەشێك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسەرەتای دروستبونی ئەم بزوتنەوەیەوە زۆر دڵسۆزانەو خۆنەویستانە بە ڕۆحیەتی قوربانیدان و گیانفیدایی تێكۆشاین و بەڵێنماندا ئەم بزووتنەوەیە بگەیەنینە ئامانجەكانی و پێشمەرگە ئاسا لەپێناویدا جەنگاین و قوربانی زۆرمانداو دانەبڕاین، لە ناخۆشترین و سەختترین كاتەكاندا ئێمە بوینە قەڵغان بۆ پاراستنی و هیچ كات بیرمان لەبەرژەوەندی خۆمان نەكردۆتەوەو سەلامەتی گیان و ژیانمان هیچ كات لەبەرچاو نەگرتووە وە ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەك بوین، یارو نەیاریش شاهێدی ئەو ڕاستیەن، ئێمە هەر ئەو هەڵسوڕاوانەین كە ڕەوانشاد بە داینەمۆی بزوتنەوەكە دەیناساندین، هەمیشە ئێمە بزوتنەوەی گۆڕانمان وەك ماڵی دووەمی خۆمان تەماشا كردووە وە گەورەترین و سەخترین ئەركیش لەسەر شانی ئێمە بووە، باجی گۆڕان بونیشمانداو پەشیمانیش نین، كە دڵنیاین ئەمە هەڵوێستی سەرجەم گەنجان و هەڵسوڕاوانی ماندووی بزوتنەوەكە بووە.

زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ غەمێكی گشتی كۆی كردوینەتەوە، ئەویش بریتییە لەو مەترسیە گەورەیە كە لە دوای كۆچی دوایی سەركردەی خاكی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەسەر بزوتنەوەكەو كۆی پرۆسەی سیاسی دروست بووە، بەهۆی هەڵەی بەشێك لە بڕیار بەدەستانی بزوتنەوەكەو نەیانتوانی ئەو ئەمانەتە گەورەیە بپارێزن كە نیو ملیۆن مرۆڤی ئەم نیشتمانە لە پێناویدا جەنگاو متمانەیان پێ بەخشی، هێدی هێدی ئێمە وەختە گۆڕان نەناسینەوە. لەسەركردایەتی كردنی دەنگی ناڕازی شەقام و لە پاڵشتیكردنی هەژاران و زوڵم لێكراوانەوە بۆ هاوڕێیەتی ئەو نابەرپرسانەی كە دەیان ساڵە ئێمە بە دز و چەتەو مافیاو بكوژ دەیاناسێنین، ئێستا سەركردایەتی بزوتنەوەكە بە گشت جۆرێك وازیان لە خەونی گۆڕانكاری هێناوەوە بونەتە پارێزەرو پاشكۆی دەسەڵاتی بنەماڵە.

هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێ گشت لایەك بە ئاگابهێنین كە لە دوای كۆچی دوایی ڕەوانشاد، بزوتنەوەی گۆڕان كەوتۆتە دەستێكی نا ئەمین وە ئەجێندای یەكێتی و پارتیان جێبەجێكردووە گەورەترین ناپاكییان لە خودی ڕەوانشاد و هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەكە كردووەو بونەتە هۆی بێ ئومێدی و بێمتمانەی خەڵك بە گۆڕان و تەنانەت خودی كاك نەوشیروانیش. ئەو بەڕێزانە بە پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتەی ئێستایان سەلماندویانە كە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ بیرو ڕێبازی نەوشیروان مستەفا نەبوون و كاریان بەو پرەنسیپانە نەكردووە كە ئێمە لە پێناویدا تێكۆشاین و ماندوبووین وە ئەوان لە هزری گۆڕانكاری بێبەری دەكەین و تەنها خۆیان بەرپرسن لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم چوار ساڵەی بزوتنەوەكە.

هەربۆیە ئێمە دڵنیایی دەدەینە هەموو هەڵسوڕاوانی دڵسۆزو دەنگدەرانی بزوتنەوەكەمان كە بەردەوام دەبین لە كارو خەباتی خۆمان لەژێر دروشمی (وازناهینین ، وازتان پێدێنین) بۆ گێڕانەوەی بزوتنەوەكە بۆ سەر هەمان ئەو بنەمایانەی كەلەپێناویدا دروستبوو، ئەویش بریتی بوو لەیەكسانی و داپەروەری و پاراستنی شكۆی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، كە لە دوای كۆچی كاك نەوشیروان وەك چۆن پرۆسەی سیاسی كەوتۆتە بۆشاییەكی گەورەوەو وە گشت ئەو بنەمایانەی كە باسمان كرد كەوتۆتە قەیرانەوە یاخود هەر نەماوە.

هەر بۆ ئەم مەبەستە داواكارین لە بەڕێزان ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەكان لە پێناوی ئەوەی كە بزوتنەوەكە رووبەڕووی شكستی گەورەتر نەكەنەوە، خۆیان هەڵبوەشێننەوەو لەبری ئەو بەڕێزانە بزوتنەوەكە ڕادەستی لێژنەیەكی بەڕێوەبردنی كاتی خاوەن متمانە بكرێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا زەمینەسازی بكرێ بۆ هەڵبژاردن بۆ ڕێكخەری گشتی و خانەو جڤاتەكان و هەڵبژاردنی ناوخۆی وە هەروەها بە زوویی كاری جدی بكرێت بۆ ئاشتكردنەوەی سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانەی كە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی سەركردایەتی بزوتنەوەكەوە وازیانهێناوە یان كارناكەن. 

ئێمە بەڵێنی بەردەوامی لەسەر هەوڵەكانمان دووپاتدەكەینەوە، تا ئەو كاتەی كە بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتەوە سەر ئەو راستەڕێیەی كە لە پێناویدا دامەزرابوو، وە بووبووە تاكە هیوای هاونیشتمانیانی باشوری كوردستان.

 

 

هه‌واڵی گرنگ