لە ئایەتی (وإن من شيء إلا عندنا خزائنه وما ننزله إلا بقدر معلوم ) ئیبن كەسیر لە تەفسیرەكەیدا دەڵێت: هیچ ساڵێك لە ساڵێكی تر باران كەمتر یان زیاتر نابارێت، بەڵام بۆ هەندێك شوێن دەبارێت و بۆ هەندێ نابارێت.
زانایانی كەشناسی بڕی ئاوی سەرزەوییان بە زیاتر لە (1300 ملیۆن) كیلۆمەتر سێجا مەزەندە كردووە، وە تێكڕای بەهەڵم بوونی ساڵانە (380) هەزار كیلۆمەتر سێجایە، واتە (380) ملیۆن ملیۆن تۆن هەموو ساڵێك بەهەڵم دەبێت و دەبێتە هەورو هەمان بڕ لەسەر زەوی لە شێوەی باران دەبارێتەوە ئەمەش ئەو ڕاستییەی لای زاناكان سەلـماندووە كە هەموو ساڵێك وەك یەك لە زەویدا باران دەبارێت و بڕەكەی جێگیرەو ناگۆڕێت ئەم ڕاستیەش پێش (1400) ساڵە پێغەمبەر بە ووردی باسی كردووەو دەفەرموێت: (ما من عام أمطر من عام ولكن یصرفه حیث یشاء) (رواه البیهقي) واتە: باران بارین هیچ ساڵێك لە ساڵێكی تر زیاتر نییە، بەڵام پەروەردگار دابەش كردنەكەی بە ویستی خۆی دەكات.
ئەم فەرموودەیە لەگەڵ تازەترین دۆزینەوە زانستییەكاندا هاوشانە، گەر ڕێژەی باران بارین لە مانگێك بۆ مانگێكی تر یان لە وەرزێك بۆ وەرزێكی تر حیساب بكەین دوو بینینی جیاوازە، بەڵام ئەگەر بڕی باران بارین لەماوەی (12) مانگدا حیساب بكەین دەبینین لەگەڵ (12) مانگەكەی تردا جێگیرە، دیارە ئەم زانیارییەش لەو سەردەمەدا كەس نەیزانیوە، بەڵكو هەموو خەڵكی باوەڕیان وابووە كە ڕێژەی باران بارین لە ساڵێك بۆ ساڵێكی تر دەگۆڕێت كەواتە كێ ئەم زانیارییەیدا بەم پێغەمبەرە بەڕێزە؟!!
گۆڤاری هەیڤ