گەشتەكانی ئەمجارەی ناسا بۆ سەر مانگ تەواو جیاواز دەبن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گەشتەكانی ئەمجارەی ناسا بۆ سەر مانگ تەواو جیاواز دەبن

 

 

ئەم تیمەی ناسا كە لە هەژدە كەشتیەوان پێك دێن، بە وردی لە نۆ ژن و نۆ پیاو پێك دێن بەشدار دەبن لە (10) گەشتی نوێ بۆ سەر ڕووی مانگ، بە پێی ئەو بەرنامەیەی ئێستا دانراوە گەشتەكان لە ساڵی (2024) دەست پێدەكەن و تا ساڵی (2030) بەردەوام دەبن، پڕۆگرامەكە پێی دەووترێت ئەرتەمیس (Artemis.moon.missions) لەكۆتایی ئەم پرۆگرامە بنكەیەكی بەردەوام دروست دەكرێت لەسەر ڕووی مانگ كە دەكەوێتە شوێنێكی نیمچە تاریك لە نزیك جەمسەری باشووری مانگ، ئەو شوێنەی ئاویش لە چینەكانی ژێرەوەی مانگ بە بەستوویی هەیە.

سیانزە لەم هەژدە كەشتیەوانە لە مانگی یەكی ساڵی (2020) دوای كۆمەڵێك پشكنین و تاقیكردنەوەو ڕاهێنانی قورس لە ئاژانسی ناسا دەرچوون بە كەشتیەوان، ئەوانی تر چەند ساڵێك دەبێت كەشتیەوانن و بەشداریان كردووە لە كۆمەڵێك گەشت بۆ وێستگەی ئاسمانی جیهانی كە بەردەوام لە سوڕگەیەكدا بە دەوری گۆی زەوی دەسوڕێتەوەو كۆمەڵێك كەشتیەوانی تێدایە، بەر لە هەفتەیەكیش بە فەرمی لەلایەن ناساوە بڕیار درا تیمی ئەرتەمیس لەم هەژدە كەشتیەوانە پێك بێت.

بۆچی ئەمجارە گەشتەكان جیاواز دەبن .. ؟

ئەمجارە لەیەكەم گەشتدا بۆ یەكەمجار ژنێك بەشدار دەبێت و لەسەر مانگ دەنیشێتەوە لەگەڵ یەكێك یان زیاتر لە كەشتیەوانە پیاوەكان، كۆمەڵێك لە كەشتیەوانەكان یان خۆیان یان دایك و باوكیان كۆچیان كردوە بۆ ئەمریكا، لەوانە خانمە كەشتیەوان (یاسەمین مۆقبیلی) كە دایك و باوكی ئێرانین و لە كۆتایی حەفتاكان چوون بۆ ئەڵمانیاو یاسەمینیش لەوێ لەدایك بووە، لە هەشتاكانیش كۆچیان كردووە بۆ ئەمریكا، خانمە كەشتیەوان (جێسیكا میر) دایكی سویدیەو باوكیشی جولەكەیەكی لەدایك بووی شاری بەغدای عێراقەو دواتر كۆچی كردووە بۆ ئیسرائیل و دواتر سویدو لەكۆتاییشدا هاتوون بۆ ئەمریكاو (جێسیكا) ی كچیان لە ئەمریكا لەدایك بووە، هەروەها كەشتیەوان (كژێل لیند گرین) لەدایك بووی ووڵاتی تایوانە، ئەوانی تریش لە پیاوەكان و ژنەكان هەندێكیان ڕەشپێست و لاتینۆن، هەندێكیشیان بە بنەچە سپی پێستی ئەوروپین، یەكێكیشیان كەنەدیە.

گەشتەكانی پێشتری ناسا بە مرۆڤەوە بۆ سەر مانگ كە لە شەش گەشت پێك هاتبوو و لەنێوان ساڵی (1969) تا ساڵی (1972) ئەنجام دران لە گەرمەی شەڕی ساردی نێوان ئەمریكاو یەكێتی سۆڤیەت تەواو جیاواز بوون، لەو گەشتانەدا (12) كەشتیەوان نیشتنەوە لەسەر ڕووی مانگ كە هەموویان پیاوی سپی پێستی بەڕەگەز ئەمریكی بوون، گەشتەكان جگە لەئامانجە زانستیەكان، ئامانجێكی سەرەكی تریشی سیاسی بوو و لە چوارچێوەی ململانێی سیاسی و شەڕی ساردی نێوان ئەمریكاو یەكێتی سۆڤیەت ئەنجام دران.

(لوقمان حەوێز – تێكساس)

 

هه‌واڵی گرنگ