نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، تێکڕای گەشەی کۆچکردن لەنێوان وڵاتان تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێژەی لەسەدا ٢٧ کەمیكردووه.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن کارگێڕیی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەژێر ناوی "کۆچی نێودەوڵەتی ٢٠٢٠" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی گواستنەوەی مرۆیی لە رێگەی داخستنی سنوورەکان و وەستانی گەشت لە سهرجهم وڵاتانی جیهان".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان بە نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠. بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێژەی لەسەدا ٢٧ کەمیكردووه.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە گەشە لە ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان لە میانی دوو دەیەی رابردوودا زۆر بەهێزبووە بەجۆرێک ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەرەوەی ئهو وڵاتانهی لێی لهدایكبوون دەژین لە ساڵی ٢٠٢٠دا، گەیشتووەتە ٢٨١ ملیۆن لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٠دا نزیکەی ١٧٣ ملیۆن بووە و لە ساڵی ٢٠١٠دا نزیکەی ٢٢١ ملیۆن بووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە کۆچبەره نێودهوڵهتییهكان لە ئێستادا نزیکە ٣،٦ لەسەدای دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەمریکا میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە ٥١ ملیۆن کەس کە دەکاتە لەسەدا ١٨ی کۆی کۆچبەران.
ئەوەش هاتووە كە ئەڵمانیا لە ریزبەندی دووەمی ئەو وڵاتەدا دێت کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەری لەخۆگرتووە کە نزیکەی ١٦ ملیۆن بووە و دوای ئهویش سعوودیە بە ١٣ ملیۆن و رووسیا بە ١٢ ملیۆن و ئیمارات بە میواندارییکردنی نۆ ملیۆن لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانهدا دێن کە زۆرترین کۆچبەری نێودهوڵهتییان لەخۆگرتووە.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە هیندستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەسەرووی ئەو وڵاتە دێت كه زۆرترین ژمارهی دانیشتوانی له دهرهوهی وڵاتهكهیه کە نزیکەی ١٨ هاووڵاتیی لە دەرەوەی هیندستان دەژین.