رێكخراوێكی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت هاووڵاتییەکی خەڵکی شاباد (ئیسلام ئاوا) لە پارێزگای کرماشان کە پاش دەستبەسەرکرانی بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشانەوە چووبووە حاڵەتی کۆما، گیانی سپارد.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە : بە گوێڕەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢١(١٥ی ژانویەی ٢٠٢١)، "بەهمەن عوقابی" تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی گوندی "چەقاجەنگا"ی سەر بە شاری شابادی پارێزگای کرماشان کە ماوەیەک لەمەوبەر بە هۆی لێدان و ئەشكەنجەی هێزەکانی ئاگاهیی کرماشانەوە چووبووە حاڵەتی کۆما، لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە گیانی سپارد.
ئاماژە بەوەشكراوە :ئەم تۆمەتبارە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار (٣ی ژانویە) بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئاگاهیی کرماشانەوە چووبوە کۆما و لەوکاتەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی خومەینی کرماشان و لە ژێر ڕێوشوێنێکی ئەمنیی تونددا بوو.
پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی بە بنەماڵەی عوقابییان گوتووە، کوڕەکەیان بە هۆی خواردنی حەبی ترامادۆڵەوە چووتە ناو کۆما، بەڵام بنەماڵەی بەهمەن عوقابی ڕایانگەیاندبوو کە کوڕەکەیان تەنانەت جگەرەشی نەدەکێشا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عوقابی، عێزەتووڵلا عوقابی، باوکی بەهمەن، سکاڵای لە دژی هێزەکانی ئاگاهی تۆمار کردووە بەڵام بە کردەوە هیچ بەدواداچوونێک نەکراوە و داواکاری گشتیی کرماشانیش تەنیا داوای دۆسیەی نەخۆشخانەکەی کردووە و هیچ جۆرە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەک لە هێزەکانی ئاگاهی نەکراوە.
لە راپۆرتەكەی هەنگاودا ئەوەش هاتووە: بەهمەن عوقابی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٤ی نۆڤامبری ٢٠١٩) بە تۆمەتی کوشتنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک (هاوسەری پێشووی، مناڵەکەی و دایکی هاوسەری پێشووی) هەڵاتبوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣١ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، هەواڵنێریی تەلەفزیۆنی کرماشان لەسەر زاری داواکاری گشتیی شائاباد و فەرماندەی پۆلیسی کرماشانەوە، بڵاوی کردەوە کە ئەو تۆمەتبارە پاش ساڵێک لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە.
ئاشكراشكراوە كە ئەشکەنجە کردنی تۆمەتباران لە ئیدارەی ئاگاهی بە ناوی لێپێچینەوەی تەکنیکی بووەتە ڕەوتێکی باو لە دەستبەسەرگەکانی پۆلیسی ئێراندا و ساڵانە ژمارەیەک لە تۆمەتباران بە هۆی ئەم جۆرە لێپێچینەوە تەکنیکییانەوە کە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی لەخۆ دەگرێ، گیانیان لە دەست دەدەن.
لەكۆتایی راپۆرتەكەدا هاتووە :بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی دا لانیکەم چوار بەندکراو بە ناوەکانی خەلیل مورادی خەڵکی جوانڕۆ، سەید کەماڵ حوسێنی خەڵکی سەقز، دانیال زەینولعابدین خەڵکی مەهاباد و فەرهاد وسووقی خەڵکی هەرسین لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەکانی کرماشان، سەقز، میاندواو و خوڕەمئاوا گیانیان لە دەست داوە.