کچێکی موسڵمان بەهۆی درێژیی تەنوورەکەیەوە لەلایەن قوتابخانەیەکی بەریتانیاوە دەنێرێتەوە ماڵەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کچێکی موسڵمان بەهۆی درێژیی تەنوورەکەیەوە لەلایەن قوتابخانەیەکی بەریتانیاوە دەنێرێتەوە ماڵەوە

لە بەریتانیا قوتابخانەیەک هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دایک و باوکی کچێک دەکەن کە تەنوورەی درێژ لەبەر دەکات، هەروەها هەموو رۆژێک رێگریی لە کچەکە دەکرێت بچێتە پۆلەکانی خوێندن و دەینێرنەوە ماڵەوە.

سیهام حەمود کچێکی موسڵمانی تەمەن 12 ساڵانە، چەند جارێک لەلایەن قوتابخانەکەیەوە داوای ئەوەی لێکرابوو کە تەنوورەی کورت لەبەر بکات، بەڵام ئەو لەبەر بیروڕا ئایینییەکانی رەتیکردووەتەوە و، باوکیشی پشتگیریی ئەو هەڵوێستەی دەکات.

سیهام حەمودی تەمەن 12 ساڵان

لەمبارەیەوە ئیدریس حەمود باوکی سیهام دەڵێت: ئەو تەنوورانە دژی باوەڕە ئایینییەکانی ئەوانە، بەو هۆیەوە قوتابخانەکە دەیەوێت سکاڵا لەسەر ئەو و هاوژینەکەی تۆماربکات، هەروەها ئیدریس دەڵێت، ئەوەی کە ئەوان داوای دەکەن ئەوەیە کە تەنوورەکە چەند سانتیمەترێک درێژتر بێت لەوەی کە قوتابخانەکە دیاریکردووە، "بەڵام نازانم قوتابخانەکە بۆچی بابەتەکەی هێندە گەورە کردووە".

نزیکەی سێ هەفتەیە سیهام نەچووەتە قوتابخانە و دەڵێت: لە هەموو وانەکانی دواکەوتووە "هەست بە کەمی دەکەم و هاوڕێکانم ئایینەکەی من قبووڵ ناکەن"، باوکیشی دەڵێت، "سیهام زۆر قوتابخانەی خۆشویستووە، بەڵام ئێستا هەموو رۆژێک دەگریت و ناچێتە قوتابخانە.

سیهام حەمود و خێزانەکەی. وێنە: تویتەری ئیدریس حەمود

قوتابخانەکەی سیهام ناوی ئەکسبرێجە پێشتر نامەیەکی بۆ ئیدریس ناردووە و کە تێیدا نووسراوە: "هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئامادە نەبوونی سیهام، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەتوانین سکاڵای یاسایی لەسەرتان تۆماربکەین"، هەروەها نایجێل کلیمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەم بابەتە وەکو تاقیکردنەوەیەکی لێهاتووە بۆ یاساکانی قوتابخانەکەمان".

هەرچەندە ئێستا بەهۆی رێکارەکانی رێگری لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا قوتابخانەکان داخراون و وانەکان بە ئۆنلاین دەخوێندرێن، بەڵام باوکی سیهام پێیوایە ئەگەر پۆلەکانی خوێندنیش بکرێنەوە، وەکو پێشتر رێگریی لە کچەکەیان دەکرێت.

سیهام حەمود پێیوایە ستەمی لێکراوە و دەڵێت: "هەست بە بێزاری دەکەم، چونکە ناتوانم تەنوورەیەک لەبەر بکەم کە ئایینەکەم رێگەی پێداوە، هیوادارم یاساکانی قوتابخانەک بگۆڕن، بۆ ئەوەی کچانی وەکو من بتوانن جلوبەرگی ئیسلامی لەبەر بکەن".

 

 

 

روداو

 

هه‌واڵی گرنگ