بۆشایی ئەمنی بۆتەهۆی چۆڵكردنی دەیان گوندی كوردنشین لە قەزای مەخمور، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە، هەرچەندە زەوییەكی بە پیتی هەیەو بۆ سەوزەو میوە دانەوێڵە گونجاوە.
چۆڵكردنی ئەو گوندانە دوای دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دێت، ئەوەش بەهۆی روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری 2017، كە بەهۆیەوە هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ناوچانە پاشەكشێیان كردو ناوچەكە بووە شوێنی جموجۆڵی شەوانەی چەكدارانی داعش.
(موحەمەد عەلی) خەڵكی گوندی گردی بەگۆ، سەر بە ناحیەی قەراج لە مەخمور، بۆ كەركوك ناو وتی، من ئێستا لە ناوەندی مەخمور ئاوارەم، گوندەكەم ئاو، كارەباو هیچ خزمەتگوزارییەكی نییە، ژیانمان پارێزراو نییە، بۆیە ناتوانین بۆ ژیان بگەڕێینەوە.
ناوراو وتیشی، خانوەكەم لە شەڕی داعشدا خاپور بوو، (250) دۆنم زەوی چاندنم هەیە، تەنیا بە رۆژ دەچینە سەر زەوییەكانمان، شەوان چەكدارانی داعش لەو ناوچانە جموجۆڵیان هەیە.
موحەمەد زیاتر وتی، ئەو گوندانە كێشەی كەمی كارەبایان هەیە، ئەوەش كاریگەری هەیە لەسەر كشتوكاڵ، بۆ نموونە لە حەوت رۆژدا تەنیا 10 كاتژمێر كارەبا بەو گوندانە دراوە، ئەگەر وا بڕوات بە یەكجاری دەستبەرداری چاندن دەبین، راستە گەنم و جۆو هەندێك بەرهەمی تر پێویستی بە كارەبا نابیت، بەڵام بەرهەمەكانی تر وەكو خەیار، پەتاتە، تەماتە، پێویستیان بە كارەبایە لانیكەم بۆ ئاودێری.
(رزگار موحەمەد) قایمقامی مەخمور رایگەیاند، ماوەیەكی زۆرە ناوچەكە بە گشتی كێشەی كارەبای هەیە، بڕی كارەبا كەمەو خواست لەسەر كارەباش زۆرە، دابینكردنی كارەبای ئەو گۆندانە لە ئەستوی هەردوو حكومەتدایە، چارەسەر ئەوەیە وێستگەیەكی نوێ دابنرێت.
بەگشتی بەپێی ئامارەكان كە لە یەكە ئیدارییەكانی ناوچەكە كۆیكردۆتەوە، لەكۆی (40) گوندی كوردنیشن تەنیا چوار گوندی ناوچەكە ئاوەدانە، ئەو چوار گوندەش خێزانێك یان دووان دەتوانن لێی بژین.