دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو حكومه‌تی هه‌رێم، ژماره‌یه‌ك بڕیاری بۆ رێكخستنه‌وه‌ی باج ده‌ركرد، نیگه‌رانی هاوڵاتیانی لێكه‌وه‌ته‌وه، بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم روونكردنه‌وه ده‌دات.
سەبارەت بە باجی سەر ئۆتۆمبێل، د. كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند: دەمەوێ دڵنیایی بە هاووڵاتییانی كوردستان بدەم، ئەو باجە تەنها ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە، نەك ئۆتۆمبێلی ئاسایی، كە زۆرینەی خەڵك لە هه‌رێمی كوردستاندا هەیانە.
بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی وتیشی: بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕێگەی لێژنەیەک ڕێنوێنی بۆ پرسی وه‌رگرتنی باج لە تۆتۆمبێل دەردەکرێ، لە ڕێنوێنییه‌كه‌دا پێوەری باج بۆ ئۆتۆمبێلی گرانبەھا دیاری دەکرێت، ڕەچاوی دۆخی خەڵک دەکرێ و ئۆتۆمبێلی خەڵکی هەژار و مامناوەند ناگرێتەوە.
د. كەمال وەرتی بۆ باس ده‌ڵێت: وەرگرتنی باج لە ئۆتۆمبێل لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە ، جه‌ختیشی له‌وه‌كردۆته‌وه، ئەو بڕیارانەی كه حكومەتی هەرێم دەریکردوون، زیادكردنی باجی تێدا نییە، تەنیا رێكخستنەوەی وەرگرتنی باج و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی تێدایە.
شایه‌نی باسه، هەفتەی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک بڕیاری بۆ ڕێکخستەوەی باج و پابەندکردنی کۆمپانیاکان بۆ دانی باج دەرکرد، ئه‌و بڕیارانه‌ش نیگه‌رانی هاوڵاتیان و كۆمپانیاكانی لێكه‌وته‌وه.