(*موحسين شوانى ) ئه‌و شاعیره‌ی له شیعری یاخییدا، ده‌بێته په‌للاری ده‌ستی منداڵێكی تووڕه‌ی دڵشكاو .
له عیشقیشدا وشه‌كانی نم نم به‌سه‌ر وشكه‌ڵانی ڕۆح داده‌بارێت..
به‌رهه‌می یه‌كه‌م/2003
هه‌واڵی زیندان
به‌باشی له‌بیرمه ته‌مه‌نم (17) ساڵان بوو، نامیلكه شیعری (هه‌واڵی زیندان)ی (موحسین شوانی)م ده‌خوێنده‌وه، ده‌نگی (عه‌بدوڵڵا په‌شێو)م له شیعره‌كانی ده‌بیست؛ بۆ ئه‌وكات بۆ من وابوو، به‌مه زیاتر چێژم له شیعره‌كان ده‌بینی و ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌م بۆ شیعری به‌رگری و شیعری یاخی زیاتر ده‌بوو.
(شوانی) له هه‌واڵی زیندان له لاپه‌ڕه ( 9 ) له شیعری میوانی‌دا ده‌ڵێت:
"ئه‌گه‌ر هاتن،
لێم مه‌پرسن:
وڵاته‌كه‌ت له‌سه‌ر نه‌خشه
بێ سنووره‌و به‌بێ خاڵه.
بۆ نازانن؟!
سه‌دان ساڵه
خانه خوێمه‌و
هه‌ر دوژمنیش خاوه‌ن ماڵه."
***
(عه‌بدوڵڵا په‌شێو)یش له شیعری (بۆ قه‌ره‌جێك) ده‌ڵێت:
"به‌س ته‌ماشای ناوله‌پم كه
خۆ من نامه‌وێ پێم بڵێی
ده‌بم به باوكی چه‌ند مناڵ،
زه‌نگین ده‌بم، یا هه‌روا لات
ته‌نیا شتێكم پێ بڵێ:
هه‌تا ماوم وه‌ك تۆ ده‌ژیم
یاخۆ ده‌بمه خاوه‌ن وڵات ؟"
له‌باره‌ی شه‌ڕی نه‌گریسی براكوژی (شوانی) پڕ به گه‌رووی حه‌قبێژی، هاواری _ نا_ی لێ به‌رزده‌بێته‌وه!
له لاپه‌ڕه (13)
له شیعری بێ پێغه‌مبه‌ریدا ده‌ڵێت:
"ئێوه به‌قه‌د ئه‌وس و خه‌جره‌ج
خوێنتان نه‌ڕشت
ئێوه‌به قه‌د قوڕه‌یشییه‌كان
شه‌ڕتان نه‌كرد
به‌ڵام ئه‌وان پێغه‌مبه‌ریان
موحه‌ممه‌د بوو
دوای چه‌ندین ساڵ براكوژی
بوون به براوبه پشتیوان
هه‌وای ئیسلامیان هه‌ڵمژی
به‌ڵام ئێوه
له خوێن ڕشتن به‌رده‌وامن
نه موهاجیر
نه ئه‌نساڕن
برا كوژی لادێ و شارن"
(موحسین شوانی) له وه‌ڵامی ئه‌و توندگۆییه‌دا؛ له لاپه‌ڕه ( 3 ) به ناونیشانی (پێش شیعر) چه‌ند خاڵێك ده‌خاته ڕوو..
ده‌ڵێت: "هه‌ندێك له‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیانه‌ی ئه‌مڕ باون و خه‌ڵكانێك پێی ده‌نازن ڕۆژێك دێت ده‌بنه مایه‌ی گاڵته‌جاڕی، چونكه به‌رهه‌می سه‌رده‌می ترس وتۆقاندنن!"
به‌ڵێ ئێستاش هه‌مان سه‌رده‌می ترس و تۆقاندن و ناداییه؛ به‌ڵام له فۆڕمێكی دیكه‌دا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه پاشخانی ئه‌و شیعرانه له ژێر پرسیاردان نه‌ك به‌هۆی شاعیره‌وه به‌ڵكو به‌هۆی بارودۆخه نه‌خوازراو و ناله‌باره‌كه‌وه‌یه.
له لاپه‌ڕه (36) دا په‌رده له‌سه‌ر چه‌وتییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لاده‌دات وده‌ڵێت:
"جا من چیبكه‌م
له‌دایك بووم
به‌چه‌قۆیه‌كی كۆڵ و پیس و،...
نووك ژه‌هراوی
ناوكیان بڕیم
قوڕئانێكی،
لوول دراوی په‌ڕۆسه‌وزی
تۆزلێ نیشتووی...
نه‌خوێندراوی،
ماڵی مه‌لای سه‌رفتره‌خۆر
بوو به دیارییم
چاوی جوانمیان
پڕ كرد له كڵ
تا ببینم
چاوتیژ ببم
به‌ڵام چ كڵ خۆزگه‌م به گڵ
ترسی شه‌وه
هه‌ر هه‌موویان شێواندبوو
گریانی من
هه‌ر هه‌موویانی گریاندبوو
مامه شێت ونه‌زانه‌كه‌م
تفی پیسی بۆن دووكه‌ڵی،
پڕ میكرۆبی كرده ده‌مم
تا ئازابم.. تا وریا بم
وه‌كو مامم
حه‌تحه‌تۆكه‌و ...
قه‌نه‌فر و سه‌دان نووشته
به لانكه شكاوه‌كه‌م،
هه‌ڵواسرابوو...
دوعای شێخ و مه‌لاژن و...
به‌ردی گۆڕی پیاوچاكانیش
له‌م لاو له‌و لام
داندرابوو
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له چاونه‌چم
بۆیه ئێستا هێنده گه‌وجم
یه‌كه‌م وشه كه فێر بووم
په‌حپه‌و كخه‌ی سه‌ر زارم بوو
یه‌كه‌م كار و چالاكیشم
جنێودان و تفكردن بوو
كه پام گرت و چوومه مه‌كته‌ب
بۆ فێر بوونی پیتی كوردی
مامۆستاكه‌م فێری كردم
تێ هه‌ڵدان وترس وتۆقین
زۆر به ووردی
منداڵانی گه‌ڕه‌كیشمان
فێریان كردم
به دارلاستیك
چۆن بشكێنم گشت په‌نجه‌ره‌ی
دراوسێكان
به‌ره به‌ره،...
مه‌زن ده‌بووم
جگه‌ره،
دزی،
درۆ‌و قومار
حه‌پس
و
برسی
و
لێدانی دار
ئه‌م جاره‌یان ده‌رسی به‌عسی و
ئاواره بوون
بۆ دواجاریش
براكوژی و ماڵ وێران بوون"
________________
به‌رهه‌می دووه‌م/2004
ملیۆنێك و هه‌شت سه‌د واژوو
له لاپه‌ڕه (2)ی ئه‌م به‌رهه‌مه په‌خشانه شیعرێك به‌ناوی "پێش شیعر" ده‌نووسێت.
به بڕوای من) ئه‌مه خاڵی لاوازی به‌رهه‌مه‌كه‌یه. چونكه،)
ده‌بوو ئه‌مه‌ش به‌شێك بێت له شیعره‌كان نه‌ك به ناونیشانی "پێش شیعر" بنووسرێت.
له‌م به‌رهه‌مه به هه‌ناسه‌یه‌كی ته‌واو ناسیونالیزمانه شیعر ده‌نووسێت و ده‌چێته سه‌نگه‌ری هه‌ژارانی به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌م نیشتمانه.
له لاپه‌ڕه(3)ده‌ڵێت:
كۆڕی شیعر
بۆچی هاتوون؟
هاتوون شیله‌ی مه‌م و
لێوی كچی شیعر بمژن؟
بۆ نازانن ،
براو كه‌سی كچی شیعر
مه‌رج و نه‌ختی ماچیان ناوێ!
بۆ ماره‌یی
بیر و خوێن وپاكیان ده‌وێ
ئه‌مه‌ش ژوانی شیعری نالی و
حه‌بیبه‌كه‌ی دڵی نییه،
ئه‌مه مه‌م وخاتوو زینی
خانی نییه
ئه‌مه شه‌م و دێوانه‌كه‌ی
وه‌لی نییه
( له‌ده‌ستم دێ ) ی
خۆشه‌ویسته تۆراوه‌كه‌ی
په‌شێو نییه
شیعرم مێزی شه‌وانی باڕنادوێنێ
ناوی خوشك و دایكانی شار
نازڕێنێ
من نامه‌وێ
باسی قژ وكه‌زی په‌رچه‌م
دركاندنی ڕازی سه‌رجێی
دێوانه‌و شه‌م "
له دوا شیعری ئه‌م به‌رهه‌مه له لاپه‌ڕه (18) شاعیر هه‌ستی غوربه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه له‌زێدی خۆی ده‌نووسێته‌وه؛ به زمانی حاڵ داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌فته‌ن ده‌كات و ده‌ڵێت:
" با ئه‌مجاره خۆم هه‌ڵبسوم
له خۆڵ وگڵی شاره‌كه‌م
با ئه‌م جاره
تێر تێر بۆنی قوڕ و لیته‌و
دار و به‌ردكه‌م
با ئه‌م جاره
ماچی ده‌شتی قه‌راج بكه‌م
ده‌ست له ملانێی
قه‌ره‌چووغی سه‌ركه‌ش بكه‌م
بمبه‌نه‌وه
با ئه‌م جاره
قومێ ئاوی مه‌نجه‌ڵانم
بخۆمه‌وه
بمه‌به‌نه‌وه
ئه‌م جاره‌یان
هه‌ردوو قاچم له ئه‌ژنۆوه
ده‌بڕمه‌وه
تا نه‌توانم جارێكی تر
له شاره‌كه‌م دوور كه‌ومه‌وه
بمبه‌نه‌وه بۆ لانه‌كه‌م
بۆ یه‌كه‌م ئه‌وین ودڵدار،
مه‌خمووره‌كه‌م"
(په‌شێو)یش له شیعرێكدا ده‌ڵێت:
"ئه‌ی دایه گیان!
له یادمه، كه مناڵ بووم،
ئه‌شقی تامی تفت و تاڵ بووم:
گڵم ده‌خوارد،
قوڕم ده‌جوی،
تۆش زلـله‌یه‌كت لێ ده‌دام،
هه‌مووت پێ تووڕ فڕێ ده‌دام.
ئه‌ی دایه گیان!
ئێستا گه‌وره‌م و مناڵ نیم،
ئه‌شقی تامی تفت و تاڵ نیم،
كه‌چی ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌شیان
ڕێم بكه‌وێته‌وه بێركۆت
لێشم بده‌ی،
لێشم حه‌رام كه‌ی شیری خۆت،
من به ته‌شییه‌كه‌ی مناڵی ده‌ڕێسمه‌وه:
دار، به‌رد، گڵ، قوڕ...
چیم بێته ڕێ ده‌یلێسمه‌وه!"
______________
به‌رهه‌می سێیه‌م/2005
سێبه‌ری پاشخانی كورد
هه‌مان نه‌فه‌س و هه‌مان بزاوتی پینووسی هه‌یه له‌گه‌ڵ شیعره‌كانی پێشووی، دیسان به‌گژ قولله‌ی قافا هه‌ڵده‌شاخێ! به‌ڵام له‌مه‌شیان له لاپه‌ڕه(28)پاساو ده‌هێنێته‌وه و به شیعرێك ڕوونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م ستایله نووسینه دوور له فانتازیایه ده‌دات و ده‌ڵێت:
"مه‌رگ و خوێن
دوای ڕاپه‌ڕین
وتم ئیتر شیعر بۆ خه‌م ...
بۆ مه‌رگ و خوێن،
بۆ دابڕان،
بۆ زیندان ئیتر نانووسم!
سه‌رده‌می چه‌ك
كوشتن، بڕین
وابه‌سه‌ر چوو
زامی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه
ساڕێژبۆوه
ده‌نگ و ڕه‌نگ خاكم هه‌یه،
ئاڵام هه‌یه
ئیتر ناڵێم من بێ كه‌سم
دوای دوانزه ساڵ
حیزبه كورسی وبراكوژی...
بۆیه ئێستا له‌هه‌موو كه‌س بێ كه‌س ترم
له‌وسا زیاتر
بۆ مه‌رگ و خوێن شاعیر ترم."
هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه (35) په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ده‌ردانه‌ی تووشی عه‌قیده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی بوون، تاكه چاره‌سه‌ریش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌رنامه‌ی خودا
له شیعری ساڕێژی زام ده‌ڵێت:
"به به‌رنامه‌ی خوا نامۆین
بۆ ئاره‌زوو ده‌سته‌مۆین
ئه‌سیری حه‌زو ژینین
به‌نده‌و كوشته‌ی ئه‌وینین
چه‌ند تامه‌زرۆی ژیانین
دوژمنی دوا ڕۆژمانین
له كوێ نانمان ده‌ستكه‌وێ
ڕووگه‌مان به‌ره‌و ئه‌وێ
خه‌و وئافره‌ت و پاره
بۆیه ئیسلام نه‌داره
تام و چێژی په‌رستن
پوولی گیرفان و ده‌ستن
له ڕووی ئاكار سستین
به مه‌ی كه‌نیسه مه‌ستین
ڕۆژئاوا چۆنی بوێ
سه‌رهه‌ڵده‌گرین بۆ ئه‌وێ
خودا خاوه‌ن په‌یامه
پارێزه‌ری ئیسلامه
ده‌ست گرتن به به‌رنامه
ساڕێژی خه‌م وزامه.
_______________
به‌رهه‌می چواره‌م/2005
هه‌ڵه‌ی مێژوو
له‌م به‌رهه‌مه‌شیاندا كۆمه‌ڵێك شیعری پڕ هه‌یه‌جان و پڕ هاوار بڵاوده‌كاته‌وه. له لاپه‌ڕه (13) له شیعری ده‌نگ ده‌ڵێت:
"هه‌ڵبژاردن وڕاپرسی
له ڕۆژانی مه‌ترسی
كێ له ده‌نگم ئه‌پرسی
بۆ گه‌یشتن به كورسی
ده‌نگ وره‌ی چیایه
نه‌وره‌سییه‌و به‌ننایه
ئیقڕه‌ئی نێو حه‌ڕایه
(به‌در)و(ئوحد)و(ئیسرا)یه
ده‌نگم ده‌نگی مینبه‌ره
په‌یامی پێغه‌مبه‌ر
ده‌نگی بیلاله ده‌نگم
ڕه‌نگی هیلاله ڕه‌نگم"
له شیعرێكی تردا له لاپه‌ڕه(14) بۆ منداڵان ده‌نووسێت و ده‌یانهێنێته ناو باس وخواسه‌كانی شیعره‌كانی خۆی..
وه‌ك مامۆستایه‌ك وانه‌ی كوردپه‌روه‌ری ده‌ڵێته‌وه‌و منداڵانی كورد فێری نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌كات و ده‌ڵێت:
"منداڵینه
وه‌رن گشتمان كۆبینه‌وه
لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌ش،
نه‌خشه‌ی به‌عسی پیس و چه‌په‌ڵ
له كوردستان بسڕینه‌وه
له جیاتی خه‌م
فرمێسك وخوێن
زه‌رده‌خه‌نه‌و
پێكه‌نین بۆ ئاینده‌مان
ده‌رخه‌ینه‌وه
بۆ ئه‌نفال و بۆ هه‌ڵه‌بجه
وانه‌ی ئاشتی و
سه‌رفرازی بڵێینه‌وه
(ئه‌ی شه‌هیدان) سروودمان بێ
(هه‌ر كورد بووین و هه‌ر كورد ئه‌بین)
ئیتر به‌سه
(ئه‌لوه‌ته‌ن) و(ئه‌لعروبه)
نه‌ڵێینه‌وه."
________________
به‌رهه‌می پینجه‌م/ 2005
18 ئابڕووی هه‌ژده خونچه
له‌م به‌رهه‌مه‌دا پێنووسه‌كه‌ی تیژتر ده‌كات! وه‌ك تاكێكی خاوه‌ن ویژدان نایهه‌وێت له ئاست ئه‌و نادادییه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد بیده‌نگ بێت.
له لاپه‌ڕه(6)ده‌ڵێت:
"مه‌مله‌كه‌تی تاریكستان
له هه‌رێمی گه‌نده‌ڵستان
له‌سه‌ر بزه‌و خه‌نده‌ی لێوی
كوڕ و كچێك خوێن ده‌ڕێژن
.
.
سه‌رانی كورد
شه‌ڕتان له‌سه‌ر هه‌مووشت كرد!
ته‌نیا ئابڕووی ئه‌نفاله‌كان
ده وه‌رنه ده‌نگ
چاره‌نووسی كچی گه‌رمیان
لای ئه‌زهه‌ر و عه‌مر و موسان!
له لاپه‌ڕه (49) وه‌سف له شیعره‌كانیدا به‌شداره، هه‌روه‌ك چۆن له شیعرێكی جووت سه‌رواوبه كێشی خۆماڵی (10بڕگه) وه‌سفی (قه‌راج) ده‌كات ، ده‌ڵێت:
"قه‌راج مه‌ڵبه‌ندی به‌سته‌و حه‌یران
عیشقی كه‌له‌پوور هه‌گبه‌ی دۆستانی
ده‌ڤه‌ری پڕ خێر ده‌شتی پڕ جواــــنی
پڕ كـــــــــانی نه‌وتی پڕ ده‌غڵ و دانی
به‌ڵام داخه‌كه‌م هه‌رده‌م بــــــــــێ نانی
میوان لێت ده‌خوات ڕه‌نجی كابـــــانی
قه‌راج ده‌مێكی بێ ڕێز و نــــــــــــــازی
هه‌روه‌كوو مــــــــــناڵ پێ ده‌كه‌ن وازی
به‌رهه‌می تۆیه عه‌مباری جۆیـــــــــــــــــه
شاره‌كه‌ت پڕی بــــــــخۆ بــــــــــــــــخۆیه"
_____________
به‌رهه‌می شه‌شه‌م/ 2007
ته‌قینه‌وه " هه‌نسكێك بۆ مه‌خموور"
له ساڵی 2007 له شارۆچكه‌ی مه‌خموور ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه ئه‌نجامدرا!
شاعیر هه‌م دیسان به ئه‌ركی شاعیرانه‌ی خۆی هه‌ڵده‌ستێت و ویژدانی مرۆڤایه‌تی ده‌یبزوێنێت بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی نامیلكه‌یه‌كی ماته‌مینی، شیوه‌نه شیعرولاواندنه‌وه بۆ ئه‌و یاده خه‌مناكه ده‌نووسێت.
_____________
به‌رهه‌می حه‌وته‌م/ 2009
دیواری ده‌سه‌ڵات
ئه‌مجاره‌یان له پای ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی؛ ڕه‌خنه له خه‌ڵك وهاووڵاتیانیش ده‌گرێت و پێی وایه سه‌ره‌نجامی بێده‌نگی، دروست بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر و گه‌نده‌ڵه.
له لاپه‌ڕه(11) له شیعری مێگه‌ل
ده‌ڵێت:
"به‌رپرسانی مۆدێرنی كورد
چیتان مه‌م كوردستانه كرد
ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌و
خه‌باتی شاختان بۆگه‌ن كرد
.
.
كه‌چی ئێمه
ده‌ست له‌سه‌ر سنگ قبووڵمان كرد
هه‌موو شتتان به حیزب كرد
دڵ و قودسی نه‌ته‌وه‌تان به‌هه‌ڕاج برد
كه چوون بۆ لای بابه گوڕ گوڕ
به‌گوڕ به گوڕ
بۆ تاڵان و دووبه‌ره‌كی په‌له‌تان كرد
كه‌چی ئێمه قبووڵمان كرد
چ گه‌لێكی سڕ‌و كپین
هه‌رچیتان كرد
ده‌نگمان پێدان
هه‌رچیتان وت
قبووڵمان كرد
.
.
ئێوه شوانی ئه‌م میلله‌ته كڕ و شڕه‌ن
پێشمان كه‌ون
یا له دواوه به‌گۆچانی كادیرانی
ده‌ستی حیزب
وه‌كوو مێگه‌ل لێمان خوڕن
لێمان هڕن!"
_____________
به‌رهه‌می هه‌شته‌م/ 2009
ته‌نها پێغه‌مبه‌ر محمد (صلی الله علیه وسلم)
جیاواز له په‌یڕه‌وی شیعره‌كانی تری، ئه‌مجاره‌یان سه‌نای سه‌روه‌ر، پانتایی ئه‌م به‌رهه‌مه نوورین ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێبینی بێت چه‌ند شیعرێك كه پێشتر له به‌رهه‌می هه‌واڵی زیندان هه‌بوون؛ دووباره له‌م به‌رهه‌مه‌ش نووسراون.
(به‌بڕوای من) ئه‌مه خاڵی لاوازی به‌هه‌مه‌كه‌یه!
هه‌روه‌ها خاڵی به‌هێزی به‌رهه‌مه‌كه له‌وه‌یدا ده‌بوو ئه‌گه‌ر كه‌مێك خۆی له شیعری ڕه‌ها بپارێزیایه و ڕێبازی شیعری ( ڕیالیز) م بینووسیبا وه‌ك ئه‌م نموونه‌یه ..
"ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی له هه‌موو كه‌س باشتری بۆم
خۆشمت ده‌وێ و خۆشم ده‌ویێی زیاتر له خۆم
به پـــه‌یــــــــــــــــــام و ڕێبـــــازی تۆ دێـــم و ده‌ڕۆم
ئه‌ی ســــــه‌روه‌رم چه‌ند تامه‌زرۆی دـــیداری تۆم"
_________________
به‌رهه‌می نۆیه‌م/ 2019
به‌های ته‌مه‌ن
دوای 10 ساڵ وه‌ستان له بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعر، ئه‌مجاره‌یان به كتێبی شیعری به‌های ته‌مه‌ن درێژه به ڕه‌وتی شیعره‌كانی ده‌دات.
له‌م به‌رهه‌مه‌دا شاعیر جیاواز له به‌رهه‌مه‌كانی تر؛ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌مكی عیرفانی وه‌ك له لاپه‌ڕه (47) ده‌ڵێت:
"وه‌ره وشكی ساڵێكی پڕ
له تێنوێتی زه‌مین ته‌ڕكه،
ڕه‌گی دار‌و..
قه‌دی چیا‌و
باڵای لوتكه
به شنه‌ی پێش پارشێوێكی
شه‌وانی چاو به گریانی
په‌شیمانی عومری دونیا
نه‌رم نه‌رم ئاشنا بكه ،
هێدی هێدی ...
ده‌ست نوێژێكی تا هه‌تایه
بۆ شۆردنه‌وه‌ی گوناهه‌كان
پاك پاك بشۆ
كه ئاسمانی نێوان به‌نده‌و خودای تاكی لێل كردووه !"
هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه(53)دا به كێش وسه‌روای خۆماڵی و به‌ڕێبازی (ڕیالیزم) و به ناوه‌رۆكێكی عیرفانی ڕوو ده‌كاته‌ی ده‌رگای باری ته‌عالا په‌شیمانی ده‌رده‌بڕێت..
"هاتوومه ده‌رگای ڕه‌حمه‌تت خوایه
چونـــكه ده‌رگای تۆ هه‌رده‌م واڵایه
گه‌ر تۆ نه‌مبه‌خشی ئیتر ڕه‌نجه‌ڕۆم
ڕووڕه‌شی دونیا‌و ئاخیره‌م بۆخۆم"
.
دیلی ئاره‌زوو خـــــۆشی دونــیا بــوو
به‌و ڕۆژه‌ی گه‌یاندم تا تینی تیا بوو
ئێستاش په‌شیمان هاتوومه خـــــوایه
تـــه‌نیــا به‌زه‌ییــــم له تـــــۆ داوایــــــــه
ئیدی شاعیر له عیرفانه‌وه به‌سه‌ر قه‌یدوبه‌نده‌كاندا باز ده‌دات و بازی عیشقی مه‌جازی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی "به‌های ته‌مه‌ن" ده‌نیشێته‌وه ..
له لاپه‌ڕه (72)دا بۆ یار ده‌دوێت و ده‌ڵێت:
"چاوه‌كانت دوو ئه‌ستێره‌ن
له ئاسمانی دڵداریما
كه په‌ست ئه‌بم دڵخۆشكه‌رن
له شه‌وانی بێداریما
نه‌تبیستووه..
شه‌وان دڵدار كه یاد ئه‌كه‌ن
هیچ ناسره‌ون؟
یا شاد ئه‌بن له ئاكامی یادگاریا
یا مه‌ست ده‌بن !"
.
.
كه‌شتییكه‌ی (شوانی) ناوه‌ستێت و له‌كه‌ناری نیشتماندا له‌نگه‌ر ده‌گرێت وه‌ك هه‌میشه له سه‌نگه‌ری (په‌شێو)دایه‌و كه‌ڕه‌نای جه‌نگی ڕووه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی خه‌مساردو گه‌نده‌ڵه. وێنای شیعری ده‌خاته به‌ر دیده‌و هه‌ست ده‌بزوێنێت!
له لاپه‌ڕه(77)دا ده‌ڵێت:
"خودایه گیان هه‌نها تۆ ...
له‌م چه‌ند ڕۆژه زمان ببه‌خشه به دیواره‌كانی شار
تا بێنه گۆ
نه‌فره‌ت بكه‌ن له وێنه و پۆسته‌ر و هه‌ڵبژاردن و
به‌ڵێنی درۆ!"
له لاپه‌ڕه (75)دا پیاوێكی بێزار و ماندوو ده‌بینی؛ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌و‌ت ڕێ ده‌كات و به‌ره‌و منداڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه! به دوای به‌رائه‌تدا ده‌گه‌ڕێت و ده‌ڵێت:
"ده‌مه‌وێ منداڵ ببمه‌وه
تا له پیسی و درۆكانی ئه‌م سه‌رده‌مه پاك ببمه‌وه!
ده‌گه‌ڕێمه‌وه ئامێزی دایكم
چونكه باوه‌شی نیشتمانه‌كه‌م بۆگه‌ن بووه
ده‌چمه‌وه باخچه‌ی ساوایان
قێز له ڕووخساری سیاسی و حیزب و سه‌ركرده
فاشیله‌كان ده‌كه‌مه‌وه
بۆنی دۆلار و دینار هێڕی كردم
پێنج فلوسی ڕۆژانه حه‌ڵاڵه‌كه‌م
وه‌رده‌گرمه‌وه! "
شیعره‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی (شوانی) سه‌ودازه‌ده‌ی ژیانێكی جاویدانین، ئارام ئارام.. ده‌شنێنه‌وه!
له شیعرێكی تردا بۆ قووڵایی فه‌لسه‌فه ده‌چێته خواره‌وه؛ پرسیارگه‌لێكی هه‌یه‌و به‌دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێت.
له‌لاپه‌ڕه (9) ده‌ڵێت:
"ده‌مه‌وێ فێری چڕینی ئاوازی پێكه‌نین بم
تا له‌ناخی گریان بگه‌م
فێری نۆته‌كانی گریان ده‌بم
تا له‌هه‌ستی خه‌نده‌و
ڕۆحی پێكه‌نین تێبگه‌م
زۆر به دوای كلیلی به‌خته‌وه‌ری گه‌ڕام
دواجار له گیرفانی
خۆمدا دۆزیمه‌وه
تا خۆم نه‌گۆڕم
چیتر بیر له گۆڕانی جیهان ناكه‌مه‌وه
له‌مه‌ودوا
له چركه‌ساته‌كانی
تووڕه‌بووندا خۆم ده‌گرم
تا له‌ته‌واوی ژین‌دا به ئاسووده‌یی بژیم
چیتر شكست ناكامه ناسنامه‌ی خۆم
هه‌ڵده‌ستمه‌وه
سه‌ر له‌نوێ ده‌ست پێ ده‌كه‌مه‌وه
پرسیار ده‌كه‌م
تا به زیندوویه‌تی بژیم
كه‌مردیشم
وه‌ڵامه‌كانتان بۆ جێ دێڵم"
له كۆتایی ئه‌م (ڕانان)ه دا بۆ ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی (موحسین شوانی) له‌گه‌ڵ هیوای به‌رده‌وامی بۆ شاعیری ده‌نگ دلێر و ناخ جوان؛ ئومێده‌وارم ئه‌م دوو تێبینییه سه‌ره‌كییه‌م لێ قبوڵ بفه‌رموویێت.
یه‌كه‌م: له كۆی هه‌ر( 9 ) به‌رهه‌م لایه‌نی خاڵبه‌ندی و ڕێنووس ڕه‌چاو نه‌كراون، یان له زۆر جێگادا ئاماژه خاڵبه‌ندییه‌كان به هه‌ڵه به‌كارهاتوون.
دووه‌م: هه‌ندێك جار وه‌ها ڕووده‌دات شاعیرێك ئه‌وه‌نده شیعری شاعیرێكی تر ده‌خوێنێته‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ ڕه‌هه‌نده‌كانی پشته‌وه‌ی شیعره‌كانی ده‌كات تا سه‌ره‌نجدام بێ ئه‌وه‌ی خۆی بیهه‌وێت كاریگه‌ری به‌سه‌ره‌وه جێ ده‌هێڵێت و له ده‌ق و گوزارشته‌كانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه!
یان به‌هۆی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و په‌روه‌رده‌ی هاوبه‌ش و هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنی جوگرافی و... زۆر هۆی تر دوو ئه‌دیب یان دوو نووسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی خۆیان مه‌به‌ستیان بێت و بێ ئاگایانه تێكست و گوزارشتی له‌یه‌ك نزیك ده‌نووسن وه‌ك ئه‌وه‌ی له زۆر جێگادا سێبه‌ری شیعره‌كانی (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) له شیعره‌كانی (موحسین شوانی) ده‌بیندرێت!
(له كۆڕێكی ئه‌ده‌بیدا موحسین شوانی ئاماژه‌ی به‌و لایه‌نه كردووه كه كه‌مترین جار شیعری په‌شێوی خوێندۆته‌وه؛ ته‌نها یه‌ك به‌رهه‌م نه‌بێت)
كه‌وایه بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه به پێچه‌وانه‌وه پێویسته ورد ورد شیعره‌كانی (په‌شێو) بخوێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێت له هه‌ر چه‌شنه لێكنزیكییه‌ك له‌گه‌ڵ شیعره‌كانی (په‌شێو) و به‌ته‌واوی خۆی بێت و له داهاتوودا باشتر شیعره‌كانی نما بكه‌ن .
____________
* محسن حمدامین حسین ناسراو به موحسین شوانی له ساڵی 1971 له شارۆچكه‌ی مه‌خموور له دایك بووه.
خوێندنی قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له مه‌خموور ته‌واو كردووه.
بڕوانامه‌ی دبلۆمی له ڕاگه‌یاندن هه‌یه.
20 ساڵ خزمه‌تی مامۆستای قۆناغی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه.
یه‌كه‌م شیعری له‌ساڵی 1987 له گۆڤاری كاروان بڵاوكردۆته‌وه .