تەلەسكۆپی جێمس وێب بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدەدرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تەلەسكۆپی جێمس وێب بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدەدرێت

 

 

تەلەسكۆپی (جێمس وێب) شۆڕشێكی نوێ دەبێت لەبواری زانستی گەردوونناسی و لەوانەیە زانیاری زۆر نوێ و سەرسوڕهێنەرمان بۆ بخاتەڕوو لەسەر هەندێك لە نهێنیە نەزانراوەكانی گەردوون.

(جێمس وێب 100) ئەوەندەی تەلەسكۆپی هابڵ بەهێزترو هەستیارترە، هەرە ئاڵۆزترین ئامێری تەكنەلۆژییە كە تاوەكو ئێستا بەدەستی مرۆڤ دروستكرابێت، لوتكەو نوێترینی هەموو تەكنۆلۆژیاكان كە لەبەردەستی ئەمریكاو جیهانە تیایدا بەكارهێنراوە، تێچووی دروستكردن و هەڵدان و كارپێكردنیشی بۆ ماوەی (10) ساڵ لە (10) ملیار دۆلار تێپەڕ دەكات.

(جێمس وێب) دەتوانێت پشكنین بۆ نیشانە بایۆلۆژیەكانی هەسارە دوورەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر بكات (Biological.Marks)، لەوانەیە بۆ یەكەمجار پرس و ئەگەری ژیان لەهەسارە دوورەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆری ئێمە واتە هەسارەكانی تری نێو گەلەئەستێرەكەمان یەكلایی بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی تەمەنی گەردوون (13.8) ملیار ساڵە، بەڵام (جێمس وێب) چاوی ئێمە دەگێڕێتەوە بۆ هەرە سەرەتاكانی دروستبوونی گەردوون و تەقینەوە گەورەكە، بۆ تەنیا نزیكەی (300) هەزار ساڵ دوای دروستبوونی گەردوون، چاوەڕوان دەكرێت گەلێك لەنهێنیەكانی گەردوونمان بۆ ئاشكرا بكات، هەروەها وەڵامی هەندێك لەو پرسیارە قورسانەشمان بۆ بداتەوە كە لەوەتەی هەڵدانی تەلەسكۆپی هابڵ لەلامان دروست بووە..!

(جێمس وێب) جگە لەو بەهێزی و هەستیاریەی كە هەیەتی لە شوێنێكیش جێگیر دەكرێت كە پشتی لە زەوی و خۆر دەبێت و بە زرێپۆشێكی تایبەتیش دەپارێزرێت لە تیشكی خوار سوری خۆرو نیشانەكانی زەوی، بۆیە توانای بینینی تیشكە هەرە لاوازەكانی خوار سوری تەنە هەرە دورەكانی نێو گەردوونی دەبێت، بەو هۆیەشەوە دەتوانێت زۆر زۆر زیاترو قوڵتر ببینێت لە تەلەسكۆپی هابڵ، لە خولگەیەكیش جێگیر دەكرێت بە دەوری خۆر كە دوریەكەی نزیكەی یەك ملیۆن و نیو كیلۆمەتر دەبێت لە گۆی زەوی دور لەكاریگەری هێزی كێشكردنی زەوی، لەڕاستیدا تەلەسكۆپی (جێمس وێب) لەو شوێنەدا ئەویش لەو خولگەیە وەكو هەسارۆكەیەك لەگەڵ زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

بەپێی ئەو خشتەیەی ئێستای ناسا، چاوەڕوان دەكرێت تەلەسكۆپی (جێمس وێب) لە ڕێكەوتی 31 ی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ 2021 هەڵبدرێت بەرەو بۆشایی ئاسمان و لە خولگەكەی جێگیر بكرێت و دەست بەكار بێت، چاوەڕوانیش دەكرێت بتوانێت لایەنی كەم بۆ ماوەی (10) ساڵ كاربكات.

(لوقمان حەوێز – تێكساس)

 

هه‌واڵی گرنگ