سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو هۆكاری بایكۆت كردنی دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت ئێمە داوامان كردوە پارێزگار ئامادەبێت بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی قایمقامی بانگكردووە.
لەمبارەیەوە غازی عەلی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بەكوردیوی راگەیاند :ئێمە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن لە فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو ، كۆمەڵ ، گۆران و چەند ئەندامێكی یەكێتی واژۆمان كردبوو داوامان كردبوو كۆبونەوەیەكی بەپەلە بكرێت لە 22-12-2020 سەبارەت بە گرانبوونی بازار و گرانبوونی نرخی دۆلار كە كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی بازرگانەكان بیقۆزنەوە بۆ گرانبوونی بازارو كە كەلوپەلی پێشتریان هەیەو بیخەنە بازارەوە بە نرخی گران.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ كوردیو وتیشی :بۆیە ئێمە داوای كۆوبونەوەی بەپەلەمان كردبوو پارێزگار ئامادەبێت بۆ كۆبوونەوەكە بەڵام بەداخەوە دوای (30) رۆژ دەستەی سەرۆكایەتی بریاری كۆبونەوەكەی داوە و قایمقامی بانگكردووە ،بۆیە ئێمەش بە پیویستمان زانی كە لەبەر ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی داواو ناوەرۆكی یاداشتەكەی ئێمەی فەرامۆش كردووە بایكۆتی كۆبونەوەكە بكەین رەخنەی خۆشمان ئاراستە كردوون .
لەوەلامی پرسیاری ئەوە هۆكار چیە دەستەی سەرۆكایەتی پارێزگاری بانگ نەكردووە و قایمقامی بانگكردووە ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە دەستەی سەرۆكایەتی وتویەتی قایمقام پەیوەندیدارە بەم كارانە و ئێمەش وتومانە ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كە ئەنجومەنی سەرجەم قەزاو ناحیەكانە هەر سی و شەش ناحیە نەك تەنها قەزای ناوەندی هەولێر بۆیە دەبوایە پارێزگار بانگ بكرێت چونكە بەرپرسی یەكەمە لە یەكەی كارگێری سنوری پارێزگای هەولێر بەتێكرا بەسەرجەم قەزاو ناحیەكان.