ئهمرۆ دووشهممه، وتەبێژی ئاژانسی پاراستنی ئاوی ئهندۆنیسیا رایانگەیاند: دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی و پانامایی گرتووە، کە لە سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە نەوتیان بە نایاسایی گواستۆتەوە.
وێنسو پامادیتا، وتەبێژی ئاژانسی پاراستنی ئاوی ئهندۆنیسیا رایگەیاند: دەستیان گرتووە بەسەر کەشتی نەوتهەڵگری " ئێم تی هۆرس" ی ئێرانی و کەشتی " ئێم تی فری" هەڵگری ئاڵای پاناما، ئەو دوو کەشتییە چەندین کاری نایاساییان کردووە وەک کوژاندنی رادارەکانیان و پێدانی زانیاریی هەڵە بە بەرپرسانی دەریاوانی ئهندۆنیسیا و گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکیانەوە بۆ کەشتییەکەی دیکە.
بهرپرسهكهی ئهندۆنیسیا وتیشی: له ئێستادا کەشتییەکان بۆ دوورگەی باتام لە پارێزگای ریاو گواستراونەتەوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو دوو کەشتییە بکەن، ئهوان به هیچ شێوهیهك رێگە بە گواستنەوەی نەوتی قاچاخ و نایاسایی نادەن.