وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: بەپـێی تەندروستی عێراق لە كۆتایی مانگی سێ ڤاكسینی كۆرۆنا بەردەست دەبێت و لە ئێستادا هەرێمی كوردستان ڕێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەنزمبوونەوەدایە حاڵەتە مەترسیدارەكان و گیان لەدانیش بەهۆی كۆرۆناوە بەڕێژەیەی باش كەمیكردووە.
د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند:" تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەكەم بەتەواوەتی كات و ڕۆژی هاتنی ڤاكسینەكە (ڤاكسینی دژ بەڤایرەسی كۆرۆنا) بۆ عێراق دیاری نەكراوە،بەڵام بەپێی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی كەهەمانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ ئەوان دووپاتیدەكەنەوە كە لەكۆتاییەكانی مانگی سێ ڤاكسینەكە بەردەست دەبێت."
ووتیشی:" وەك دەزانرێت حكومەتی عێراقی بەشێوەیەكی فەرمی گرێبەستی هەیە لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر بۆ دابینكردنی ڤاكسین، بەپێی گرێبەستەكە نزیكەی شانزە ملیۆن پێكوتە بەشی عێراقە، لەقۆناغی یەكەم ملیونێك و پێنج سەد هەزار ژەمە ڤاكسین دەگاتە عێراق، لەو ڕێژەیەش بەدڵنیای پشكی هەرێمی كوردستانی تێدایە ئەوكاتەی كەدەگاتە عێراق، سەبارەت بەڕێژەكەش لەكاتی خۆیدا دیاریدەكرێت بەڵام مەجالی تێدانیە پشكی هەرێمی كوردستان پارێزراوە لەبابەتی هاتنی ڤاكسین ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش خۆی ئاگاداری ئەم بابەتەیە."
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت:" لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دانیشتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمێنەرانی ڤاكسین (كەپەسەند دەكرێن) چەند كۆبونەوەیەكمان لەگەڵدا ئەنجامداون وە بەردەوامیش دەبێت، بەبەپێی ستانداردە جیهانیەكانیش چەند (ئەولەویەتێك) هەیە لەدابەشكردنی ڤاكسینەكەدا چونكە ئێمە گروپی مەترسیدارمان هەیە.
د.ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بە (ئەولەویەتەكان) لەوەرگرتنی ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا زیاتر ڕوونیكردەوە" ئەو ئەولەویاتانەستانداردی جیهانین، كەدابەشكراون بۆ سێ گروپ، گروپی مەترسیداری پێ دەڵێن یەكەم گروپن و لەشكری سپی پێ دەڵێن ئەوانەی كەبەركەوتنیان هەیە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ توشبووانی كۆرۆنا پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەگرێتەوە، گروپی دووەمیش -هێزی"ئەمنی"دەگرێتەوە، گروپی سێیەمیش بەساڵاچووان دەگرێتەوە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كەچینەكانی تر بواری وەرگرتنی ڤاكسینەكەیان نەبێت نەخێر بەڵام ئەوانە لەقۆناغی یەكەمدا ئەولەویەتن."
د.ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بەدۆخی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان دەڵێت" خۆشبەختانە ئێستا ڕێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەنزمبوونەوەدایە حاڵەتە مەترسیدارەكان و گیانلەدانیش بەهۆی كۆرۆناوە بەڕێژەیەی باش كەمیكردووە ئەوەش بەهۆی چەند هۆكارێكەوەبوو، لەوانە ئەو ڕێكارانەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم گرتنیەبەر ڕێكاری زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبووان كەمبێتەوە لەوانە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی، وە توندكردنی ڕێنماییەكانی تەندروستی و داخستنی قوتابخانەكان هەروەها پابەندبوونی هاوڵاتیانیش لەبیر نەكەین "بەسوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو لایەك كە پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستین تاڕادەیەكی باش."