گەر چاکی نەکەن چاوەڕێی بژاردەی خراپتربن
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گەر چاکی نەکەن چاوەڕێی بژاردەی خراپتربن


مەلەفی نەوت مەلەفێکی ئاڵۆزە پێویستی بەوردەکاری و شارەزایی زۆر هەیە،هەموو بەرپرسیارییەکانی لایەنەکان چ حکومەت یا کۆمپانیا بەپێی گرێبەستەکان دیاری دەکرێت، گرێبەستەکان بنەمای مامەڵەی نێوان لایەنەکان دیاری دەکات و ئاستی بەرپرسیارێتی و مافەکانیانی تیا جێگیر دەکرێت. بنەمایەکی یاسایش هەیە کە دەڵێت ( العقد شریعە المتعاقدین) واتە "گرێبەست یاسای لایەنەکانی ڕێکەوتنەکەیە". هەرلەسەرەتای دەستکردن بە گرێبەستەنەوتییەکان ئەوشارەزاییە وەکو پێویست بوونی نەبووە، لەبەرئەوە تاڕادەیەک دەکرێت لەو سەرەتایەوە بەهانە هەبێت بۆ هەڵە و کەم و کوڕی.
ئەگەر چاوێک بە گرێبەستەکانی سەرەتادا بخشێنین کە حکومەت لە زەمانی دوو ئیدارەی دا کردوویەتی چ لە هەولێر یان لەسلێمانی، دەتوانین بڵێین لە خراپترینەکانن و ئەو گرێبەستانەشی لەو کاتەدا کراوە لە کۆپی یەک دەچێت ئەگەر چی لە دوو ئیدارەی جیاشدا کراون. بەڵام دواتر هەندێ گۆڕانکاری و هەمواری هەندیکیان کراوە، بەشێوەیەک ویستراوە هەڵەکان ڕاستبکرێتەوە. چ لە ڕێژەی موڵکانە و وەرگرتنەوەی خەرجی کۆمپانیاکان و تادەگات بە پشکی لایەنەکان لەقازانجی نەوتەکە. ئەم هەموارانە کاری باش بوون کە کراون لە کاتی خۆیدا. لەهەمان کاتدا هەندێ رێکەوتن کراون کە جێی ڕەخنە لێگرتن و پرسیار لەسەر کردن و گومانن تا ئەوکاتەی ڕوونکردنەوە دەدرێت لەسەریان و بەهانەکان دەخرێنە ڕوو.
لێرەدا دوو نموونەی زەق وەبیر دەهێنینەوە:
نمونەی یەکەم: ڕیکەوتنی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٧دا لە کێڵگەی تاوکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گەنێڵ ئەنێرجی لەسەر وازهێنانی حکومەت لە چەند مافێکی خۆی هەندێکیان تا پێنج ساڵ و هەندێکی تریش بۆ هەموو ماوەی گرێبەستەکە لە بری دەست هەڵگرتنی ئەو دوو کۆمپانیایە لە قەرزەکانیان کەلەلای حکومەت هەیانە. پێشتر و لە کاتی خۆیدا شیکردنەوەمان بۆ کرد، ئەو تەنازلەی هەرێم کردوویەتی لەباسترین باردا بۆ حکومەت زیاتر لە ٢ ملیاردۆلار لەسەر حومەت دەکەوێت، ئەگەری زۆر زیاتریش هەیە.
نمونەی دووەم: رێکەوتنی نێوان حکومەت و پێرێڵ پەترۆلیۆم(داناگاز) هەر لەهەمان ساڵدا و قەرەبوو کردنەوەی پێرێڵ بە ٢ ملیار و ٢٣٩ دۆلار لەگەڵ فراوان کردنی ناوچەی گرێبەستەکەو درێژ کردنەوەی ماوەی گرێبەستەکە تاساڵی ٢٠٤٩ واتە ١٧ ساڵ زیادکرا. ئەم ڕێکەوتنەی دانا گاز بەهەدەردانێکی زۆری داهاتیگشتییە و لە ئەنجامی مامەڵەی خراپی بەرپرسانی پەیوستدارە بەو مەلەفە چ بە ئەنقەست یان لە نەزانی وە یاخوود بە ئیهمالی کە هەرسێکیان لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت لەسەر بکرێت. پێش دوو ساڵ ڕاپۆرتێکی شیکاری درێژمان لەسەر ئەوکێشەیە هەر لەسەرەتاوە تاکۆتای گرێبەستەکە تا دەگاتە کێشەکان و دادگی و پاشان رێکەوتنەکە لەسەر نووسی لەگەڵ هاوریی بەڕێزم کاک فریا کاڵێ.
بەداخەوە حکومەت بژاردە دەکات لەوەڵامدانەوەی گومان و پرسیارەکاندا ( سێلێکتیڤە لەڕوونکردنەوەدا). تاوەکو حکومەت بەوئاراستەیە کاربکات هیچ خزمەتێک بە شەفافییەت ناکات کە بانگەشەی بۆ دەکات،گومانەکان زیاد دەبن کەم ناکەن.
ئا لێرەوە دەمەوێت سەرنجەکەم ببەستمەوە بە داوای عێراق بۆ تەسلیم کردنی هەموونەوتی هەرێم لە بەندەری جیهان و پاشان رادەستکردنەوەی شایستەی کۆمپانیاکان بە نەوت نەک پارە بەهەرێم. گەر هەرێم بەم خاڵە ڕازی بێت ئەوا هیچ دژ نییە لەگەڵ گرێبەستە کانی هەرێم. چونکە لەماددەی ٢٥ و ٢٦ ی گرێبەستەکاندا لەگەڵ کۆمپانیاکان هاتووە کە کۆمپانیاکان پشکی خۆیان بەنەوت وەردەگرن. سەرەتای گرێبەستەکان کرداری فرۆشتن و بەبازاڕکردن لەسەر کۆمپانیاکان بووە، بەڵام پاشتر هەرێم ڕێککەوتووە لەگەڵیان کە هەرێم خۆی مامەڵە بەنەوتەوە دەکات فرۆشتن و بەبازاڕکردنی لەئەستۆ گرتووە، لە پارەی نەوتی فرۆشراو پشکی کۆمپانیاکان دەدات.
کەواتە ئاساییە بگەڕێنەوە سەر گرێبەستە ئەسڵیە کەو ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەن کە هەریەکە و پشکی خۆیان بەنەوت وەربگرن.
لێرەدا لەوانەیە هەرێم کێشەیەکی تری بۆ دروست بێت جیاواز لە کۆمپانیا نەوتییە بەرهەم هێنەکان بەڵکو لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و کڕیارانی نەوت کە پارەی نەوتییان پێشەکی داوە، لەم حاڵەتەدا هەرێم چییان بداتێ کەنەوتی لەبەردەست نەبێت؟
بەپێی دواهەمین ڕاپۆرتی دیلۆیت هەرێم لە ماوەی ٩ مانگی ٢٠٢٠ دا ڕێژە ٤٢٫٥٪ ی بەتەنها داوە بە کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان بۆ خەرجی و قازانجیان وە ڕێژەی ١٤٫٣٪بۆ گواستنەوەی ناو هەرێم و ڕێژەی ٨٪ کرێی گواستنەوەی بۆری تورکیا ڕێژەی ١.٨ ی بۆ ڕسومات و پاکردنەوەی نەوت لە ئاو وخەوش چووە. ئەم خەرجیانە هەمووی دەکاتە ٦٦٫٦٪ ی هەموو بەرهەم.
هەموو بەرهەمی هەرێم ٤٥٠ بۆ ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت و بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ و پاڵاوتن بەکاردێت ئەوی دەمێنێتەوە هەناردە دەکرێت و دەفرۆشرێت. .
گەر هەرێم ٢٥٠ هەزاری ڕادەست بەغدا بکات واتە نزیکەی ٥٨٪ ی هەموو فرۆش. ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێم بریتییە لە ١٨٠ بۆ ١٨٥ هەزار بەرمیل واتە ڕێژەی ٤١٪ بۆ ٤٢٪ ی کۆی برهەمی ماوە بۆ شایستەکان.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ئەو ١٨٠ هەزار بەرمیلە تەنها بەشی شایستەی وەبەرهێنەکان دەکات، ئەی کرێی گواستنەوە لەچی بدرێت؟ ئەونەوتەی کە کڕدراوە و پارەی وەرگیراوە و دەبێت لە ئایندەدا ڕادەستبکرێت بەچی و چۆن چارەبکرێت؟ بەو شیوازەی کە تائێستا مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبردنی نەوت دەکرێت کە خەرجییەکی زۆر و بەهەدەردانی لەڕادەبەدەر بەدی دەکرێت ئەستەمە هەرێم بتوانێت پابەند بێت بەم بژاردەوە وە گەر پابەندیش بێت زۆر بەردەوام نابێت.
ئەگەر ئەم بژاردە بۆ هەرێم بەم شێوەیە بێت بژاردەی ترتا ڕادەیەک سەخت و ناخۆشە بەڵام هەرێم بەهۆی دواخستنی چاکسازیی و خۆمەشغوڵ کردن بە چاکسازی لاوەکییەوە خۆی بەئەم ڕۆژە گەیاندووە، ئەو بژاردەیەش ئەوەیە هەرێم ڕازی بێت هەموو بەرهەمی نەوت ڕادەستی حکومەتی ئیتحادی بکات لە بەرانبەردا شایستەی کۆمپانیاکان و گواستەنەوەی نەوت و قەرزەکان بخاتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق. گەربەغداد بەم بژاردە رازیبێت لەم باردۆخەی ئێستادا لە بەرژەوەندی هەرێمە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم بژاردەیەدا دەبێت هەرێمدەست بکات بەچاکسازی ڕاستەقینە و کاریگەر، ڕاستەوخۆ و بێ دواکەوتن چاوبخشێنێتەوە بە گرێبەستەکاندا بەوشێوەیەی داهاتی زیاتر بگەڕێتەوە و لەڕێگەی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانەوە دەست بکات بە کەم کردنەوەی خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان کە بریتییە لە خەرجی سەرمایە و خارجی کارکردن ( هەموو خەرجییەکی کێڵگە نەوتییەکان دەگرێتەوە چ لە خەرجی بەڕێوەبردنی ڕۆژانە تا خەرجی بەرهەم هێنان و ئامێرەکان) بە خۆماڵی کردنی هەلی کاری ناوخۆ دەبێت بەکرداری هەنگاوی جدی بۆ بنرێت لەگەڵ کۆتایی هێنان بە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لەرێی کۆمپانیاکانی پارێزگاری کردنی کێڵگەکانەوە بۆ لیوای نەوت و گاز چونکە ئەم خەرجیانەش لە تێچوی نەوت وەردەگیرێتەوە.بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئاستی جێبەجی کردنی گرێبەستەکان لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە بکرێت وەفشاریان بخرێتەسەر بۆ ڕاهێنان بە کرێکارە ناوخۆییەکان بە باشترین شێوە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا جێی کرێکاری بیانی بگرنەوە.
کارێکی تری حکومەت دەبێت پیاچونەوەی گرێبەستی گواستنەوەی نەوت بێت لەڕێی بۆرییەوە، بەتایبەت لەناو هەرێمدا کە بە هەموو پێوەرەکان دەبێت لە کرێی تورکیا زۆر کەمتر بێت نەک بە پێچەوانەوە.
گەرهەرێم ئەمە نەکات ئەوا بیانوو دەداتە بەغداد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا داوای بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت بکات تاوەکو خەرجی کەمبکاتەوە. بەڕێوەبردنی کێڵگەکانیش بەمانای دەرهێنانی مەلەفی نەوتە بەکردەیی لەدەستی هەرێم.هەربۆیە تا هانگاوەکانی چاکسازی سستبن و لە شتانێکدا کۆ بکرێنەوە کە کاریگەرییان سنوردار و کەمە چاوەڕیی بژاردەی قورستربکەین لەگەڵ بەغدادا.

 

هه‌واڵی گرنگ