لە ١٩٩٤ ەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە ١٩٩٤ ەوە

١٩٩٤ ، بۆ هەرێم ، ساڵی دەسەڵاتی چەک بوو ، یەکگرتوو ، وەک یەکەمین حیزبی ئیسلامی مەدەنی ، هاتە مەیدان . لە ژینگەیەکی ئاوادا ، بۆ حیزبێکی ئاوا ، دەبوو خاڵی هێز بدۆزرێتەوە ، تا بتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت . باشترین خاڵی هێزی حیزبی مەدەنی ، قەڵەم و میدیایە ، چون حیزبی مەدەنی ، بە هێزی لۆژیک ، موخاتەبەی عەقڵی گشتیی جەماوەر دەکات .

خەباتی مەدەنی ، لەئەوێ رۆژدا ، لە دوو رەهەندی ئاینی و نەتەوەییەوە ، دروشمێکی نامۆی نا مەفهوم ؛ هاوکات کردارێکی مەترسیداری بێ ئامان بوو.

یەکەم : رەهەندی نەتەوەیی چەکداری .

بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی ، بزافی چەپخوازی ، زاڵ بوو بەسەر هزری گشتی کۆمەڵگای کوردستانیدا ، ئەو واقیعە ، خەباتی سیاسی و رۆشنبیری و فەرهەنگی ، گرتبۆوە . لە کۆی گشتیدا ، بزافێکی چەپخوازی چەکداری نەتەویی ، بەرهەم هێنابوو.

هەر ئەو بزافە ، بەو هێزە چەکداری و مەعریفییەی کە هەیبوو ، مێژووی خۆی ، بە شەڕ و خوێنی ناوخۆیی ، سور کردبوو . هەر ئەو ئاسەوارە خوێناوییە ، لە ١٩٩٤ دا ، زۆر قورستر وترسناکتر و خوێناوی تر ، ئامادەیی هەبوو.

دووەم : رەهەندی ئاینی .

لە ژێر کاریگەری رەهەندی یەکەمدا ، ئاین ، وەک هێزی رەهای رۆحی و مەعریفی و شۆڕشکێڕی و ئیسڵاح خوازی ، کز و نامۆ و پەراوێز خراو بوو . ئەوەیش کە لە رۆحی بەرەنگاری ئیسلامیدا ، مابوو . هەوڵی تێکشانی دەدرا .

لەو دۆخەدا ، راگەیاندنی حزبێکی ئیسلامی مەدەنی ، لە راستیدا ، راگەیاندنی جەنگی مان و نەمان بوو، لەگەڵ هێزی سەپێنراوی ئەو دوو رەهەندەدا .

هێزێکی ئاوا، لە ناو فەوزای چەک و چەکداریدا ، بۆ ئەو رۆژگارە ، گەورەترین شۆڕشی مەدەنی ئیسڵاح خوازی ، پێکەوەگرێدراوی ئاینی و نەتەوەیی بوو .

بە واتایەکی تر ، یەکگرتوو ، بە هێمنی و پشوو درێژیی ئیسلام خوازی و نیشتیمان پەروەری ، ئەو دوو رەهەندەی تێکەڵ کرد و ، وەک یەک رەهەندی سیاسی و نەتەوەی و نیشتیمانی ؛ لە ستراتیژێکی مەدەنی و ئیسڵاح خوازیدا ، کردیە داینەمۆی جوڵەیەکی نوێی حیزبی سیاسی کوردستانی .

هەر ئەو ستراتیژەی یەکگرتوو ، دواتر ، بوو بە ستراتیژی هەموو حیزبە کوردستانییەکان و ، مەکتەبی عەسکەری حیزبەکانیان هەڵوەشاندەوە . هەر ئەو ستراتیژەی یەکگرتووە ، کە لە ١٩٩٤ ەوە ، داوای دورخستنەوەی چەک و چەکدار دەکات ، لە ململانێی سیاسی نێوان حیزبەکان و ، داوا دەکات ، حکومەت دەزگایەکی مەدەنی بێ ؛ بە سوپایەکی یەکگرتوی نیشتیمانیەوە ، کە لەدەرەوەی هەژمونی حیزبەکان ، کاری دەزگایی خۆی بکات . نەک دەزگایەک بێ ، بە دوو هێزی چەکداری و ، دوو ئاسایشی ، جیاوازەوە .

ئەمێستاش ، هەر ئەو ستراتیژەیە ، کە هەموو حیزبەکانی موعارەزە و ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ، ناوەندی رۆشنبیری و ئەکادیمی ، شێلگیرانە ، داوای دەکەن . هەرئەو ستراتیژەی یەکگرتووە کە لە ١٩٩٤ ەوە ، لە پاڵ ئەرکی تری مەدەنی و سیاسی ؛ حیزبی کردە ، دەزگایکەی خێرخوازی و ، لە سەرتاسەری هەرێمدا ، دەستی سەوزی فریاگوزاری بوو ، بۆ شار و لادێ .

ئێستاش ، هەمووان ، پیادەی هەمان ستراتیژ دەکەن .

کورت و کرمانجی ، یەکگرتوو ، گەر هیچی نەکردبێ ، ئەوەندەی بەسە ، داهێنەر و سەرمەشقی ، خەباتی مەدەنییە. خەباتی جیاکردنەوەی خوێنی کورد ، لە ملاملانێی سیاسی نێوان حیزبەکان.

 

هه‌واڵی گرنگ