وشەی ئیلحاد لە زماندا بە واتای لادان و ترازانە لەڕێگەی ڕاست و تێگەیشتنی دروست، هەر ئەمەش لەقورئاندا هاتووە، بەڵام لە ئێستادا وەكو زاراوەیەك بۆ نكۆڵیكردن لە بوونی خودایەك بەكاردەهێنرێت كه ئایینهكان باسی دهكهن، تهنانهت ئهو خودایهشی لهدهرهوهی ئایینهكاندا باسوخواسی ههیه. وەكو مێژوو ناتوانرێت سەرەتایەكی دیاریكراو بۆ ئیلحاد و ناخوداباوهڕیی دابنرێت گەرچی هیچ سەردەمێك خاڵی نەبووە لەكەسانی بێباوەڕ و مولحید، لە نێو فەیلەسوفە كۆنەكانی مرۆڤایەتیشدا باوەڕداری تێدابووە وەكو (سوقرات و ئەفڵاتوون و ئەرەستۆ)، بێباوەڕیشی تێدابووە وەكو (دیمۆكریتس و ئەپیكۆر)، ئەم دیاردەیە لەسەردەمی نوێشدا بەدی دەكرێت، دیارە باوەڕدارەكان زۆرن بەڵام نموونەی بێباوەڕ و مولحیدەكانیش كەم نیین كه (تۆماس هۆبس و دایڤیدهیۆم و ماركس و فیورباخ و ڕاسل و ستیڤن هۆوگینگ و ڕیتچاردداوكینز و سام هاریس) و هتد نموونهیانن.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە ئیلحاد لە نێو کورددا بوونی ھەبووە و ھەندێک جاریش تا ئاستێکی بەرز ھەڵکشاوە، ناتوانین بەروارێکی دیاریکراو دانێین بۆ دەرکەوتنی ئیلحاد لە کوردستان، ڕەنگە بتوانین باس لە دروستبوونی حیزبی ئیتحاد تەعالی و تەرەقی بکەین، کە دوو لە چوار دامەزرێنەرەکەی کوردبوون، ئەوانیش (عەبدوڵڵا جهودەت)، کە لە عربگیر لە دایکبووە و کورد بووە، ھەروەھا یەکێکی تر لە کوردە دامەزرێنەرەکانی حیزبی اتحاد الترقی (ئیسحاق سکوتلی) بووە، كهلە دیاربەکر لە دایک بووە. ڕەنگە عەبدوڵڵا جەودەت لە مولحیدە یەکەمینەکانی کورد بێت، بەو پێیەیە عەبدوڵڵا جەودەت کاریگەری تاکە کەسی ھەبووە لەسەر بڵاوکردنەوەی مارکسیەت لە باکوری کوردستان. بەو پێیە بێت عەبدوڵڵا جودەت لە یەکەمینە مارکسیە کوردیەکانە، ئەو کاتەی ھێشتا کورد خاوەنی گروپ و کۆمەڵەیەکی مارکسی نەبوو. دواتریش كۆمۆنیستی و بزووتنەوەی چەپ ڕۆڵیان هەبووە لە برەودان بە ئیلحاد و بێباوەڕی بە ئێستاشەوە.
دیارە لەبەرامبەر بوون و نەبوونی خوادا كۆمەڵێك زاراوە هەیە وەكو: (١) خوایی و ئلوهی (theism) كە بڕوابوونە بەخودای پەیامبەران، پەروەردگاری و (٢) ڕبوبی (deism) كە بڕوابوونە بەخوایەكی درووستكەر كە دیزاینەری گەردوونە و وەكو خودای ئایینەكان ئەمڕۆ نەهی و دەستوەردانی نییە. (٣) بێباوەڕی و ئیلحاد (atheism) ئەوەی ئێستا لێی دەدوێیین، (٤) نازانمخوازی و لائەدریی (agnosticism) كە نەباوەڕی بە خوایە و نە نەرێی دەكات و (٤) شتگەرا (letsism) كە بڕوای بەوەیە شتێك هەیە و هێزێك لەئارادایە بێ ئەوهی وێڵی گەڕان بێت بهدوایدا، و (٥) گوێپێنەدەر (apathies)كە بوون و نەبوونی خودای پشتگوێخستووە، لەگەڵ چەندین جۆریتر كه عهمر شهریف باسیان دهكات. كه ئەمە جگە لەوەی ئیلحاد دەكرێت گشتی و هەمە لایەن بێت و هەموو شت ڕەتبكاتەوە یان جوزئی و بەشەكی بێت، بڕوای بەخوایەك هەبێت بەڵام بە بێ بڕوابوون بە پەیامبەران و هتد، یاخود ئیلحادێك بێت بەپاڵنەری جیاجیای زانستی و فیكری و دەروونی و ئارەزووبازی و هتد..
هۆكارەكانی ئیلحادییش زۆرن، دەكرێت هۆكاری ژینگەیی و تەقلید یان یان هەندێک جار نەزانی و خۆبەگەورەزانی و هەوەسبازی بێت یان كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئهخلاقی بێت.. یاخود خراپی و سهرمهشق نهبوونی نوێنەرانی دین و ئاڵۆزی و ئیشكالی بەشێكی توراس و مێژووی مسوڵمانان و خودی دینداران بێت، یاخود گومانێك بێت سەرچاوەی گرتبێت لە زانستەكان و عەقڵگەرایی و وەڵام نەدانەوەی هەندێ پرسی گرنگ و چارەنووسساز.
لە ئێستادا و دوای یانزەی سێپتەمبەری (۲٠٠۱) بێباوەڕیی لە حاڵەتێکی تایبەت و هەڵاوێردە (استثنائي) ەوە گۆڕا بۆ ئەوەی ببێتە حاڵەتێکی ئاسایی، ئەوەتا بێباوەڕان ئەم دروشمەیان "پێکەوە دەتوانین چارەسەر بۆ ئایین بدۆزینەوە" بەرز کردەوە، ئایین وەها پێناسەی دەكەن كە هەموو شتێک ژەهراوی دەکات! بەڕادەیەك كە دەتوانرێت بووترێت بێباوەڕیی نوێ سروتی تایبەتی خۆی بەدەستهێنا، کە بێباوەڕ (جیفری ۆڵف) ناوی لێناوە (کەنیسەی ناباوەڕداران). کەئەمەش واتا چیدی بێباوەڕیی نوێ نەک تەنها گرینگی بە ئایینەکان نادات، بەڵکو چیدی لە جێی ئایینێکی شاراوەیە، دژایەتی کۆی ئایینەکانی دی دەکات. بێباوەڕان هەڵوێستی تایبەت و ئاشکرای خۆیان هەیە سەبارەت بە گەردوون و بوون و فەلسەفە و ژیان، ئەمە جگە لە جەمسەرگیریی بیروباوەڕیی و، خۆبەرزڕاگرتن بەسەر ڕەخنەدا کە هاوڕێیەتی بێباوەڕیی نوێ دەکات. یاخود بەدەربڕینی زمانزانی ناودار (نعوم چومسکی)، سەرکردەکانی بێباوەڕیی نوێ "دیندارگەلی دەمارگیرن". بۆیە دەكرێت بووترێت لە یەكێك لە سیماکانی بێباوەڕیی نوێ جەنگان و دژایەتییە و ئایینیش دوژمنەکەیە و بێباوەڕیی ڕاستییەکەیە لەم بوونەدا، وەلێ ئایینەکان تەنها خورافە و خەیاڵ پڵاون. نەک تەنها خوڕافە، بەڵکو بنەڕەتی شەڕ و خراپییەکانن. بەم متمانەیەوە بێباوەڕان برهو بە بیرۆکەکانیان دەدەن. تا بێ ئایینی و گومان و گرنگی نەدان؛ ببنە ڕێگای ڕزگاربوون لەنەخۆشییە دەروونییەکان و، خراپەکارییەکانی جیهان! لەكاتێكدا پێچەوانەكەی تەواوە.
ڕێگەچارەی ئیلحاد لەئەمڕۆدا پشتگوێخستنی نییە، یان ئەوە نییە بە نەخۆشی نەفسی بیناسێنیت و بەدەرهاویشتەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان ئەژماری بكەیت یاخود بە كەمینەیەكیان دابنێییت كە خواستی حەزوئارەزوو پاڵنەری بۆچوونەكانیانە، یاخود بێئاگان لە دین و زانیارییان نییە، گەرچی دەكرێت هەریەكە لەو هۆكارانە پاڵنەریش بن بەڵام تاكەپاڵنەر نین بگرە هەندێ جار پێچەوانەكەشی هەبێت، (ئهمه جگه لهوهی جیهانی بێ مولحیدیش مهحاڵه، و خودا ڕێگهی داوه مرۆڤ بتوانێت بێباوهڕبێت بهخالیقهكهشی). بەڵكو دەبێت بە هۆشێكی ئارام و زانستێكی پڕ و زەمینەیەكی ساز و دەروونێكی ئارام و خەمێكی جیدییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا بكرێت. دەبێت ئاشنای پاڵنەرە ڕاستەقینەكان و چارەسەرە دروستەكان بین، پێداچوونەوەی مەعریفەی خۆمان بكەین و پاڵفتەكردنی توراسیش لەئارادا بێت و كاربكەین بۆ ئەوەی بیروباوەڕمان هەڵقوڵاوی وەحی و فیكر و عەقڵ و ویژدان و ئەخلاق بێت، جوانییەكانی ئیسلام لەنێو ئەو تەپوتۆز و لێڵییەدا بدرەوشێنینەوە، خەڵكانێكی پسپۆڕ و خەمخۆر كاری لەسەر بكەن و نەوەیەكی نوێی بۆ تەییار و ئامادە بكرێت و هۆكارەكانی نوێی قەناعەتپێكردن و تێگەیاندن و پێگەیاندن و گەیاندنی بۆ بخرێتە كار و لەهەمان زەمینەی مولحیداندا كاری بەرهەمدار ئەنجام بدرێت.
ئەوكات ئیمان كە فیترەت و بەڵگە زۆرەكانی گەردوون و بوون و ژیان و ئەخلاق و شهوود و ئامانجداری و هیواداری پاڵپشتی لێ دەكەن بێگومان سەردەكەوێت و دەتوانێت ئارامی و ئاسوودەیی بۆ ناخی مرۆڤەكان بگێڕێتەوە كه لهههموو كات زیاتر پێویستیانه.
لە ئێستاشدا جگە لە كتێبە (عەرەبی و ئینگلیزی)یەكان چەندین كتێبی باشی تایبەتمەند لەو بارەوە بە كوردی چاپ كراوە و دەكرێت سوودیان لێ ببینرێت بۆ چەسپانی ئیمان و باوەڕبوونێكی پتەو بەخوا و كەلێن و گیروگرفتەكانی ئیلحاد و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڵگانەی پەنای بۆ دەبەن، هاوكات ئاشنابوون بەڕێبازە جۆرەبەجۆرەكانیان و ناسینی كهسایهتییهكانیان و پهشیمان بوونهوه و گەڕاندنەوەی بەشێكیان بۆ ئیمان و خواناسی.
سەرچاوەكان:
بۆ ئەم بابەتە و زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم سەرچاوانە:
١. كتێبەكانی د.عەمر شەریف (خورافەی ئیلحاد، بوونەوەر چۆن بەدیهات، ئیلحاد گرفتێكی دەروونییە!، گەشتی عەقڵ) كە نووسینگەی تەفسیر چاپی كردوون.
٢. (ئیلحاد وەكو خۆی)، صلاح الدین أحمد، ئاستانە، چ١، ٢٠١٩.
٣. (دژە ئیلحاد)، د.أحمد خيري العمري، ڕێنوێن، ٢٠١٨.
٤. (بهرنامهی رواسخ)ٚ، كهناڵی رواسخ له یوتیوب.
٥. (مرۆڤە بێویستەکان)، ئاڤار قهرهداغی، ڕێنوێن، ٢٠٢٠.