لەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە كۆمەڵێ فاكتەرو هۆكار هەن كاریگەری دروست دەكەن لەسەر توانای لەش بۆ ساڕێژ كردنی برین لەوانەش:
1. بەرزی ڕێژەی شەكر لە خوێن (High blood sugar levels) بڕی ڕێژەی شەكر لە خوێندا یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكیەكان بۆ ساڕێژ بوون و چاك بوونەوەی برین، بۆیە كاتێك ڕێژەكەی زیاتر دەبێ لە ئاستی ئاسایی خۆی ئەوا دەبێتە هۆی ئەمانە ...
- ڕێگری كردن لە خۆراكە ماددەو ئۆكسجینی پێویست بۆ خانەكان.
- ڕێگریكردن لە كارامەیی و فرمانی كۆئەندامی بەرگری بەشێوەیەكی سەرەكی، كە ئەمانە كاریگەریان هەیە لەسەر درەنگ ساڕێژبوونی برین.
2. نیوڕۆپاپی (دەردە دەمار) بەهەمان شێوە بەهۆی بەرزی ڕێژەی شەكر لە خوێندا بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی تێكچوونی دەمارو لوولەكانی خوێن لە پەلەكانی نەخۆش بەتایبەت دەست و پێیەكان كاتێكیش ئەم تێكچوونە ڕوودەدات كەسی توشبوو هەست بە برینەكە ناكات، چونكە هەستە وەرگرەكان لەدەست دەدات، هەر بۆیەش دادەنرێ بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان كە بۆچی برینی پەلەكان بەتایبەتریش پێیەكانمان باوترە لە كەسی توشبوو بە شەكرە.
3. (ناتەواوی) سستی لە جوڵەی خوێن (Poor circulation) كەسی توشبوو بە شەكرە دوو ئەوەندە چانسی شێواوی یان ناڕێكی لە جوڵەی خوێن بەناو لوولەكان هەیە وەك لە كەسی ئاسایی، ئەمەش دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن بەمەش بڕێكی كەم خوێن دەچێت بۆ پەلەكان، وە كاریگەری هەیە لەسەر پێداڕۆشتنی خانە خڕۆكە سوورەكان بەناو لوولەكانی خوێن بە ئاسانی (ئاستەنگی دروست دەكات)، بەرزی ڕێژەی شەكریش خەستی خوێن زیاتر دەكات و كاریگەریش دروست دەكات لەسەر جوڵەی خوێن.
4. دابەزینی كۆئەندامی بەرگری (Immune system deficiency) زۆربەی كەسی توشبوو بە نەخۆشی شەكرە كێشەیان هەیە لە كۆئەندامی بەرگری بەوەی كەوا ژمارەیەك لە خانە شەڕكەرەكان (خڕۆكە سپیەكانی خوێن) دەنێردرێن بۆ ساڕێژكردنی شوێنی برینەكە، بەڵام ناتوانن بە تەواوی فرمانەكانیان جێبەجێ بكەن، بەوەش ئەگەر كۆئەندامی بەرگریمان بە تەواوی چاڵاك نەبێ و كار نەكات ئەوا ساڕێژبوونی برینەكە درەنگتر دەبێ و مەترسی توشبون بە نەخۆشی زیاتر دەبێ.
5. (توشبون) نەخۆشی (Infection) ئەگەر كۆئەندامی بەرگری كار نەكات بەشێوەیەكی تەواوو ڕێك ئەوا لاشەمان ناتوانێ بەرگری بكات لە بەكتریاو زیندەوەرە زیان بەخشەكان بەوەش دەبێتە هۆی نەخۆشی، بەرزی شەكر لە خوێندا ئەگەری توشبون بە نەخۆشی زیاد دەكات ئەمەش لەبەر ئەوەی بەكتریا بە بوونی بڕێكی زیاتر شەكر لە خوێندا لە ئاستی ئاسایی خۆی گەشە دەكات، بەهەمان شێوە بەرزی شەكر لە خوێندا ڕێگری دەكات لە خانەكانی كۆئەندامی بەرگری بۆ ئەوەی توانایان هەبێ و هەڵبستن بە لەناوبردنی بەكتریا.
(سەران جونیدی زاهیر – خوێندكاری پزیشكی)