هەنێ جار گیران لەڕێڕەوی میزدا دروست دەبێت و ناهێڵێ میز لەگورچیلە بێتە خوارەوەو لە لەش دەربچێت، لەئەنجامدا گورچیلە دەئاوسێت و ئەگەر لەكاتی خۆیدا پێی نەزانرێت ئەوا دەبێتە هۆی سست بوونی گورچیلە.
هۆكار زۆرە بۆ گیرانی گورچیلە وەك گیرانی بۆری گورچیلە بەهۆی بەردو تەسك بوونەوەو شێرپەنجەو گەورەبوونی لیمفەگرێكان و گەورەبوونی پڕۆستات و گیرانی زگماكی حەوزی گورچیلە.
ئەم جارە باسی گیرانی حەوزی گورچیلە دەكەین.
لەكوێدا حەوزی گورچیلە تەواو دەبێت و بۆری گورچیلە دەست پێدەكات، گیران دروست دەبێت و دەبێتە هەڵئاوسان و گەورەبوونی گورچیلەكە، چونكە ئەو میزەی كە گورچیلەكە دروستی دەكات ڕێگەی نابێت بڕواتە خوار لە گورچیلەو ئاوسان دروست دەكات.
هۆكارەكان كامانەن ؟
1. زگماكی، واتە هەر لە تەمەنی كۆرپەییەوە لەسكی دایك نەخۆشەكە گیرانی حەوزی هەیە.
2. نەشتەرگەری، واتە نەخۆش دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەردی گورچیلە برینداری دروست دەبێت و دەبێتە هۆی گیران.
3. كیسی ئاوی گورچیلە، هەنێ جار لەوانەیە كیسەكە نزیكی حەوزی گورچیلە بێت و فشار بخاتە سەر بۆری گورچیلەو گیران دروست بكات.
4. شێرپەنجەی بۆری گورچیلە یان دەوروبەری حەوزی گورچیلە.
نیشانەكان و زیانەكانی گیرانی حەوز :
نەخۆش هەست بە ئازاری گورچیلە دەكات كاتێك شلەمەنی زۆر دەخواتەوە یان تووشی هەوكردنی گورچیلە دەبێت، لەوانەیە نەخۆش تای هەبێت و لەكاتی میزكردن سووتانەوەو میزە چركەی هەبێت.
ئەگەر لە كاتی خۆیدا چارەسەر نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی دروست بوونی بەردی گورچیلەو سست بوون و وەستانی گورچیلە بەتەواوی.
دەست نیشان كردن:
لەڕێگەی پرسیاركردن لەنەخۆش و پشكنینی سەریری و پشكنینی خوێن و میزو ئەشیعەی رەنگاو رەنگ و تەنووری و ئەشیعەی ناووكییەوە دەبێت.
چارەسەر:
چارەسەری گیرانی حەوزی گورچیلە لەڕێگەی نەشتەرگەریەوە دەبێت ئەگەر پێویست بەچارەسەر بكات.
(د. كاوە فەقێ رەحیم – پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆ)