ڕێكخراوی كلتوری سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان یونسكۆ (21/2) ی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دیاریكردووە، نەتەوە یەكگرتووكان پێشبینی دەكات تا كۆتایی سەدەی (21) نیوەی زمانەكانی جیهان لەناوبچن، بەپێی ڕووپێوییەكانیش هەر (12) ڕۆژ جارێك لە جیهاندا زمانێك لەناودەچێت.
مێژووی ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1952)، پاش جیابوونەوەی پاكستان لە هیندستان و لكاندنی ویلایەتی بەنگلادیش بەپاكستانەوە، زمانی فەرمی پاكستان زمانی ئۆردوو بوو، بەنگالییەكانیش ناچاركرابوون زمانی ئوردوو لە پەروەردەو خوێندندا بەكاربهێنن.
لە ساڵی (1952) كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆی بەنگلادیش كەمپینێكیان بۆ زمانی بەنگالی سازدا، بەڵام ڕۆژی (21/2/1952) پۆلیسی پاكستان تەقەیان لێكردن و بەهۆیەوە چەندین خوێندكار گیانیان لەدەستدا.
بۆ ڕێزگرتن لە زمانەكانی سەرجەم نەتەوەكانی جیهان، ساڵی (1999) ڕێكخراوی كلتووری سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان یونسكۆ ڕۆژی (21/2) ی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دەستنیشان كرد.
دۆخی زمانی دایك لە جیهاندا چۆنە ؟؟
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەی حەوت هەزار و (117) زمان لە جیهاندا بوونی هەیە، لە حەفتا ساڵی ڕابردووشدا زیاتر لە (200) زمان لە جیهاندا لەناوچوون.
ڕووپێوییەكانی یونسێف دەریدەخەن (40%) ی زمانەكانی جیهان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم سەدەیە سێ هەزار زمان لە جیهاندا لەناوبچن، ئەوەش بەنزیكەیی دەكاتە نیوەی كۆی زمانەكانی جیهان، واتە هەر (12) ڕۆژ جارێك زمانێك ناودەچێت.
داتاكانی یونسێف دەریدەخەن، زیاتر لە چارەكی زمانەكانی جیهان لەلایەن كەمتر لە هەزار كەسەوە بەكاردەهێندرێن، (184) زمانیش لە جیهاندا لەلایەن كەمتر لە (10) كەسەوە بەكاردەهێنرێت.