یەکێک لەو هونەرانە، هونەری ڕەفتارو مامەڵەی (نەرم و نیانی)یە لەگەڵ بەرامبەر، هەروەها دیندارییە بە میتۆدی (میانڕەوی). بۆیە دەڵێم هونەر چونکە هەموو کەسێک ناتوانێت مومارەسەی نەرم و نیانی و میانڕەوی بکات و خۆی ڕابگرێت لەبەردەم کۆسپەکانی ئەم ڕێگایانەدا.
سەبارەت بە نەرمو نیانی مامۆستا عبدالكریمی مودەریس دەفەرموێت: "نەرم و نیانی داوێکە
هەموو دوژمنێک ڕاو دەکات"
ئەگەر بۆ دوژمن بەو شێوەیە بێت، دەبێت نەرمونیانی بەرامبەر کەس و کارو دۆست و ئەحباب چەندێک کاریگەری ئەرێنی هەبێت.
هەروەها نیعمەتی نەرم و نیانی کە خوا داویەتی بە مرۆڤ، پێغەمبەری خوا درودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: ( إن الله إذا أحب أهل بيت أدخل عليهم الرفق ).
واتا: بەڕاستی خوای گەورە ئەگەر خانەوادەیەکی خۆش بووبێت، ئەوا نەرم و نیانی دەخاتە ناویان.
لێرەوە دەردەکەوێت کە نەرم و نیانی لەهەرە جوانترین ئاکارو ڕەوشتە بەرزەکانە بەرامبەر بە خەڵک.
نەرمونیانی کلیلی کردنەوەی هەموو قفڵێکە کە لەدڵ یان چاو یان گوێ درابێت.
نواندنی نەرمونیانی بەرامبەر مسوڵمانان زیاتر پێویستە، چونکە هەموومان ڕۆژانە لە نوێژدا یەک دروشم دەڵێینەوە کاتێک بەرامبەر بە خوای گەورە ڕادەوەستین، دەڵێین (إياك نعبدوا وإياك نستعين).. ئیتر دەبێت ڕەگی توندوتیژی و ڕق و قین لەدڵدا هەڵبکێشین، لەشوێنیدا تۆوی خۆشەویستی وبرایەتی بەرامبەر بە مسوڵمانان بنێژین.
سەبارەت بە شێوازی میانڕەوی لە دینداریدا، شەهید بەننا بە هاوەڵەکانی فەرموو: “كونوا مع الناس كالشجر، يرمونه بالحجر فيرميهم
بالثمر" واتە لەگەڵ خەڵکی وەکو داری بەرداربن، کاتێ خەڵکی بەردی تێدەگرن، ئەو بەریان تێ دەگرێت.
د.محسن عبدالحمید دەفەرموێت: " ڕۆژئاواییەکان چاک دەزانن کە شارستانیەتی مادی ڕۆژئاوایی تەنیا شارستانیەتی ئیسلامی میانڕەوی دادپەروەر لەبەرامبەری دەوەستێتەوە، بۆئەوەی ئەم گەواهی دانە جێ بەجێ ببێت، دەبێت جیهانی ئیسلامی بەرنامەی میانڕەو بە بنەماو بنچینەو مەبەستەکان جێ بەجێ بکات".
هەربۆیە دەبێت زمانی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن بکەینە هۆکاری لێک نزیکبوونەوە، چونکە زمانی زبرو لێک تێنەگیشتن هۆکاری خراپی و دوورکەوتنەوەی لێ دەکەوێتەوە، هەموو دەزانین کە لەسیرەدا هاتووە کاتێک پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت لە صوڵحی حودەیبیە لەگەڵ سوهەیلی کوڕی عەمر کە نوێنەری قوڕەیش بوو ڕێککەوتن، سوهەیل بەهەندێک دەستەواژەی ناو صوڵحەکە ڕازی نەبوو، پێغەمبەر گیان درودی خوای لەسەر بێت بەدڵی سوهەیلی کرد هەرچەند ئیمامی عەلی و مسوڵمانان پێیان ناخۆش بوو، ئیمامی عەلی دەستی تێ نەچوو بیسڕێتەوە، بەڵام پێغەمبەری نازدار بەئیمامی عەلی فەرموو کامەیە با خۆم بیسڕمەوە، ئینجا خۆی سڕیەوە. ئەمە نەرمونیانی و میانڕەوی بوو لە گەیاندنی پەیامی خوا نەک شکست و پاشەکشێ، هەر بۆیە ئەم صوڵحە بووە سەرەتایەکی پرشنگدار بۆ فەتحی مەککەی پیرۆز.
لەکۆتایدا دەپاڕێینەوەو دەڵێین: خودایە لە نیعمەتی نەرم و نیانی بێ بەشمان مەکە و لە شەڕ و خڕاپەی نەفسمان بمانپارێزە و بمانخەرە سەر ڕێگای فێرگەی دینداریەکی میانڕەوانە...
اللهم آمين