عەلی خامنەیی: وڵاتەکەی هەرگیز لە بەرامبەر سزا و گوشارەکانی ئەمریکا خۆی بەدەستەوە نادات
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

عەلی خامنەیی: وڵاتەکەی هەرگیز لە بەرامبەر سزا و گوشارەکانی ئەمریکا خۆی بەدەستەوە نادات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگه‌یاند: واشنتن دەیەوێت رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی سه‌ركه‌وتووبێت، له‌به‌رامبه‌ر وته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رابەری باڵای ئیسلامی ئێران ده‌ڵێت: وڵاتەکەی هەرگیز لە بەرامبەر سزا و گوشارەکانی ئەمریکا خۆی بەدەستەوە نادات.

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئیسلامی ئێران رایگەیاند: وڵاتەکەی هەرگیز لە بەرامبەر سزا و گوشارەکانی ئەمریکا خۆی بەدەستەوە نادات، ئەگەر پێویست بکات رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60% بەرزدەکەنەوە، ئەوەش وادەکات توانای تاران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبێتەوە.

رابەری باڵای ئیسلامی ئێران وتیشی: ئێران هەرگیز بەدوای دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە، بەڵام ئەگەر بیەوێت، کەس ناتوانێت رێگە لە تاران بگرێت و ده‌توانین له‌ زووترین كات به‌ده‌ستی بهێنین .


ئه‌م قسانه‌ی خامنەیی لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ تاران رێککەوتوون تاوەکو سێ مانگی دیکە، رێگە بە پشکنەرەکانیان بدرێت، چاودێریی چالاکییەکانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن.


بە گوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران بۆی نییە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 3.67% زیاتر بکات، ئەو رێژەیەش بەسە بۆ دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە، بەڵام ئێران کە بانگەشەی ئەوە دەکات پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی بەو شێوەیە کە لەسەری رێککەوتن کراوە، ئێستا لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆو رێژەکەی بۆ 20% بەرزکردۆتەوە.

جێگه‌ی باسه‌، یۆرانیۆم چەند زیاتر بپیتێنرێت، تیشکدانەوەکەی زیاتر و بەهێزتر دەبێت، دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی پێویستی بەوەیە ئەو ماددەیە بە رێژەی 90% بپیتێندرێت و، لانیکەم 15 کیلۆی لێ بەرهەمبهێنرێت، پێشتریش ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دابوو، کە ئێران تەنیا یەک هەنگاوی تەکنیکی لەوە دوورە.

هه‌واڵی گرنگ