سلێمانی..شێوازێکی نوێ بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل راگەیەندرا
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سلێمانی..شێوازێکی نوێ بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل راگەیەندرا

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ڕایگه‌نێت،ئەو هاوڵاتیانەى ئۆتۆمبێل دەکڕن پێویستە لەماوەی ٣٠ رۆژدا ئۆتۆمبێلەکەی بکات بەناوی خۆیەوە، ئەمەش لەپێناو کۆتایی هێنان بەو کێشە زۆرەی بەو هۆیەوە دروست بووە.

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 23 ی شوباتی 2021 فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتى هاتوچۆی سلێمانی، بە میدیاکانی راگەیاندووە،  "ئێستا بڕیار و رێنمایی نوێ هەیە سەبارەت بە رێکخستنی کارەکانی کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، لەمەودوا پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش لە چوارچێوەی کۆمپانیادا رێکدەخرێن، بەوپێیەی دەبێت هەموو ئەو کۆمپانیایانە پابەندبن بەو مەرجانەی بۆیان دیاریکراوە و لەمەودوا سیستمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت کە پێی دەوترێ سیستمی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، بەوپێیە دەبێت کۆمپانیای هاوردەکار پابەندبێت بەوەی کە ئۆتۆمبێلێک هاوردە دەکات لەماوەی ٩٠ رۆژدا ئەگەر نەیفرۆشت تۆماری بکات لەسەر کۆمپانیاکەی خۆی".

بەڕێوەبەری گشتى هاتوچۆی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "هەر کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و هەر هاوڵاتییەکیش کە ئۆتۆمبێلی دەستی فرۆشیارێکی دیکە دەکڕێت، دەبێت لە یەکێک لە پێشانگەکانى ئۆتۆمبێل گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆ بکرێت و گرێبەستەکەش راستەوخۆ دەچێتە ناو سێرڤەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە لە هەر پارێزگایەک لە سنوری خۆی".

بەڕێوەبەری گشتى هاتوچۆی سلێمانی باسی له‌وه‌ش كرد، "ئەو هاوڵاتیانەى ئۆتۆمبێل دەکڕن پێویستە لەماوەی ٣٠ رۆژدا ئۆتۆمبێلەکەی بکات بەناوی خۆیەوە، ئەمەش لەپێناو کۆتایی هێنان بەو کێشە زۆرەی بەو هۆیەوە دروست بووە، چونکە لە ئەنجامی کڕین و فرۆشتنی یەک بەدوای یەک و تۆمارنەکردنی گرێبەستی فرۆشتن و نەگواستنەوەی خاوەندارێتی؛ کێشەیەکی زۆر دروست بووە".

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، "تائێستا ئامارێکی فەرمی نیە بۆ ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل کە هاتونەتە ناوەوەی هەرێم، بەڵام مەزەندە دەکرێت بە هەزاران ئۆتۆمبێل و گرفتێکی گەورەیان بۆ هاتوچۆ دروستکردووە، هەندێکیان بەبێ ژمارە یان بە ژمارەی ساختە دەسوڕێنەوە و مەترسی ئەمنیان دروست کردووە، چونکە هیچ ناسنامەیەکیان نییە".

ئەوەشى خستۆتەڕوو، "پێشنیارمان کردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لەبەرئەوەى ژمارە ئەو ئۆتۆمبێلانە ئەوەندە زۆرە و لێپرسینەوە لەگەڵیان دژوارە، چارەسەری پێویست ئەوەیە رەوانەی گومرگ بکرێن و رسوماتی گومرگی بدەن و تۆماربکرێن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردودا وەزارەتی ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل.

هه‌واڵی گرنگ