سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هەر چوار پارێزگاری هەرێم بڕیاریدا بە گوژمەی 349 ملیارو 702 ملیۆن دینار پارە بۆ پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكان تەرخان بكات.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی شوباتی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە گەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو، پلانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانیی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کران کە بە داهاتی بەردەستی حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و کۆی گشتی کوژمەکە ، 349 ملیار و 702 ملیۆن دینارە.