ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانی سوپای پاسداران لە یەكێك لە گوندەكانی پیرانشاری پارێزگای ئورمیە، دوو برایان دایە بەر دەسڕێژی گوللە.
لەمبارەیەوە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردۆتەوە:رۆژی چوار شەممە24ی شوبات، هێزەكانی سوپای پاسداران لە ڕێگای گوندی “شیناوا” بەرەو گوندی “زێدان”ی سەر بە شاری پیرانشار، بە بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت دەسڕێژیان لە ئوتۆمبێلێك كرد و دوو برایان كوشت.
ئاماژە بەوەشكراوە : تەرمی ئەو دوو برایە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گوازراوەتەوە بۆ پیرانشار و ئیتلاعاتی پیرانشاریش باوك و دایك و چەندین كەسی دیكەی ئەندامی بنەماڵەی ئەو دوو برایەی دەستبەسەر كردووە.
لای خۆشییەوە میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، وەزارەتی ئیتڵاعات ئاشكرایكردووە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا توانیوانە هەوڵێكی “تیرۆریستی پووچەڵ بكەنەوە و توانیوشیانە دوو كەس بكوژن.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بە هاوكاری ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و بڕیارگەی حەمزە سەیدوشوهەدا هەوڵی دوو “تیرۆریست” بۆ ئەنجامی ئۆپەراسیۆن لە شاری پیرانشار پووچەڵ كرایەوە و هەر دووكیان لە پێكدادانێكی چەكداری كوژران.