وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەبارەی تۆمەتبارکردنی شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی بە کوشتنی جەمال خاشقچی وەڵامی سی ئای ئەی ئەمریکا دەداتەوە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا، تۆمەتبارکردنی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی بە کوشتنی جەمال خاشقچیی نووسەر، ”بە توندی“ رەت دەکاتەوەو رایگەیاندووە، ”گرووپێک، کە لە هەموو سیستەمێک لایان داوە“، بەرپرس بوون لە کوشتنی خاشقچی و رێکاری دادوەریی پیویستیان لە دژ گیراوەتە بەر.
ئەمەش دوای ئەوەهات كە ئاژانسی هەواڵگری سی ئای ئەی ئەمریکی راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە: محمد بن سەلمان جێنشینی سعودیە فەرمانی رفاندن یان کوشتنی خاشقجی داوەو 21 کەس فەرمانەکەی بن سەلمانیان جێبەجێکرد بۆ کوشتنی خاشقجی.
جەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2-10-2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6-10-2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.
دواتر له رۆژی شەممە 20-10-2018،دواى 18 ڕۆژ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعوودیە، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقچی لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر بهو هۆیهوه، گیانى لهدهست داوه.