رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند: رەوشی کۆرۆنا لە عێراق سەقامگیرەو لە داھاتوشدا ڤاکسینی زیاتر دەگاتە وڵاتەکە.
وائل حەتاحت سەرۆکی تیمی فریاکەوتن لە رێکخراوی تەندروستی جیھانیی – لقی عێراق، رایگەیاند: بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خێراتر بڵاودەبێتەوە جێی نیگەرانی بوو، بەڵام رێکخراوەکە تێبینی کردوە کە ھەفتەی رابردوو ئامارەکانی کۆرۆنا لە عێراق جێگیر بووە، لەگەڵ ئەوەدا کە ئامارەکە کەمنەبووەتەوە، ھاوکات بەرزتریش نەبووەتەوە.
سەرۆکی تیمی فریاکەوتن لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە: جێگیربوونی ئامارەکان ئەرێنییە و نیشانەیە بۆ ئەوەی کە رەوشەکە تا رادەیەک سەقامگیرە.
لەبارەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆناش بۆ عێراق رایگەیاندوە، ئەوەی تا ئێستا گەیشتوە لەرێی کۆڤاکسەوە نەبووە، ڤاکسینەکانیش بە بڕێکی باش دەگەنە وڵاتـەکە تا قۆناغی یەکەمی بەکارھێنانی بەسەرکەوتویی بەرێوەبچێت و دواتریش ڤاکسینی زیاتر دەگاتە عێراق.