تاوەکو ئێستا تەنھا لە ١٠٪ی شۆفێرانی تەکسی لۆگۆ و شریتیان لە ئۆتۆمبێلەکانیان داوە و پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت.
لە لێدوانێكدا سەڵاح جەوھەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم ڕایگەیاند: زیاتر لە ٧٩ ھەزار تەکسی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و لە کۆی ٣٤ ھەزار تەکسی لە ھەولێر تەنھا لە ٢٠٪یان لۆگۆ و شریتیان لێدراوە و ٢٧ ھەزار تەکسیش لە سلێمانی ھەیە و تەنھا لە ٦٪یان لۆگۆ و شریتیان لێدراوە و لە ١٨ ھەزار تەکسی دھۆکیش لە ٥٪یان لۆگۆ و شریتیان لێدراوە، بە كۆی گشتی ١٠.٣٪ تەكسیەكان لۆگۆو شریتیان لێدراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: ماوەی پێنج مانگ لە بەردەم شۆفێرانی تەکسی ماوە بۆ لێدانی لۆگۆ و شریت لە ئۆتۆمبێلەکانیان و ئەگەر تاوەکو یەکی ئاب کارەکانیان تەواو نەکەن، جاری یەکەم ٥٠٠ ھەزار دینار سزا دەدرێن و بۆ جاری دووەم دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.