ماوهی چهند ههفتهیهكه لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە داوەتە سەرۆکایەتی نوێنهرانی عێراق، بەمەبەستی پەسەندکردنی پڕۆژەکە، بهڵام تاوهكو ئێستا كۆبوونهوه ئهنجام نهدراوه، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش رایگەیاند: بەبێ رێککەوتنی پێشوەخت پشکی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا دەنگی لەسەر نادرێت.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشوتری عێراق رایگهیاند: پرسی هەرێمی کوردستان پرسی ماف نییە، چونکە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەوتەکەی خۆی لەرێگای بەغداوە نهفرۆشتووه و، زۆر کێشە هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتیشی: باوهڕناكهم بەبێ رێککەوتنی پێشوەخت پشکی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا دەنگی لەسەر بدرێت و، بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیان وتووم، ئەوان رەتی دەکەنەوە بودجە پەسەند بکرێت، ئەگەر ژمارەی ئەو بەرمیلە نەوتە دیاری نەکرێت، کە پێویسته هەرێم بینێرێت بۆ بەغدا.
مالیكی جەختی لهوهكردۆتهوه، هەرێم لەبەر ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا هیچ بڕە نەوتێکی لە رێگای بەغداوە نەناردووە، ئەوا ناتوانێت داوای هیچ مافێک بکات وەک شایستەی دارایی ساڵانی رابردوو.
جێگهی باسه، لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە داوەتە سەرۆکایەتی نوێنهرانی عێراق، بەمەبەستی کۆبوونەوە و پەسەندکردنی پڕۆژەکە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک یەکێک لەهۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە ناودەبرێت و، لیژنەی دارایی ئهنجومهنی نوێنهرانیش داوایانکردووە سەرۆکی حزبەکان یان سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەکۆبوونەوەیەکەدا ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە.