ئەمە ئەو پرسیارەیە كە چەند ڕۆژێكە لەلایەن چەند هاوڕێیەكی ئازیزمەوە لێم دەكرێت. پێم خۆش بوو دوای دڵنیا بوونەوەی زیاتر لە زانیارییەكان، بە نووسینێك بڵاوی بكەمەوە، تا بگات بە كەسانی تریش. ئەوەش بڵێین خۆی لە ئەسڵدا دوو ڤاكسینن بە ناوەكانی Sinopharm و Sinovac.
-ئەگەرچی بۆ شەخسی خۆم جێی گومان نییە، بەڵام ئەگەر كەسێك گومانێكی هەبێت لەوەی شتی خراپ لە ڤاكسینەكە كرابێت، دەكرێت بەوە دڵنیا بێتەوە كە چین كردبوویە پێشمەرج كە لەو پێنج هەزار ژەمە هەزاری بدرێتە ئەو هاوڵاتییە چینییانەی لە هەرێم دەژین، جا ناكرێت شتی خراپ لە هاوڵاتیی خۆیان بدەن.
- بە شێوەیەكی گشتی تەنها حكوومەتەكان مامەڵە بە پێكوتەوە دەكەن، بۆیە دوو ڕۆژی تر هی باشتر لە بازاڕ دەست ناكەوێت.
- لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووە بەكار دەهێنرێت، تا ئێستا كاریگەریی نەرێنیی زۆر خراپی دەرنەكەوتووە.
- تا ئێستا زیاد لە 43 ملیۆن دەرزی لەو پێكوتەیە لە خەڵكی دراوە.
- لە زیاد لە 27 وڵات بەكار دەهێنرێت، لەنێویاندا چین، دۆمنیك، ئێران، توركیا، ئوردن، لوبنان، بەحرێن.
- لە وڵاتێكی پێشكەوتوو و پڕ ڕەفاهیەتی وەك ئیمارات، ئەم ڤاكسینە وەردەگیرێت.
- هەزاران كەسایەتیی ناودار و دارای وەك محەمەد بن ڕاشد ئال مەكتووم وەریان گرتووە.
- كاریگەرییەكەی 70% بەسەرەوەیە.
- بەڵام تا ئێستا مۆڵەتی بەكارهێنرانی لەلایەن ڕێكخراوەكانی WHO و FDA پێنەدراوە.
- بەهۆی ئەوەی بەپێچەوانەی پێكوتەكانی تر كە ساردكەرەوەی زۆر تایبەتیان دەوێت و زۆر بە ئاسانی تێكدەچن، ئەمەیان وا نییە، بۆیە ئەگەری ئەوەی تا وەری دەگرین تێك چووبێت، زۆر كەمە.
- تا ئێستا عێراق تەنها گرێبەستی لەگەڵ چیندا كردووە، بۆیە تا ئێستا ئەگەری ئەوە نییە هی وڵاتانی تر بكڕێت.
- ئەگەر دەڵێیت تووش بووم و بەرگریم پەیدا كردووە، مەرج نییە بەرگرییەكەت هێشتا مابێت.
- مەڵێ ئەگەر تووش بووم لە خۆمی دەدەم، پێكوتە ڕۆڵی نییە لە چارەسەری نەخۆشیدا، ڕۆڵی هەیە لە ڕێگری كردن لە نەخۆشی.
- ناتوانرێت لە دانی سادەترین دەرمان و چارەسەردا، گەرەنتیی ئەوە بدرێت كەسێك زیانی پێناگات.
- ئەو خانمانەی دووگیانن یان بە نیازی دووگیان بوونن لە ئایندەیەكی نزیكدا یان شیر دەدەنە منداڵ، هەروەها كەسانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ و ئەوانەی بەرگرییان لاوازە، نابێت وەری بگرن.
- وەرگرتنی پێكوتەكە گەرەنتیی تووش نەبوون بە كۆڕۆنات ناداتێ، بەتایبەت لە ڕۆژانی سەرەتادا، بۆیە نابێت ماسك پۆشین و پاراستنی دووریی كۆمەڵایەتی و ... هتد فەرامۆش بكەیت.
- شتێكی ئاسایی و چاوەڕوانكراوە لە هەفتەی یەكەمدا هەست بە (تا، ژانەسەر، ئازار لە شوێنی دەرزی لێدانەكە، ئازاری جومگە، سكچوون و ڕشانەوە، لەرزین و ئازاری ماسوولكە) بكەیت. بەڵام بە مەرجێك ئەو نیشانانە سووك بن، ئەگەر توند بوون، دەبێت ڕاوێژ بە پزیشك بكەیت.
- پێكوتەكە بە دوو ژەم -كە سێ هەفتەیان لەنێواندا بێت- و لەڕێی ماسوولكەوە وەردەگیرێت.
- ئەگەر لە كاتی خۆیدا ژەمەكەی دووەم وەرنەگریت، سوودێكی وا لە پێكوتەكەی یەكەمیش وەرناگریت.
- ئەگەر پێكوتەی تری وەك ئەنفلۆنزای ئاساییت وەرگرتووە، نابێت تا چوار هەفتە، ئەم پێكوتەیە وەربگریت.
- ئەگەر پێكوتەیەكی دیكەی كۆڕۆنات وەرگرتبێت، نابێت ئەمەیان وەربگریت، ئەمەشیان وەربگریت، نابێت ئەوانی تر وەربگریت.
- ژەمی بەردەست لێی كەمە و داواكاریش لەسەری زۆرە، بۆیە كە بەرت كەوت وەرینەگریت، زۆر زەحمەتە جارێكی تر بەرت بكەوێتەوە.
- بەش بە حاڵی خۆم، هێشتا سرەم نەهاتووە، ئەگەر نا هەر زۆر زوو ناوم نووسیوە بۆ وەرگرتنی، سرەم بهاتایە، وەرم دەگرت ئینجا ئەمانەم دەنووسی!