پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە و نەخۆشیەکانی دڵ
ئەوەی ئەم ڕیجیمی خواردنە لەوانەی تر جیا ئەکاتەوە ئەوەیە کە کەسەکە هەست بە برسیەتی ناکات و ناچار نیە ژمارەی کالۆریەکانی هەموو پارچەیەکی خواردن حساب بکات بۆ ئەوەی قەڵەو نەبێت
-کیتۆ بریتیە لە سیستەمێکی خواردنی کەم کاربۆهیدرات و پڕۆتێنی مام ناوەند و چەوری زۆر بۆ ناچارکردنی لەش بۆ بەکارهێنانی چەوری وەکو سەرچاوەی ووزە.
-زۆر لە توێژینەوە تازەکان ئەوەیان دەرخستوە کە کیتۆ دایت جگە لە دابەزاندنی کێش هەروەها سوودی تری زۆرە بۆ جەستە و عەقڵ و چارەسەری زۆر لە نەخۆشیەکان.
کیتۆ دایت چیە؟
ئەم سیستەمی خواردنە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو بۆ چارەسەر کردنی گەشکەی مناڵ بەکار ئەهات ، کە دوایی پزیشکان تێبینی کاریگەرە خێرا و بەسوودەکەیان کرد بۆ دابەزاندنی کێشی لەش.
لەم ڕێجیمەدا پێویستە ۷۰-٨٠٪ی خواردن چەوری بێت، ٢٠-٢٥٪ی پڕۆتین و تەنها ١٠-١٥٪ کاربۆهیدرات بێت.
ناوی کیتۆ لە کیتۆن Keton ەوە هاتوە کە بریتین لە پێکهاتەی بچوکی ووزەی ناو خانەکانی لەش.
سەرچاوەی سەرەکی وزەی لەش شەکری گلوکۆزە (کاربۆهیدرات).
کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر کاربۆهیدرات ناخۆی ئەوا لەش بیر لە بەدیلێکی تری ووزە ئەکاتەوە، ئەویش کیتۆن ە. ئەم کیتۆنە لە چەوری زیادەی لەش پێک دێت و لە جگەر و ماسولکەکان خەزن ئەکرێ.
کە شەکر ناخۆی، لەش چەوری ناو جگەر و ماسولکە بەکار ئەهێنێ بۆیە کێشی لەشت کەم ئەکات!
-ئەو خواردنانەی بۆ کیتۆ ئەگونجێن چین؟
هەموو جۆرەکانی گۆشت، پەنیر ، کەرە، هێلکە، چەوری سروشتی (وەکو ڕۆنی کوردی)، زەیتی زەیتون.
ئەو سەوزانەی لەسەر زەوی ئەڕوێن: وەکو تەماتە، خەیار، کاهوو، زەیتون، باینجان، قەرنابیت، بروکلی، بیبەری شیرین و توون، ئەڤۆگادۆ، سپێناخ، فاسۆلیای تەڕ.
چەرەزاتەکانی وەکو گوێز و گوڵەبەڕۆژە و فستەق و بندق و ناوکەکولەکە و بادەم و لووز بڕێکی کەمیان لە کاربۆهیدراتیان تیایە، لە کیتۆیا ڕێگەپێدراون.
هەندێ خواردن هەیە بڕێکی مام ناوەندی کاربۆهیدراتی تیایە بۆیە پێویستە کەم بخورێن وەکو: گێزەر، پیاز، چەوەنەر.
ئەو خواردنانەی نابێت لە کیتۆ دایت بخورێن چین؟
ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر کاربۆهیدراتی تیایە بۆیە نابێت بخورێن وەکو: نان، برنج، پەتاتە، مەعکەڕۆنی، گەنمەشامی، شەکر، شیرینی، کێک و بسکیتی گەنم، نەستەلە، پاقلەمەنیەکان، نیسک.
زۆربەی میوەکان بڕێکی زۆر شەکریان تیایە بۆیە وا باشە زۆر نەخورێن بەتایبەتی مۆز و ترێ و سێو و پرتەقاڵ و ئەناناس.
ئەو شلەمەنیانەی بۆ کیتۆ گونجاون بریتین لە ئاو (خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو زۆر گرنگه بۆ کیتۆ دایت)، چا و قاوەی بێ شەکریش گونجاون بۆ کیتۆ، بەڵام شیر و شەربەت و خواردنەوە گازیەکان و خواردنەوە کحولیەکان گونجاو نین بۆ سیستەمی کیتۆ.
وا باشە لە ڕۆژێکدا ٥۰ گرام زیاتر کاربۆهیدرات نەخورێت.
"بەهیوای لەشساغی بۆ هەموو لایەک"