یاسای دادگای فیدراڵی تەڵەیەکی گەورەو ترسناک
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یاسای دادگای فیدراڵی تەڵەیەکی گەورەو ترسناک

 

دادگای فیدراڵی ئێراق کە لەدەستوردا ماددەکانی(92,93,94)ی بۆتەرخانکراوە ، یەکێکە لەگرنگترین و هەستیارترین دامەزراوە فیدراڵیەکانی ئێراق و دەسەڵاتەکانی زۆرو گرنگن و بەپێی مادە ٩٤ی دەستوریش بڕیاڕەکانی یەکلا کەرەوەو پابەند کەرن ( قراراتها باتە وملزمە)..

پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی کە لە دوا ڕۆژو ساتەکانی پەسند کردنیدایە لە ئەنجومەنی نوێنەران،

سەرکردایەتی سیاسی کوردو نوێنەرانی کوردی لەبەغدا ،خستۆتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی یەکجارگران و قورسەوە ، ئەگەر بەخۆیان بزانن.

جا ئەگەر زۆر وریانەبن و ڕێگە بدەن یاساکە بەپێی خواستی برا شیعەکان پەسند بکرێ ، ئەوە ئەنجام و لێکەوتەکانی لەداهاتودا زۆر مەترسیدار ئەبێ بۆ پێکهاتەکانی دیکە بەگشتی و کورد بەتایبەتی لەئێراق ، بەتایبەتی تریش پرسی مادەی ١٤٠ و شایستە داراییەکانی کوردستان و زۆر شتی دیکەش .

خۆشبەختانە لە بڕگەی دووەمی ماددە ٩٢ی دەستوردا هاتووە ،کە (ئەم یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دوولەسەرسێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەردەکرێت) .

کەئەمە ڕێگرییەکی باشە لە بەردەم زۆرینەی شیعە ،کەبەئاسانی یاساکە تێپەڕێنن.

خاڵی سەرەکی جێناکۆکی نێوان پێکهاتە سەرەکیەکان (شیعەو سوننەو کورد) لەپڕۆژە یاساکە ،ئێستا پێکهاتەی دادگاکەیە + شێوەی بڕیاردانی دادگا..

شیعەکان دەیانەوێ ڕێژەی شیعە لە پێکهاتەی دادگاکە زیاتر کەن ، لەسەر حسابی ئەوانی تر ، هەروەها دەیانەوێ بڕیارەکانی دادگا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ ٢/ ٣ بێت ،نەک بەکۆی دەنگ وەکو خولی پێشوو..

زۆرگرنگە سەرکردایەتی سیاسی کورد بچێتە سەرخەت بۆ پاڵپشتی نوێنەرانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق بۆ ئەم پرسە گرنگە،کەبەداخەوە ئەو بایەخە هەست پێناکرێ، وەکو بۆ پڕۆژەیاسای بووجە هەیانە.

پێویستە کورد بۆئەم مەبەستە لەگەڵ کوتلە سوننەکانیش هەماهەنگی بکات ، چونکە گۆڕینی یاساکە بەو ئاراستەیە ، زۆرترسناکەبۆهەردولا وبۆ پێکهاتەکانی تریش، ڕەنگە مانایەک بۆ ئەو بنەمایانەی کەپێیان دەوترێ ( تەوافوق و شەراکەت و تەوازون) و ئێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە ،نەمێنێ.

دوپاتی دەکەمەوە کە ئەم دادگایە دەسەڵاتەکانی زۆرن و زۆرگرنگە کورد هەموو تواناکانی بخاتە گەڕ بۆئەوەی پێکهاتەو دەسەڵات و بڕیارەکانی یاساکە بەجۆرێک بێت کەدەوڵەتی ئێراق بەتەواوی نەخاتە ژێر ڕکێفی پێکهاتەیەکەوەو لایەنەکانی دیکە پەراوێز بخرێن.

نابێ کورد بەهیچ شێوەیەک و لەبەرهیچ دەسکەوت و ڕێککەوتنێک مساوەمە لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە بکات .

پێویستە فراکسێونە کوردەکان یەکڕیزی و یەکدەنگی خۆیان بپارێزن و هەوڵ بدەن سوود لە پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانی تریش وەرگرن،وەک خاڵی هاوبەشی نێوانیان.

هەروەها گرنگە سەرکردایەتی کورد هەموو توانایەکی خۆی و پەیوەندییەکی بەکاربێنێت و حزبەکان ناکۆکیەکان بەلاوەبنێن ولەم پرسەدا یەکدەنگ بن و هیچ لایەنێک ئامادە نەبێت مساوەمەی لەسەربکات ، تەنانەت بەرامبەر پەسندکردنی یاسای بوجەی ٢٠٢١ بە شایستە داراییەکانی کوردیشەوە، کە دیارە گوشارێک هەیە بۆئەوەی لەگەڵ پڕۆژە یاسای بووجەدا بکرێتە پاکێجێک و ئەولایەنانە ڕێگەنەدەن یاسای بووجە تێپەڕێنرێت ،تا یاسای دادگای فیدرالی تێنەپەڕێنرێت .

ئەبێ ئەوەش بزانین کەیاسای بووجە کاتیە و بۆ ساڵێکەو یاسای دادگای فیدراڵی هەمیشەیی و درێژخایەنە.

 

هه‌واڵی گرنگ