جیاوازیی کۆڕۆناى گۆڕاو لەگەڵ ئەوەى پێشوو چییە؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جیاوازیی کۆڕۆناى گۆڕاو لەگەڵ ئەوەى پێشوو چییە؟

وەک چۆن مرۆڤ بەردەوام بەدواى دۆزینەوەى ڕێی تازەیە بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و لەناو بردنى میکرۆبەکان، ئاوا ئەوانیش هەوڵ دەدەن ڕێی نوێ بدۆزنەوە بۆ خۆ پاراستن لە دەستى مرۆڤ! ئەمەش لەڕێی هەندێک گۆڕانکارییەوە کە بەسەر خۆیانى دەهێنن، بۆ ئەوەى بەئاسانى نەناسرێنەوە، بەمەش دەوترێت (بازدان-Mutation).

لەنێو میکرۆبەکاندا ئەمە زیاتر لەناو ڤایرۆسەکاندا باوە، یەکێک لەو ڤایرۆسانەى کە زوو زوو خۆى دەگۆڕێت ڤایرۆسی (ئەنفلۆنزا)یە، هەر بۆیە ساڵانە ڤاکسینى نوێیان بۆ بەکار دەهێنرێت.

ڤایرۆسی کۆڕۆناش وەک یەکێک لە ڤایرۆسەکان، هاتووە بۆ ئەوەى بمێنێتەوە، بۆیە دواى دۆزرانەوەى چەند ڤاکسینێک، ئێستا هەندێک گۆڕانى بەسەردا هاتووە، گۆڕانەکانیش لەو پڕۆتینانە ڕوویان داوە کە وەک دڕک بەسەر ڕوویەوەن.

تا ئەم ڕۆژانە لە هەر یەک لە بەریتانیا، ئەفەریقاى باشوور و بەڕازیل سێ جۆری نوێی جیا جیاى کۆڕۆناى گۆڕاو دەرکەوتبوون، تا ئەوەى دوێنێ (12/3) جۆرێکى تر لە ژاپۆن دەرکەوت.

بە دووریش نازانرێت هى تریش بەدەر بکەون. بەڵام جێى خۆشحاڵییە کە گۆڕانەکان تا ئێستا بە شێوەیەکى وا ڕوویان نەداوە کە جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەڵ ئەوەى ساڵى پاردا هەبێت، بۆیە ئەو ڤاکسینانەى دروست کراون، بە ڕێژەى 95%ى کاریگەرییان لەسەر ئەوەى پێشوو، کاریگەرییان لەسەر ئەم جۆرە گۆڕاوەش هەیە، کە ئەمە تا ئێستا گرینگترین خاڵى هێزى مرۆڤایەتییە لە دژیان.

ئەو جیاوازییانەى ئەم جۆرە گۆڕاوە لەگەڵ ئەوەی پێشوو کە تا حاڵى حازر بە لێکۆڵینەوەى زانستى سەلمابێت، بریتین لە:

1. خێراتر دابەش دەبێت و ژمارەیان زیاد دەکات

2. خێراتر و زیاتر لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر دەگوازرێتەوە و بە کۆمەڵدا بڵاو دەبێتەوە، کە ئەمە گرینگترین خاڵە بووەتە هۆى دڵەڕاوکێ ئیتر جگە لەوانە، هیچ خاڵێکى تر نەسەلمێنراوە، وەک ئەوەى نەخۆشییەکە توندتر یان کوشندەتر بێت. ڕێگەکانى خۆپارێزییش لێی هەر هەمان ئەوانەى پێشوون، جگە لەوەى کە پێویستە زیاتر پابەندی لە دووریی کۆمەڵایەتی بکرێت (چونکە زیاتر لە نەخۆشەوە بۆ ساغان دەگوازرێتەوە)، هەر وەک پێویستە گەنجان و مێردمنداڵان زیاتر ئاگایان لە خۆیان بێت (چونکە لەوەى پێشوو زیاتر دەیانگرێتەوە).

د. زانا ئەحمەد

پزیشکى پسپۆڕى هەناو

 

هه‌واڵی گرنگ