بەهار، مژدەی ژیانێكی نوێی پێیە..
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەهار، مژدەی ژیانێكی نوێی پێیە..

هەوای شنەی بای نەسیم دیارە
مەعلومە وادەی گوڵ و گوڵزارە ـ قانع ـ
لەكۆتا ڕۆژی وەرزێكداین كە شكست و ساردی بست بست باڵای دەكرد، لەئێستادا هاتنی یەكەم ڕۆژی وەرێكی نوێ بەڕێوەیە، وەرزی بەخۆدا چوونەوەو ژیانەوەو هەستانەوە، وەرزی چاكسازی ناخ و دەروون و دەوروبەر، نۆبەی ئەوەیە ژیانێكی نوێ دەست پێ بكەینەوە، ئەویش ژیانی نێو وەرزی بەهارە.
لەدەلاقەیەكی ترەوە یەكەم ڕۆژی بەهار نەورۆزە، كە بۆنەیەكی تایبەتەو كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی تر دیدو تێڕوانینی تایبەتی خۆی هەیە بۆ نەورۆز و یادی دەكاتەوە، ئەگەر چی ڕای جیاواز هەیە لەسەر خودی بۆنەكە، بەڵام هەرچۆنێك بێت نەورۆز هاوتایە لەگەڵ یەكەم ڕۆژی وەرزی بەهار، دڵ و دەروون شاد دەبێت بە وەرزێكی نوێ دەتوانین لەم گۆشە نیگایەوە بڕوانین بۆ ئەم یادە كە هاتنی وەرزێكی نوێیە، جیاواز لە وەرزەكانی ساڵ، بەهار تایبەتمەندی خۆی هەیە، نیشانەی دەرباز بوونە لە وەرزی زستان، كەوەرزێكی سارد و سەرمایە. بەهار وەرزی گوڵ و گیاو بوژانەوەی دارودرەخت و ڕووی زەمینی سروشتی نیشتمانە، وەرزی زیندووكردنەوەی ڕۆح و گەشت و سەیرانە، وەرزی بە بادانی خەم و پەژارەیە. دەبێت لەم دیمەنانەی ناو بەهار فێربین، كاتێك دەبینین هاتنی بەهار دەبێتە هۆی بووژانەوەی دارو درەخت و ژیانەوەی كەژو كێوەكان، دەبێت مرۆڤی باوەڕدار بەخۆدا چوونەوە بە خۆیدا بكاتە دەسپێكی ژیانی نوێ و پەیمانی بەندایەتی لەگەڵ خوای پەروەردگاردا نوێ بكاتەوە، خۆی بۆ وەرزێكی تری لە تەمەن ئامادە بكات و گەشتی ڕۆح بە نوێژو پەرستشەكان ئەنجام بدات. گۆڕانی سات و چركەو ڕۆژ و وەرزەكانی ساڵ، دەبێت كردەوە خراپەكان بگۆڕێت بۆ كردەوەی جوان و باش، بەهار وەرزی جوانی پۆشی زەوی وزارە بە دیمەنی ڕەنگاوڕەنگ، دەبێت مرۆڤی پەیامدار بە ڕەوشتە جوانەكان و بەسوننەتە شیرینەكانی پێغەمبەری لەدڵا شیرین خۆی بڕازێنێتەوە، دەبێت بەرگی كاروكردەوە خراپەكان لەخۆی دابڕنێت و لەجێگایدا بەرگی تەقواو ئیمان بپۆشێت. بەهار كاتی تەقینی سەرچاوەی ئاوو كانیاوەكانە، دەبێت مرۆڤی خواناس كانیاوی فرمێسكی چاوی هەڵقوڵێت، بەسیمایدا جۆگەلە ببەستێت، ڕۆژەكانی بەهار خۆرەتاوو دڵ ڕفێنن، دەبێت دڵی مرۆڤی باوەڕداریش گڕ بگرێت و كردەوەباشەكانی بەرەو لای خوا بیڕفێنن، بە نووری ئیمان ڕووناكی ناو دڵ داگیرسێنن. بەهار كاتی كۆچی گەرمیان و كوێستانی كۆچەری و باڵندەكانە، مرۆڤی تەوبەكاریش دەبێت كۆچ لە خراپەوە بۆ چاكە بكاتە نیشانە، لەو شوێنانەوە كە خراپەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو كۆڕو مەجلیسانەی زیكر و یادی خوای تێدا دەكرێت. بەهار كاتی گەشت و سەیران وسەفایە، پێوستە مرۆڤی سائیحون گەشت بكات بۆ ناو قورئان و بە دیمەنەكانی ناو قورئان ڕۆحی تێراو بكات تا سەفا جێگای جەفا بگرێتەوە. لەبەهاردا درەختەكان پێكەوە سەوز دەبن، هەربۆیە ئێمەش پێكەوە جوانین و دەبێت لەوانەوە فێری كاری دەستە جەمعی ببین. بەهار مژدەی خۆشی و شادی پێیە بۆ مرۆڤەكان، پێویستە لەناو ئەو مرۆڤانەدا، مرۆڤە باوڕدارەكان خاوەن پەیام و پەروەرشیارەكان، مژدەی ژیانێكی نوێ بدەن بەخۆیان و بەگشت جیهان، بەهێزی بیركردنەوەو قوڵبوونەوە و ووردبوونەوە و تێڕامان كاری باش بەرهەمبێنن، هەر لەم دونیا موژدەی سەركەوتنی ئەودونیا بۆ خۆیان بەدەست بێنن.
نەورۆزتان پیرۆز بێت، هەمیشە لەبەهاری گوڵان و دڵاندا بژین.

 

هه‌واڵی گرنگ