ئەگەر غودەتان تەمبەڵە زوو چارەسەری بكەن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەگەر غودەتان تەمبەڵە زوو چارەسەری بكەن

 

 

هەركاتێك غودەی تەمەڵ (سستی غودەی دەرەقی) دەستنیشان كرا پێویستە زوو چارەسەر بكرێ ئەگەرنا كۆمەڵێك گرفتی تەندروستی تووشی نەخۆشەكە دەكات.

(د. داهات جەمال حەوێزی) پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە ئەو مەترسییانە ڕوون دەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەدات كە گەورەبوون و ئاوسانی غودەی دەرەقی لە بەشی پێشەوەی مل لەوانەیە ببێتە هۆی ناڕەحەتی و هەناسە تووندی و گران قوتدانی خواردن، جگە لەوەی لەڕووی شكڵەوە ناشرین دەبێت هەر بۆیە چارەسەر نەكردنی غودەی تەمەڵ لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی چەوری دڵ و چەوری سەرجگەرو گیرانی بۆڕیەكانی دڵ و گرژبونی ماسولكەی دڵ و بەرزبوونەوەی زەخت و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ و سست بوونی دڵ.

(د. داهات جەمال) دەشڵێت: یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی قەڵەوی بریتیە لە غودەی تەمەڵ و ئەگەر كەسەكە هەوڵی خۆلاوازكردنیش بدات، ناتوانێ تاكو چارەسەری غودەكەی نەكات، پشتگوێ خستنی چارەسەری لەو كەسانەی غودەی تەمەڵیان هەیە لەوانەیە دایمە هەست بە ئاوساوی قاچ و ڕووخسارو سڕبوون و مێرولە كردنی پەلەكان بكەن.

(د. داهات جەمال) ئاماژە بەوەشدەدات كە: غودەی تەمەڵ لەوانەیە ببێتە هۆی نەزۆكی لە ئافرەتان و پیاوان، ئافرەتانی سكپڕ ئەگەر چارەسەری غودەی تەمەڵەكەیان نەكەن لەوانەیە ببێتە هۆی تێكچونی ئەندامەكانی جەستەو لەدایكبوونی پێشوەخت و لەبارچوون.

ئەو پزیشكەیە جەختدەكاتەوە كە غودەی تەمەڵ پێویستە چارەسەر بكرێ، چونكە دەبێتە هۆی هەندێ حاڵەت درێژخایەنی وەكو كەم خوێنی و قەبزی و قژەڵوەرین، ئەگەر كەسی نەخۆش چارەسەر وەرنەگرێ لەوانەیە ببێتە هۆی زۆر خەوی و تێكچوونی میزاج و دڵتەنگی و خەمۆكی.

(ئەژین عەبدولڵا – هەولێر)

 

هه‌واڵی گرنگ