چۆن منداڵەكەت فێربكەیت شەوانە زوو بخەوێت ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چۆن منداڵەكەت فێربكەیت شەوانە زوو بخەوێت ؟؟

 

 

1. شەوانە نوستن لە هەمان كاتدا وادەكات منداڵەكە ڕابێت و لەكاتی خۆیدا بخەوێت، هەوڵ بدە جیاوازی كاتی نوستنی لەهەموو شەوێكدا زیاتر نەبێت لە سەعاتێك.

2. شوێنی نوستنی كەمێك تاریك بێت یان ڕوناكیەكی زۆر كەم هەبێت، بەڵام با بەتەواوی تاریك نەبێت ئەگەر هەستت كرد منداڵەكەت لەتاریكی دەترسێت.

3. نزیكەی كاتژمێرێك بەر لەخەوتن نابێ سەیری مۆبایل و ئایپادو هیچ شاشەیەك بكات وە هەرگیز لەژووری خەوتنی منداڵ تی ڤی دامەنێن.

4. باشترە بەڕۆژ نەخەوێت ئەگەر تەمەنی زیاترە لە سێ ساڵ.

5. ئەگەر بكرێت هەوڵ بدە منداڵەكەت ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر یان كاتژمێرێك لەدەرەوەی ماڵ و لەشوێنێكی كراوە یاری بكات وەكو باخچە یان پاڕكی ناو گەڕەكەكان.

6. مەهێڵە منداڵەكەت بەبرسیەتی بخەوێت دەتوانی بەر لە خەوتن شیری پێ بدەی یان پارچە كێكێكی سادە و پێنەدانی خواردنی قوڕس و چەور دوو كاتژمێر بەر لە خەوتنی.

7. زۆر گرنگە دایك و باوك هەوڵ بدەن خۆیان ڕابهێنن زوو بخەون یان بەلایەنی كەم ئەو كاتژمێرەی دەیانەوێ منداڵەكە بخەوێنن ڕووناكی ماڵەكە زۆر كەم بكەنەوەو تی ڤیەكان بكوژێننەوە تاكو منداڵەكەش بەئاسانی ڕازی بكەن بچێتە جێگەی نوستنی خۆیی و كەشێكی هێمنی بۆ بڕەخسێت، بێگومان ئەگەر دایك و باوك زۆر درەنگ بخەون چاوەڕێی ئەوە ناكرێت منداڵەكانیان فێری زوو نوستن ببن.

8. زانست ئەوەی سەلـماندووە كە بەشی هەرە زۆری هۆڕمۆنی گەشە لە سێیەكی شەو دەردەدرێت كە باشتر كاری خۆی دەكات ئەگەر منداڵەكە خەوتبێت، بۆیە منداڵەكەت بێبەش مەكە لەو هۆڕمۆنە گرنگە.

9. ئەگەر ئێستاش منداڵەكەت شەوان زۆر درەنگ دەخەوێت هەوڵ بدە بەرە بەرە فێری بكەیت بۆ نمونە هەر هەفتە یان دەڕۆژ جارێك پانزە یان بیست خولەك زووتر بچێتە سەر جێگاكەی خۆی تاكو بەتەواوی ڕادێت، چونكە ئەگەر منداڵێك وا ڕاهاتبێت هەموو شەوێك كاتژمێر دوانزە بخەوێت زۆر زەحمەتە بتوانیت بەماوەی چەند ڕۆژێك فێر بێت زوو بخەوێت و دەبێت ئارامگر بیت لەگەڵیدا.

(د. پەروین موحەمەد رەسول – پزیشكی پسپۆڕی منداڵان)

 

هه‌واڵی گرنگ