وەرزش بۆ منداڵ لەڕووی زانستی پزیشكیەوە زۆرترین سوودی هەیەو زانایان لەوباوەڕەدان كە وەرزش وەك خەوو خۆراك بەسوودە بۆ منداڵ.
گرنگترین سوودەكانی وەرزش لەڕووی زانستیەوە:
1. هێزو توانای جەستەیی منداڵ زیاد دەكات.
2. باشترین یارمەتی دەری منداڵە بۆ داهێنان و لێهاتوویی منداڵ دەردەخات.
3. وادەكات منداڵ پشت بە خۆی ببەستێ و هەست بە بوونی خۆی بكات.
4. پەروەردەیەكی باشی منداڵ بەهۆی وەرزشەوە بەدی دێت.
5. پەیوەندی كۆمەڵایەتی منداڵ بەهێز دەكات و هاوڕێیەتی گشتگیر دروست دەكات.
6. بیرو هۆش و عەقڵی منداڵ بەهێزو ڕۆشنتر دەكات.
7. باشترین هۆكاری ئارامكردنەوەی دەروونی منداڵە.
پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بەهەموو شێوەیەك هانی موسڵمانان دەدات منداڵەكانیان فێری وەرزش بكەن و خۆشیان هاوبەشیان بكەن.
لە فەرموودەیەكدا خۆشەویست دەفەرموێ (منداڵەكانتان فێری مەلەوانی و نیشانە شكێنی و سوارچاكی بكەن).
هەروەها لەگەڵ (حەسەن و حوسێن) ی نەوەی بەهەموو شێوەیەك یاری و وەرزشی كردوە و هاوبەشیان بووە، جابر خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە پێغەمبەر ( درودی خوای لەسەر بێت) لەسەر دەست و پێكانی دەڕۆیشت و حەسەن و حوسێن لەسەر پشتی بوون و یاریان دەكرد، لەچەندین بۆنەو شوێندا منداڵانی بینیوەو یاری و وەرزشیان كردوە یان خۆشی چۆتە لایان و هاوبەشی كردوون یاخود هانی داون و ویستویەتی بەردەوام بن.
تكایە دایك و باوكان وەرزش و یاری منداڵان بكەنە بەرنامەی سەرەكی و خۆشتان هاوبەشیان بكەن.
وەرزش كردن باشترین یارمەتی دەرو هۆكارە بۆ ئەوەی منداڵ خۆراك بخوات و خەوی قوڵی هەبێت.
(د. موحەمەد حەسەن – پسپۆڕ لەنەخۆشیەكان و گەشەی منداڵ)