ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لانیكەم شەش بەندكراوی كورد لەسێدارەدراون.
لەمبارەیەوە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ یەكشەممە 4-4-2021 بڵاویكردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی لانیکەم شەش بەندکراوی کورد کە دوو کەسیان برا بوون.
ئاماژە بەوەشكراوە كە سەرجەمیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکان سزاكەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.
ڕێكخراوەكە ناسنامەی بەندكراوەكانی بڵاوكردووەتەوە:
1- ئەحەد حەبیب وەند خەڵکی ئورمیە
2- مستەفا نەسیرخا خەڵکی سەڵماس
3- ئیبراهیم نەسیرخا خەڵکی سەڵماس (برای مستەفا)
4- محەمەد کەریم محمودی خەڵکی شنۆ
5- سادق مەهمی خەڵکی ئورمیە
6- میرسولتان ئەمیری خەڵکی شنۆ
ئەوەش خراوەتەروو كە ئەم شەش کەسە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بنەماڵەکانیان دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دابوون.